پیسبوونی هەوا
مرۆڤ هەر لەو کاتەوە کە ئاگری بەکار هێناوە دەستی بە پیسکردنی هەوا کردووە، شۆڕشی پیشەسازی بە دووکەڵە خۆڵەمێشییەکەی ئەم پیسبوونەی زیاتر کرد.
پیسبوونی هەوا کاتێک ڕوو دەدات ئەگەر گۆڕانکاری لە پێکهاتەی سەرەکی هەوا ڕوو بدات و پیکهاتەی تر تێکەڵی هەوا بێت، بەمەش هەوا پیس دەبێت و زیان بە زیندەواران دەگەیەنیت. لە ئەنجامیشدا ئەو پێکهاتە زیانبەخشانەی تێکەڵ بە هەوا دەبن، لە ڕێگەی (هەناسەدان، خواردن و پێست)ەوە دەچنە لەشی مرۆڤەوە، خوێنیش ئەوپێکهاتانە بە لەشی مرۆڤدا بڵاو دەکاتەوە و دەبێتە هۆی تووشبوون بە نەخۆشی.
جۆرەکانی پیسبونی هەوا زۆرن و زۆربەی ئەو پیکهاتانەی کە لە هەوادا هەن لە ئەنجامی چالاکییەکانی مرۆڤ خۆیەوەیەتی. کێشەی پیسبوونی هەوا لە هەموو جیهاندا بووەتە کێشەیەکی سەرەکی و ئاشکرا کە ئێستا ڕووبەڕووی مرۆڤ و زیندەوەران بووەتەوە، چونکە هەوا سەرچاوەی ژیانی مرۆڤە و پێویستە هەوا پاکژ و خاوێن بێت، شایانی باسە ساڵانە بە هۆی پیسبوونی هەواوە لە جیهاندا ٧ ملیۆن کەس دەمرێ (٢٠٢٦ WHO)، سییەکانی مرۆڤی ئاسایی لە ڕۆژێکدا ٢٢٠٠٠ جار هەناسە وەردەگریت، بەمەش لایەنی کەم پێویستی بە ١٥٠٠٠ لیتر هەوا هەیە کە بە کێش دەگاتە ١٦ کگم ئەم وزەیە زۆر زیاترە لە سەرجەمی نان خواردن و ئاو خواردنەوەی مرۆڤی ئاسایی، ئەمە لە کاتێکدا لەشی مرۆڤ تەنیا پێویستی بە بڕی ٢,٥ کگم لە ئاو و ١,٥ کگم خواردن هەیە لە ڕۆژێکدا.
ئەنجومەنی کۆنگرێسی ئەوروپا پێناسەی ئەم جۆرە پیسبوونەی بەم شێوازە کردووە: "هەوا پیس دەبێت کاتێک هەر ماددەیەکی تێدا بێت کە گۆڕانکاری گرنگ لە ڕێژەی ماددە سەرەکییەکاندا بکات کە دەبێتە هۆی کاردانەوە و زەرەرمەند و شپرزەبوونی و جەنجاڵی".
گرنگترین ئەو توخمانەی کە بەرگە هەوایان پیک هێناوە بە ڕێژە بریتین لە
| توخم | ڕێژەی لە سەدا (٪) |
|---|---|
| نایترۆجین | ٧٨,٠٧ |
| ئۆکسجین | ٢٠,٩٥ |
| ئارگۆن | ٠,٩٣ |
| دوانۆکسیدی کاربۆن | ٠,٠٣٤ |
| نیۆن | ٠,٠٠١٨ |
| هیلیۆم | ٠,٠٠٠٥٢ |
| ئۆزۆن | ٠,٠٠٠٠٦ |
| هایدرۆجین | ٠,٠٠٠٠٥ |
| میسان | ٠,٠٠١٥ |
| کریتۆن | گازێکی دەگمەنە |
| زینۆن | گازێکی دەگمەنە |
سەرچاوەکانی پیسبوونی هەوا و کاریگەرییەکانی
ا- پیسبوونی سروشتیب- پیسبوونی ناسروشتی (دەستکرد)
پیسبوونی سروشتی هەوا
ئەو سەرچاوانە دەگرێتەوە کە سروشتین و مرۆڤ دەسەڵاتی بەسەریاندا نییە لەوانە:| پێکهاتە گازییەکان | ڕێژە (٪) |
|---|---|
| هەڵمی ئاو | ٧٠,٧٥ |
| دووەم ئۆکسیدی کاربۆن | ١٤,٠٧ |
| هایدرۆجین | ٠,٣٣ |
| ئارگۆن | ٠,١٨ |
