پەڕەی فەیسبووکی ماڵپەڕی ژیانت
Facebook.com/ZhingaParezan

مرۆڤ و هۆشیاری ژینگە

بابەتی هۆشیاری هاوڵاتیان لە ئاست پاراستنی ژینگەدا، بابەتێکی دوو جەمسەرییە لە نێوان دوالیزمەی یاسا و ڕۆشنبیریدا، بە مانایەکی دی ئەم مەسەلەیە بەم پرسیارە دەستی پێ کردووە: ئایا یاسا هۆشیاری دروست دەکات، یان هۆشیاریی، یاسا بەرهەم دەهێنێت؟
لە دوای چەندین ساڵ لێکدانەوە و شرۆڤەکرن، ئێستا دەڵێن: یاسا و ڕۆشنبیری پێکەوە دەتوانن ئاستی هۆشیاری تاک و کۆمەڵگە بەرز بکەنەوە و بۆ ئەو ئاستەی کە هاوڵاتی هەست بە لێپرسراوێتی خۆی بکات لە بەرامبەر ژینگەوە سەبارەت بە یاسا ئەرکی دەوڵەتە کە لە ڕێگەی دەزگا پەیوەندیدارەکانەوە پڕۆژە یاسایەک ئاڕاستەی ئەنجومەنی یاسادانان بکات بۆ پەسەندکردنی و پاشان کارپێکردنی، چونکە سەرەتای هەڵمەتی هۆشیاریی پێویستی بە بوونی یاسایەک هەیە بۆ دوو مەبەست بە لای کەمەوە: یەکەم- دیاریکردنی ئەرکی هەرکەس و لایەنێک. دووەم- ئاگادارکردنەوەی هەرکەس و لایەنێک لەو سزایانەی کە ڕووبەڕوو دەبێتەوە لە حاڵەتی سەرپێچیکردنی بڕگە و ماددەکانی ئەو یاسایەدا. لێرەوە یاسا دەبێتە سەرەتایەکی باش بۆ دروستکردن و داڕشتنی هۆشیارییەکی ژینگەیی لای هاوڵاتیان. دوا جار ئەرکی ڕێخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و دەزگاکانی ڕاگەیاندن دێتە پێشەوە لە خستنەڕووی ئەو یاسایە و لێکدانەوە و شرۆڤەکردنی بڕگە و ماددەکانی بۆ جەماوەر، بۆ ئەوەی هاوڵاتیان هۆشیاریی یاساییان بۆ دروست بێت لە بارەی ژینگەوە، لێرەدا ڕێکخراوەکانی تایبەت بە ژینگە و، ڕاگەیاندنی وەزارەتی ژینگە و ڕێخراوەکانی دی، دەتوانن ڕۆڵی بەرچاویان هەبێت شانبەشانی دەزگاکانی پەیوەندیدار بۆ خستنەڕووی یاسای ژینگەپارێزیی، دواتر دەتوانین بڵێین ئەرکی هاوڵاتی ئاسایی دێتە ئاراوە کە ئەوسا لەبەر ڕۆشنایی یاسا و، پاشان هۆشیاریی یاساییدا دەتوانین ئەرک و لێپرسراوێتییەکانی خۆی بزانێت و ئاگاداری پێکهێنەرەکانی ژینگە بێت لە ئاو و هەوا و خاک و... ئەرکی هاوڵاتی و لێپرسراوێتی هاوڵاتی خاڵێکی سەرەکییە لە پاراستنی ژینگەدا لە گشت وڵاتانی جیهاندا، بەڵام بە مەرجێک پێشتر دەوڵەت و ڕێکخراوەکان ئەرکی خۆیان بەجێ بهێنن لە بارەی:
۱- ئامادەکردن و پەسەندکردنی یاسای پاراستنی ژینگە.
۲- ڕوونکردنەوە و شیکردنەوەی یاسای پاراستنی ژینگە.
۳- زانینی ئەرکەکان لە لایەن کەس و لایەنەکان.
٤- زانینی ئەو سزایانەی کە ڕووبەڕووی هەرکەس و لایەنێک دەبێتەوە لە حاڵەتی سەرپێچیکردن لە یاساکەدا لە بڕگەیەک یان ماددەیەک لە ماددەکان.
٥- بەردەوامیی پەیوەندی نێوان دەزگاکان و هاوڵاتیان لە ڕێگەی جیاجیاوە سەبارەت بە هۆشیاریی یاسایی. ئەوسا دەتوانین بڵێین کە هۆشیاریی یاسایی، هۆشیاریی ژینگەیی بەهێز دەکات و هۆشیاریی ژینگەییش، یاساکان باشتر دەکات.