دوا بەدوای دەرچوون و پەسەندكردنی یاسای وەبەرهێنان لە هەر وڵاتێكدا، دوو كاری تر ئەنجام دەدرێن، یەكەمیان یاسای پاراستنی ژینگەیە كە دەبێت پێش یاسای وەبەرهێنان بكەوێت، دووەمیان یاسای بنیاتنانی شاری پیشەسازییە كە دەبێت لەدوای یاسای وەبەرهێنان بكەوێت، دووەمیان یاسای بنیاتنانی شاری پیشەسازییە كە دەبێت لەدوای یاسای وەبەرهێنان یەكسەر ئامادەبكرێت، چونكە لەگەڵ ئەم پەسندكردنی یاسای وەبەرهێنانەدا یەكسەر كۆمپانیا بیانییەكان و سەرمایەدارانی ناوخۆ دەكەونە خۆئامادەكردن بۆ دامەزراندنی كارگە و دەستكردن بە پڕۆژەكانیان، بۆیە لەم حاڵەتەدا دەبێت شارێكی پیشەسازیی یان زیاتر بنیات بنرێت لەهەر هەرێم و وڵاتێكدا لەبەر ئەم هۆیانەی لای خوارەوە:
١- رێگرتن لەپەرش و بڵاویی كارگەكان.
٢- كەمكردنەوەی پیس بوونی ژینگە، لە ڕێگەی كردنەوەی كارگەكان لەشارێكدا و دوورخستنەوەیان لە دانیشتوانی شارەكان.
٣- دۆزینەوەی هەلی زیاتری كاركردن بۆ بێكاران.
٤- بەئاسانی خزمەتگوزاریی پێویست لەشارێكدا دابین دەكرێت بۆ كارگەكان.
٥- كارگە جۆرا وجۆرەكان بەهۆی بوونیان لە شارێكی پیشەسازیدا ئاسانتر كاری یەكتر تەواو دەكەن.
٦- كەمكردنەوەی تێچووی باركردن و گواستنەوە و هەڵگرتنی بەرهەمی كارگەكان.
٧- كەمكردنەوەی تێچوون و زیادكردنی قازانج بەكەمترین تێچوون.
لەشاری پیشەسازیدا كە دەبێت رووبەرێكی زۆر گەورەی بۆ دابین بكرێت، پێویستە ئەم خزمەتگوزاریانە هەبن بۆ تەواوی سەدان كرێكار و فەرمانبەر و ئەندازیارانەی كە لەوێدا كاردەكەن، وەك:
دەزگای بەرگری شارستانی، بنكەی پەیوەندیی نێودەوڵەتیی، بانك، بنكەی پۆستە و گەیاندن، چێشتخانە، هۆتێل، بەنزینخانە، مزگەوت و پەرستگا، سەنتەری تاقیگەی ژینگەیی، تۆڕی رێگاوبانی باش، خزمەتگوزارییە سەرەكییەكانی وەك ئاو، كارەبای بەردەوام، وێستگەی چارەسەركردنی پاشماوەی كارگەكان، ئاوەڕۆ، سەنتەری بازرگانی و شوێنی حەوانەوە، باخچە و پشتێنەی سەوز، سەنتەری كارگێڕیی ... هتد.
هەروەها جۆری ئەو كارگانەش دەكرێت پۆلێن بكرێن بۆ كارگەكانی بەرهەمهێنانی چیمەنتۆ و مەڕمەڕ و سیرامیك و كاشیی و نیكل و مس و كانزاكانی تر و ماددە كیمیاییەكان و پلاستیك و نایلۆن... هتد.
قەبارەی ئەو كارگانەش دەكرێت لەهەرسێ ئاستی گەورە و مامناوەندی و بچووكدا بن.
سەبارەت بەشوێنی ئەو شارە پیشەسازییەش پێویستە رەچاوی ئەم خاڵانەی خوارەوەی تێدا بكرێت:
تۆبۆگرافیای ناوچەكە، ئاڕاستە و جوڵەی با، دووریی لەدانیشتوانەوە، كارنەكردنە سەر شوێنەكان، ژێرخانی باش لەبوونی پێداویستییە سەرەكییەكان، دووری لەزەوی و زارە كشتوكاڵییەكان، دووربوون لەڕێڕەوی رووبارو سەرچاوەکانی ئاو ، دووربوون لە ناوچەی ئاسەواریی، لەسەر تەوەری شاڕێگە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان بێت، نزیک بێت لە ناوچە سنوورییەکان بۆ کاراکردنی ئاڵۆگۆڕی بازرگانیی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێدا و... هتد.
بۆ دامەزراندنی شاری پیشەسازی، هەماهەنگی نێوان وەزارەتەكانی ژینگە و پیشەسازی و شارەوانی بەلای كەمەوە زۆر پێویستە، چونكە شاری پیشەسازیی پێداویستیەكی سەردەمە و هەردەبێت بنیات بنرێت و شارەكانیش لەناوچەی پیشەسازی رزگار بكرێن.