| نایترۆجین | ٥,٤٥ |
| دوانۆکسیدی گۆگرد | ٦,٤٠ |
| سێیەم ئۆکسیدی گۆگرد | ٠,٠٥ |
سەرچاوە ناسروشتییەکانی پیسبوونی هەوا
پیسبوونی هەوا لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر دەگۆڕێت بە پێی خێرایی با و جیاوازی پلەی گەرما و ڕێژەی باران بارین، لێرەدا هەندێک لە گرنگترین جۆرەکانی پیسبوون لەگەڵ کاریگەرییەکانی ئەو پیسبوونە لەسەر تەندروستی مرۆڤ دەخەینە ڕوو:یەکەم ئۆکسیدی کاربۆن گازێکی ژەهراوییە، نە ڕەنگی هەیە نە بۆن، لە ئەنجامی سووتانی ناتەواوەوە دروست دەبێت کە زیاتر لە سووتانی بەنزینی ئۆتۆمبێلەوە دروست دەبێت ڕێژەکەشی لە شوێنی نیشتەجێوە بۆ شوێنێکی تر دەگۆڕێت، لە شوێنە سەوزەکاندا کەمترین ڕێژەیە، دروستبوونی ئەم گازە زیاتر لە وەستانی ئوتومبێلەکانەوە دەبێت لە ترافیکەکاندا سەرەڕای زیادبوونی ژمارەی ئامێرەکان لە شاردا، ئەم گازە لە ڕۆژدا زیاترە بە بەراورد بە شەو.
ئەم گازە ڕاستەوخۆ لە ڕێگەی هەناسەدانەوە تێکەڵ بە خوێنی مرۆڤ دەبێت بە شێوەیەکی زۆر خێرا لەگەڵ هیمۆگڵۆبینی خوێندا یەک دەگرێت بەمەش هەناسەدانی خانەکانی سست دەکات و دەبێتە هۆی ژەهراوییبوون ئەگەر ڕێژەی (٠،٠١ ٪) لەم گازە ڕاستەوخۆ هەڵمژین دەبێتە هۆی:
١- هەستکردن بە ماندووبوون
٢- هەناسە تەنگی
٣- گوێ زرنگانەوە
ئەگەر ڕێژەگە لەوە زیاتر بێت دەبێتە هۆی:
١- بێ هێزی و سستی ماسولکەکان و نەمانی توانای جوڵە
٢- لاوازی بینین
٣-کزبوونی چاو
٤- تێکچوونی گەدە و ڕشانەوە
٥- دابەزینی پلەی گەرمی لەش
٦- دابەزینی پەستانی خوێن
٧- زیادبوونی لێدانی دڵ
٨- بوورانەوە و مردن لە پاش چەندکاتژمێرێک
ئەم گازە لە ئەنجامی هەموو سووتانێکەوە دروست دەبێت لە سووتانی جۆرەکانی نەوت و دار و هەر توخمێکی تر کە بۆ سووتان بشێت، ئەم گازە لە گرنگترین توخمە سروشتییەکانە بۆ پیسبوونی ژینگە، مرۆڤ خۆی خاوەنی بەرهەمهێنانیەتی کە ڕێژەکەی بەم ساڵانەی دوایی زۆر زیادی کردووە، بە چەند ڕێگەیەک لەناو دەچێت و نامێنێت لەوانە لە زەریاکاندا دەتوێتەوە یان بەشێکی زۆری لە لایەن ڕووەک و درەختەکانەوە هەڵدەمژرێت لەگەڵ ئەمانەشدا ڕێژەیەکی زۆری لە هەوادا دەمێنێتەوە کە هۆکاری سەرەکی دیاردەی (قەتیسبوونی گەرما)یە، زیادبوونی ئەم گازە لە هەوادا کار دەکاتە سەر:
١- چالاکی مێشک و پێکهاتەی خانەکانی
٢- کۆئەندامی هەناسە
٣- چاوی مرۆڤ
