پەڕەی فەیسبووکی ماڵپەڕی ژیانت
Facebook.com/ZhingaParezan

پیسبوون بە تیشک

پیسبوونی تیشکاوەری (تاوەرەکانی مۆبایل و ژینگە و مرۆڤ)
ڕەنگە کاتی ئەوە هاتبێت قسەوباسێکی بەرایی لەسەر تاوەرەکانی مۆبایل و کاریگەرییە ژینگەیی و تەندوستییەکانی بکرێت، بە ئومێدی ئەوەی باس و توێژینەوەی زیاتری لەسەر بکرێت لە لایەن وەزارەتی پەیوەندیدارەکانی وەک گەیاندن و ژینگە و شارەوانی و پلاندانان و مافی مرۆڤ و کۆمپانیاکانی مۆبایل.
سەبارەت بە بوونی کاریگەری نەرێنی یان نەبوونی هێشتا ئەوە یەکلا نەبووەتەوە بە شێوەیەکی ڕەها کە ئایا تاوەرەکانی مۆبایل کار دەکەنە سەر تەندروستی مرۆڤ یان نا؟
لە سەرتاسەری جیهاندا لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن و هەندێک ئەنجامی ئەو لێکۆڵینەوانە وا پیشان دەدات کە تاوەرەکان هۆکارن لە دروستبوونی کارۆموگناتیسی و لە ئەنجامی دەرکردنی و وەرگرتنی بڕێکی زۆری شەپۆلە کارۆموگناتیسییەکان و هەر ئەو لێکۆڵینەوانەش دەڵێن کە ئەو شەپۆلانە کاریگەرییەکی بەرچاویان دەبێت لە ئاییندەدا بۆ توشبوونی مرۆڤ بە نەخۆشییەکانی مێشک و سەرئێشە و نەزۆکی و بیرچوونەوەی لەسەرخۆ و... هتد.
هەر ئەم لێکۆڵینەوانە باس لەوە دەکەن کە تاوەرەکان سەرچاوەی شەپۆلە نائایۆنییەکانن کە کاریگەرییان نەرێیە لەسەر مرۆڤ، بەڵام دواجار داواش دەکات توێژینەوەی دی ئەنجام بدرێت بۆ زانینی شەپۆلە کارۆموگناتیسییەکان لە سێ بواری: (لەرەلەرەکان، وزە و درێژی شەپۆل) بە مەبەستی دیاریکردنی جۆری تیشکەکان.
هەنێکی تر لە توێژەرەوەکان وایان دەرخستووە کە تاوەرەکان کاریگەری نەرێنی ئەوتۆیان نییە لەسەر ژینگە و مرۆڤ جگە لە کاریگەری بەرزکردنەوەی پلەی گەرمی بە ڕێژەی (۰،۱) پلەی سەدی. لەگەڵ ئەنجامەکەشدا ڕێخراوی تەندروستی جیهانی (W.H.O.) داوا دەکات لە ڕێی (پڕۆگرامی خۆپاراستن لە تیشکە کارۆموگناتیسییەکان) بە دانانی سنوورێک بۆ هاوکۆلکەی سەلامەتی لە بەرامبەر ماددە تیشکاوەرییەکانەوە.
لە نێوان هەردوو بۆچوونەکانیشدا و هەتا کاتی یەکلاکردنەوەی تەواوەتی مەسەلەکە و وڵاتانی جیهانی کۆمەڵێک ڕێنمایی و بڕیاردان پەسەند کردووە و کاری پێدەکەن لە بواری دانانی تاوەرەکانی مۆبایلەوە.
لەوانەش:
۱- پێویستە بەرزی ئەو بینایەی کە تاوەرەکەی لەسەر دادەنرێت لە نێوان (۱٥ - ٥۰) م بێت.
۲- لە سنووری بازنەییەکەیندا نیوە تیرەکەی ۱۰ م بێت دەبێت تاوەرەکە بەرزتر بێت لە گشت خانوو و بیناکانی دەوروبەری.
۳- پێویستە سەربانی بیناکە لە کۆنکرێت بێت (Reinforced Concrete).
٤- کەمترین دووری نێوان دوو تاوەر لەسەر هەمان بینا لە ۱۲ م نابێ کەمتر بێت.
٥- دووری نێوان مرۆڤ و تاوەرەکان لە دیوی ئاڕاستەی سەرەکی تیشکەکانەوە، نابێت لە ۱۲ م کەمتر بێت.
٦- تاوەرەکان لە هەموو لایەکەوە بە بەربەستی کانزایی دەورە بدرێت.
۷- ئەوپەڕی چڕی توانا نابێت لە (٤ر.) مللی وات\سم۲ زیاتر بێت بە پێی کۆمەڵەی ئەندازیارانی کارەبایی و ئەلیکترۆنی ئەمریکی.
٨- بەکارهێنانی تاوەری گەورەی نوێ و کاریگەر بە ژمارەیەکی کەم و دوور لە دانیشتوان، لە بری تاوەری بچووک و نزیکی زۆری نێو گەڕەکەکان هەروەکو ئوستڕاڵیا ئێستا تاوەری نەوەی سێیەم بەکار دەهێنێت کە تیشکدەردانی کەمترە لە تاوەرەکانی - G2.
۹- وەرگرتنی ڕەزامەندی دانیشتوانی ئەو شوێنەی کە تاوەرەکەی لێوە نزیکە، چونکە زیانەکانی ئەو تاوەرانە بۆ ژێر خۆی نییە بەڵکو بۆ ئەو شوێنانەیە کە لە ئاستی تاوەرەکە دان یان لە دەوروبەرین.
۱۰- لە حاڵەتی بوونی قوتابخانەدا پێویستە دووری نێوان تاوەر و قوتابخانەکان لە ۲۰ م کەمتر نەبێت، چونکە منداڵانی خوار ۱٦ ساڵ ناسکترن لە بەرامبەر زیانەکانیدا.
۱۱- دیاریکردنی ژمارەی تاوەرەکانی هەر کۆمپانیایەک لە لایەن وەزارەتەوە.

جێگەیی خۆیەتی کە ئاماژە بە ڕۆڵی زانکۆکان بکەین لەم بوارەدا کە ئێستا لە جیهاندا بەشی (فیزیا) لە کۆلێژی زانستدا لە زۆربەی وڵاتان خەریکی توێژینەوەن لەسەر کاریگەریی تاوەرەکان لەسەر ژینگە و مرۆڤ، بۆیە جێگەی خۆیەتی کە زانکۆکانی لای خۆشمان بەم کارە هەستن، باسکردنی ئەم بابەتە جێگەی خۆیەتی گرنگی پێبدرێ چونکە ئێستا لە زۆربەی شار و شارۆچکەکانی کوردستانیدا وا کۆمپانیاکانی مۆبایلیش خۆریان هەڵهاتووە و بە بێ گوێدان بە تەندروستی مرۆڤ و ژینگەکەی دەستیان کردووە بە دانانی چەندین بورج کە لە ڕاستیدا لە داهاتوودا دەبنە هۆی کێشەی زۆر مەترسیدار.

هەندێک لە پزیشکەکانیش گومانی خۆیان لەوە ناشارنەوە کە ئەو تیشکەی لەو تاوەرانەوە دەردەچن، دەبێتە هۆی چەندین جۆری نەخۆشی شێرپەنجە، لەوانەش نەخۆشی شێرپەنجەی خوێن (لوکیمیا)و کاردەکاتە سەر توانا ژیرییەکان و کاریگەریشی هەیە لەسەر توانای زاووزێکردن لە ژناندا.