گازێکی ترشەڵۆکە بۆنێکی ناخۆشی هەیە ساڵانە ١٠٠ ملیۆن تەن لەم گازە دروست دەبێت کە ٩٠ ٪ی ئەم گازە لە نیوە گۆی باکووردا هەیە بە هۆی بارانی ترشەڵەکەوە (ترشە باران) دروست دەبێت و کاریگەری خراپی هەیە بۆ سەر تەندروستی زیندەوەران، هەروەها نەوتی دەرهاتوو لە زەوی و خەڵووزی کانەکان و گازی سروشتی ڕێژەیەک لە گۆگرد لەخۆ دەگرێت و لە کاتی سووتانیدا بە شێوەیەکی گاز دەردەچێت بۆ هەوا، ئەم گازە ڕەنگی نییە و بۆنێکی ناخۆشی هەیە کاتێک زیانبەخش دەبێت ئەگەر ڕێژەکەی ٣ بۆ یەک ملیۆن بەش بێت لە هەوادا، مانەوەی لە هەوادا کارلێک دەکات و دەبێتە ترشی کبریت و دیسانەوە ئۆکسانی بەسەردا دێت دەبێت بە سێیەم ئۆکسیدی کبریت کە زیانی ڕاستوخۆ بە مرۆڤ و گیانداران دەگەیەنێت و کار دەکاتە سەر:
١- کۆئەندامی هەناسەدان و ئازاردانی سنگ
٢- بۆری هەناسە و گرتنی قورگ و خنکاندنی
٣- هەستەوەری تامکردن و بۆنکردن
٤- چاوەکان و کزبوونی
٥- دەنگەژێکان و گرتنی و قوڕگ و خنکانی
ئۆکسیدەکانی نایترۆجین لە بڵاوترین گازەکانە کە بە هۆی سووتانەوە دروست دەبێت ئەمەش کاتێک پلەی گەرما بەرز دەبێتەوە بە تایبەتی لە ئامێری گەورە و بنکەکانی دروستکردنی کارەبا و کارگە گەورەکان و زیان بە بۆری هەناسە و پێڵووی چاو دەگەیەنێت.
لە کانزا قورس و ژەهراوییەکانە و زۆر بڵاوە لە هەوادا، لە سەرچاوە سروشتی و ناسروشتییەکانەوە دروست دەبێت کە ٢٠ ٪ی ئەو قوڕقوشمەی لە هەوادا هەیە ئەگەڕێتەوە بۆ هۆکارە مرۆییەکان، ئەم توخمە دەکرێتە بەنزینی ئامێرەکانەوە بۆ باشترکردنی سووتان و باشترکردنی بەرگریکردنی مەکینەی ئوتومبێلەکان، ئەم توخمە لە ئەنجامی سووتانەوە دێتە دەرەوە و دەبێتە هۆی پیسبوون بە تایبەتی لە شارە گەورە و جەنجاڵەکاندا کە کاریگەری لەسەر مرۆڤ و گیانداران هەیە و دەبێتە هۆی:
١- دروستبوونی بەردی گورچیلە
٢- کەمی هیمۆگڵۆبین لە خوێندا
٣- دڵەڕاوکێ
٤- کەم هۆشی لە منداڵدا
٥- سەرئێشە و بوورانەوە
٦- تێکدانی شێوەی کۆرپەلە لە کاتی دووگیانییدا
ئەم ئاوێتەیە زیاتر لە ناو ماڵەکانماندا هەیە وەکو جۆرەکانی کاربۆن و بۆنبڕەکان یا پاشکۆی فرێزەری فرێزەری سەلاجە و سپلێتەکان، ئەم گازە زۆر سووکە بەرز دەبێتەوە بۆ دوا چینەکانی هەوا، لە ڕاستیدا زیانی ڕاستەوخۆی بۆ مرۆڤ زۆر کەمە بەڵام کاریگەری ڕاستەوخۆی هەیە لەسەر چینی ئۆزۆن کە زیانی گشتی هەیە بۆ سەرجەم مرۆڤایەتی، زۆربەی کۆمپانیا گەورەکان لە هەوڵی ئەوەدان ئاوێتەیەکی نوێ دروست بکەن کە زیان بە ژینگە نەگەیەنێت.
ئەمانەش چەند جۆرە ئاوێتەیەکن وەکو زرنیخ، سلینیۆم، جیوە، کادمیۆم و... هتد کە ڕێژەیان زۆر کەمە و دووکەڵی کارگە گەورەکان دروستی دەکەن و تێکەڵی هەوا دەبن پاشان بە هۆی بارانەوە دەچنەوە ناو زەوی و ئەگەر ڕێژەیان زۆر بوو زیان بە گیانداران دەگەیەنێت.
لە هەوادا ملیۆنەها جۆری زیندەوەری ورد هەیە لە بەکتریا و ڤایرۆس و کەڕوو... کە بە ڕێژەیەکی سورشتی هەیە ئەگەر ئەم ڕێژەیە زیادی کرد بە هۆی مرۆڤەوە ئەوا پیسبوون دروست دەبێت، ژینگە پیس دەکات ئەمەش لە کاتی جەنگدا زیاتر ڕوو دەدات بە تایبەتی بەکارهێنانی چەکی بایەلۆجی، لە ناسراوترین ئەو پیسبوونانەی کە ئێستا بڵاوە بەکتریای گەڕییە.
سادەترین پێکهاتەی ئەندامییە لە ئەنجامی ئاگرکەوتنەوەی ناتەواوی سووتەمەنییەکان لە هۆکاری هاتوچۆدا دروست دەبێت بە هۆی پەیدابوونی ٥٠ ٪ی ئەو هایدرۆکاربۆنانەی دێنە هەواوە هەروەها بە هۆی سووتانی ناتەواوی سووتەمەنییەکانی پیشەسازییەکانەوە دروست دەبێت ئەم گازە هاوبەشی دەکات لە پێکهاتنی تەم و دووکەڵی کیمۆڕووناکی هەروەها پێی دەوترێت نیترۆبیرین بە گرنگترین پێکهێنەری نەخۆشی شێرپەنجە دادەنرێت.
کاریگەری پیسبوونی هەوا لەسەر ژینگە
ڕێخراوی تەندروستی جیهانی لە ئەوروپا دووپاتی کردەوە کە لەو شوێنانەی کە ژمارەی دانیشتوانی زۆرە دەرکەوتووە کە تووشی جۆرەها نەخۆشی بوونەتەوە و کاریگەری هەبووە لەسەر کۆئەندامی هەناسە و دڵ و توشبوون بە شێرپەنجە، لە شاری مەکسیکۆ بە شێوەیەکی هەڕەمەکی وا دانراوە کە مرۆڤێک کە ڕۆژانە بە ڕێژەی دوو پاکەت جگەرە هەوای پیس هەڵئەمژێت کە خۆیشی جگەرە کێش نەبێ، لە ساڵی ٢٠٠٠دا لە شاری تارانی پایتەختی ئێران بە نزیکەیی ٤٠ هەزار مرۆڤ بە هۆی پیسبوونی هەواوە مردوون، هەروەها لە چین بڕیاری داخستنی ٢٠٠٠ کارگە دراوە بە هۆی کاریگەری خراپی لەسەر ژینگە، وەزارەتی ژینگەی عێراق ڕایگەیاند تەنها لە ماوەی ساڵی ٢٠١٠دا نزیکەی ٧ هەزار کەس بە هۆی توشبوونیانەوە بە نەخۆشی شێرپەنجە مردوون، هەروەک کاریگەری لەسەر ڕێژەی کورتی و درێژی تەمەنی مرۆڤەکان هەیە بۆ نموونە تێکڕای تمەنی تاکی عێراقیی ٥٨ ساڵە لە کاتێکدا ئەو تێکڕایە لە ئەوروپادا ٨٢ ساڵە.
کاریگەری پیسبوونی هەوا لەسەر ئاژەڵ بە هۆی خواردنی ئەو ڕووەکانەوە دەبێت کە پیسبوونی هەوا کاریگەری لێکردوون، بۆ نموونە مەڕ و مانگا کاتێک ئەو ڕووەکانە دەخۆن کە کلۆر لەسەر گەڵاکانی نیشتوون دەبێتە هۆی کەمبوونی بڕی شیر بە تایبەتی لەو ناوچانەی کە پیشەسازی ئەلەمنیۆمی لێیە یان کاریگەری پەیینی کیمیایی و ئاسن و سیرامیکی لێیە.
ئەو پیسکەرانەی زیان بە ڕووەک دەگەیەنن وەک ئۆزۆن و ئۆکسیدەکانی گۆگرد و ئۆکسیدەکانی نایترۆجین و گازە ئۆکسیدەکان و کلۆرەکان کە هۆکارن بۆ کەمکردنەوەی بەروبوومی کشتوکاڵی و لەناوچوونی دارستانەکان و لە ڕێگەی نزمکردنەوەی کرداری ڕۆشتنەپێکهاتن، دروستبوونی نیشتووە ترشە ڵۆکەکان کە ئەبێتە هۆی شتنەوە خوێ کانزاییەکان لە خاکدا و گۆڕینی ترش و تفتی خاک و کوشتنی زیندەوەرە سوودبەخشەکان، زەرەر و زیانەکانی پیسبوونی هەوا لە ئەوروپا و ئەمریکادا بە دەیان ملیار دۆلار مەزەندە کراوە لە ناوچە دارستانییە فراوانەکاندا.
زیادبوونی گازەکان و خۆڵ و تۆز لە هەوادا کاریگەری لەسەر کەش و هەوا هەیە. وەک بەرزبوونەوەی پلەی گەرما و تواندنەوەی سەهۆڵبەندەکان و ژێرئاوکەوتنی کەناراوە نزمەکان، پیسبوونی هەوا کاریگەری زۆری هەیە لەسەر ڕێژەی بارانبارین، زانراوە ڕێژەی بارانبارین لە شارە جەنجاڵەکان بە ڕێژەی (٥ ٪ – ١٠ ٪) لە ناوچە گوندنشینەکان زیاترە، ئەمەش بە هۆی چڕی دانیشتووان و ئاسەواری کارگەکان کە دەبنە هۆی دەرهاویشتنی گەردیلە ڕەقەکان.
پیسبوونی هەوا دەبێتە هۆی داخورانی بینا و کانزاکان و پیسبوونیان و گۆڕانی ڕەنگەکانیان کە پاککردنەوەیان زۆری تێدەچێت، هەروەها زیانی زۆری هەیە بۆ سەر بەروبوومە پێستییەکان و کاغەز و بۆیاغ و جلوبەرگ، وەک مەزەندە کراوە لە وڵاتە یەکگرتووەکاندا زیانی پیسبوونی هەوا ساڵانە نزیکەی ١١ ملیار دۆلارە.
کاریگەری دووکەڵی ئوتومبێل لەسەر هەوا
تەنیا لە ئەمریکا ساڵانە ٣٠ هەزار کەس بە هۆی دووکەڵی ئوتومبێلەوە گیان لە دەست دەدەن، هەروەها مەزەندە دەگرێت کە دووکەڵی ئەگزۆزی ئوتومبێل بە ڕێژەی (٢٠ ٪ - ٣٠ ٪) بەشدار بێت لە گەرمبوونی هەوادا، بە سووتاندنی ٧٠ لیتر بەنزین ١٤٠ – ١٨٠ کگم دوانۆکسیدی کاربۆن دەکاتە هەواوە، چونکە لە یەک کاتژمێردا ئوتومبێلێکی بەنزین ٢٠ مەتر سێجا لە هەوا پیس دەکات کە بەشی ٢٠ مرۆڤ بۆ کاتژمێرێک دەکات، کە هەر مرۆڤێک لە کاتژمێرێکدا پێویستی بە ٠،٩ مەتر سێجا ئۆکسجین هەیە. تەکنەلۆژیا دەورێکی گەورەی هەبوو لە کەمکردنەوەی پیسکەرەکانی ئوتومبێل، بەڵام زۆری ژمارەی ئوتومبێل ئەو سوودەی کەم کردەوە بەڵکو تەنیا لە ساڵی ٢٠٠٠دا پیسبوونی هەوا بە ئوتومبێل ٦٣ ٪ زیادی کرد لە چاو ساڵی ١٩٧١دا، پسپۆڕان ئاماژە بە چڕی گازی دوانۆکسیدی کاربۆن دەکەن کە خەستیەکەی زیادی کردووە لە ٠،٠٢٦ بۆ ٠،٠٣٤٥ لە ساڵی ١٩٧٤دا، لەسەر ئاستی جیهان زانایان پەیدابوونی گازی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن بە دەستی مرۆڤ بە ٥٠ ٪ دەخەمڵێنن ئەوی تری بە هۆی سووتانی کەرەستەی ئەندامییەوە دەبێت، ڕێژەی ئوتومبێل لە ساڵی ٢٠٠٨دا گەیشتە ٨٣٠ ملیۆن لە سەرانسەری جیهاندا، وە ئوتومبێل بە سەرچاوەی یەکەم دێت لە تەنکبوونی چینی ئۆزۆن بۆ نموونە ئەگەر وامان دانا ساڵانە هەر ئوتومبێلێک ٥ تەن لە دووەم ئۆکسیدی کاربۆن فڕێ دەدات، ئەی ئەگەر ٨٣٠ ملیۆن ئوتومبێل لە چیهاندا هەبن چی؟ ئایا ڕووبەرە سەوزەکان دەتوانن هاوسەنگی ڕابگرن؟پیسبوونی هەوای ناوخۆیی
پێویستە سەرنجتان بۆ مەسەلەی پیسبوونی هەوای ناو ماڵ و بیناکان ڕاکێشین و جیاکردنەوەی لە پیسبوونی دەرەکی و ڕوونکردنەوەی زیانەکانی بۆ مرۆڤ.بەکارهێنانی دار و خەڵوز بە مەبەستی گەرمکردنەوە و چێشت لێنان هۆکارێکی سەرەکییە بۆ پیسبوونی هەوای ژوورەوە، پیسبوونی ناوخۆیی لە زیادبووندایە بە هۆی کەرەستەی کیمیایی و جگەرە و بەکتریاوە، لە ئامارێکدا کە ئاژانسی وزەی نێودەوڵەتی ئاماژەی پێدەکات خەستی تەنە هەڵواسراوەکان لە هەندێ دووکەڵی ناوخۆدا دەگاتە ١٠٠ ئەوەندەی خەستییەکی لە هەوای دەرەکیدا؟؟ قوربانییەکانیشی زۆربەیان منداڵ و ئافرەتن.
پیسبوونی هەوای دەرەکی یەکێکە لە گرنگترین هۆکارەکانی مردن لەو ناوچانەی کە سووتەمەنی ڕەق بەکار دەهێنن و قوربانییەکانی بە ملیۆنێک مەزەندە دەکرێت لە ساڵێکدا واتە: قوربانییەک لە هەر چرکەیەکدا، سووتانی دار و خەڵوز هۆکارێکە بۆ تووشبوون بە شێرپەنجەی سییەکان و هەناسەتەنگی بە تایبەتی لە نێوان کەسانی تەمەن ٣٠ ساڵدا، هەروەها هەندێ لێکۆڵینەوە دەیسەلمێنن کە مداڵی کەم کێش لە دایک دەبن لەو شوێنانەدا، شایەنی وتنە کە ڕێخراوی تەندروستی جیهانی بەرپرسە لە بەرزکردنەوەی ڕاپۆرتی ساڵانە سەبارەت بە ژمارەی بەکارهێنانی خەڵوز و پاشەڕۆی ئاژەڵ بۆ گەرمکردنەوەی ماڵان، هەروەها ڕێخراوەکە لە هەوڵی چاککردنی جۆری سۆپا و تەباغی ئەو ناوچانە و هانیان دەدات بەرەو بەکارهێنانی سووتەمەنی گاز یان شل.
سوودی درەخت
ڕووەک و دارستانەکان پاککەرەوەی هەوان لە گازەکان وەک دووەم ئۆکسیدی کاربۆن چونکە ڕووەک بە هۆی کرداری ڕۆشتنەپێکهاتن دووەم ئۆکسیدی کاربۆن دەگۆڕێت بۆ ماددەی کاربۆهیدراتییەکان و هەروەها ئۆکسجین دەردەپەڕێنێت لەو ئاوەی کە بەشدارە لە کردارەکەدا.* بڕی ئۆکسجینی بەرهەمهاتوو لە هێکتارێک دارستاندا لە یەک ساڵدا هەمان بڕە بۆ پێداویستی ئۆکسجینی ١٨ کەس لە ساڵێکدا.
* یەک هێکتار لە ڕووەک بڕی ٦،٢ تەن گازی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن هەڵدەمژێت.
* کاتێک چڕی گازی ئۆزۆنی زەوی زیاد دەکات بە هۆی کارلێکی هایدرۆکاربۆناتی بە هەوادا چوو لەگەڵ ئۆکسیدەکانی نایترۆجیندا و بە بوونی تیشکی ڕۆژ و گەرمی چالاکی ڕووەک بۆ هەڵمژینی گازی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن کەم دەکاتەوە بە ڕێژەی سێ یەک بە هۆی لەناوچوون و سستبوونی دەمیلەکان.
* سێبەری درەختەکان توانای دابەزاندنی پلەی گەرمی خانووەکانی هەیە بۆ ٢٠ پلەی سەدی، هەروەها دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی ڕاماڵینی زەوی.
* دارستانەکان یارمەتیدەرن بۆ پاشەکەوتکردن و باشکردنی جۆری ئاوی سەر زەوی و ژێر زەوی بە هۆی هێواشکردنەوەی باران و ڕێڕەوی ڕووبارەکان.
* لێرەدا بۆمان دەردەکەوێت کە ڕووەک دەتوانێت ڕۆڵێکی گرنگ و کاریگەری هەبێت لەسەر ئەو ژینگەیەی کە تێیدا دەژین بە تایبەتی لەسەر جۆری ئەو هەوایەی هەڵی دەمژین کە یەکێکە لە پێکهاتە گرنگەکانی ژینگە، ئەمە سەرەڕای ئەوەی کە بوونی ڕووەک و ڕووبەری سەوزیی کار دەکاتە سەر دەروون و بەخشینی ژیانێکی خۆش و تەندروست بە مرۆڤ.
(کەمکردنەوەی) پاراستنی هەوا لە پیسبوون
باشترین ڕێگە بۆ پاراستنی هەوا لە پیسبوون کەمکردنەوەی دەردانی پیسکەرەکانە لە سەرچاوە پیسەکانەوە و لەگەڵ ڕەچاوکردنی ئەم خاڵانەدا:١- دانانی یاسا و دەستوور لە ڕێگای زانیاری و تەندروستی بەجێ بۆ سنووردانان بۆ پیسبوونی هەوا بە هەموو جۆرەکانییەوە.
٢- بڵاوکردنەوەی ئاگاداری و ڕێنمایی بۆ کەمکردنەوەی پیسکەرەکان و هەژاندنی هاوڵاتیان بۆ بەکارهێنانی هۆی هاتوچۆی گشتی لە هەندێک ڕۆژدا بۆ کەمکردنەوەی پیسبوونی هەوا زیادکردنی وزە، ئەم ڕێگەیەش بە زۆری لە شارە چڕەکاندا پیادە کراوە و ئەنجامی باشی هەبووە.
٣- بەکارهێنانی سەرچاوەکانی وزەی پاک و وزە نوێبووەکان وەک وزەی خۆر و با و هەڵکشان و داکشانی ئاوی زەریاکان.
٤- داڕشتنی پلانی شارەکان بە شێوەیەکی زانستی ئامادەکراو و هێڵکاری شەقامەکان بە شێوەیەک کە هاتوچۆی ئوتومبێل ئاسان بکات و پیسبوونی هەوا کەم بکاتەوە.
٥- ڕواندنی نەمام و ڕووەک لە شەقام و شوێنە گشتی و شارەکاندا بە تایبەتی ڕووەکە هەمیشە سەوزەکان و ئەو ڕووەکانەی کە سوودبەخشن بۆ ژینگە.
٦- بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای نوێ بۆ کەمکردنەوەی پیسبوونی هەوا لە ڕێگەی کەمکردنەوەی ئەو پیسکەرانە کە دەخرێنە هەواوە بە هۆی کارگە پیشەسازییەکان.
١- فلتەری کارەبایی کە نزیکەی ٩٩ ٪ی دەنکۆڵە وردەکان لا دەبات.
٢- ئامێری جیاکەرەوە لوولەکییەکان کە دەنکۆڵە مامناوەندەکان دەپاڵێوێت بە ڕێژەی (٥٠ ٪ – ٩٠ ٪).
٣- پاڵێوەری کیسەییەکان کە دەتوانرێت نزیکەی ٩٩ ٪ی دەنکۆڵە بچووکە زەرەرمەندەکان بۆ تەندروستی مرۆڤ لەناو بەرن بەڵام لە هۆکاری گواستنەوەدا دەتوانرێت ئامێرێک بەکار بهێنرێت کە ئۆکسیدی کاربۆن و هایدرۆکاربۆنات و یەکەم ئۆکسیدی نایترۆجین بگۆڕێت بۆ گازی دوانۆکسیدی کاربۆن و هەڵمی ئاو بە مەرجێ ئەو سووتەمەنییانەی بەکار دەهێنرێت قوڕقوشمی تێدا نەبێت.
٤- بەکارهێنانی ئامێری فێنککەرەوەی نوێ کە کاریگەری کەمی هەبێت لەسەر پیسبوونی هەوا.