پەڕەی فەیسبووکی ماڵپەڕی ژیانت
Facebook.com/ZhingaParezan

ژینگە و گەشتوگوزار

گەشتوگوزارو چالاکییەکانی پەیوەندییەکی پتەویان بە ژینگەوە هەیە، جا سروشتی بێت یان مرۆڤ کرد، چونکە زۆربەی کات ژینگە بە سەرچاوەیەکی گرنگی گەشتوگوزار دادەنرێت، بۆیە پەرەپێدانی سەرچاوەکانی ژینگە لە گەشەسەندن‌و پەرەپێدانی گەشتوگوزاردا، بەشداری دەکات، بە مانایەکی تر هەردووکیان (ژینگە و گەشتوگوزار) دوو دیوی یەک دراون.

هەروەها ئەو گۆڕانکارییانەی لە ژینگەدا ڕوو دەدەن، ڕەنگدانەوەی لەسەر چالاکییە گەشتوگوزارییەکان ‌و ژمارەی گەشتیاران بە باش یان خراپ دەبێت (ئەرێنی یان نەرێنی). چونکە خستنەڕووی گەشتیاری پابەندە بە ڕادەیەکی گەورە بە بنەما سروشتیەکانەوە، کە ئەمانەن (ئاو و هەوا بە پێی کۆمەڵێک تایبەتمەندیی دیاریکراو، شێوەی زەوی و دیمەنە سروشتیە سەرنجڕاکێشەکان، دەرامەتی ئاو بە هەموو سەرچاوە و جۆرەکانیەوە، ڕووەکی سروشتی بەتایبەتی دارستانەکان، ئاژەڵە کێوییەکان، هەروەها شوێنی جوگرافی کە بە لێپرسراوی سەرەکی دادەنرێت، لەسەر بنەما سروشتیەکان، کە لە خاڵەکانی سەرەوەدا هاتووە لە ناوچە گەشتوگوزارییەکان). لەگەڵ بنەما مرۆیەکاندا، کە خۆی لە (شوێنەوارە مێژوویی ‌و کەلتووری ‌و ئایینی ‌و شارستانی ‌و کۆمەڵایەتی ‌و هونەری ‌و زانستی ‌و... هتد)کاندا دەنوێنێت.

لەبەر ئەوە ژینگە لەلایەن دەزگاکانی گەشتوگوزار و ڕێکخراوە جیهانیەکانەوە، گرنگیەیەکی زۆری پێدەدرێت، بەتایبەتی لە لایەن ڕێکخراوە گەشتوگوزارییەکانەوە، بەو پێیەی لە دامەزراندنی ناوچە گەشتوگوزارییەکاندا بە بنەمای سەرەکی دادەنرێت.

لەم بوارەدا کۆمەڵێک کۆنفرانس ‌و مێزگرد و لێکۆڵینەوە لەسەر ژینگە و گەشتوگوزار ئەنجامدرا. رێکخراوی هاریکاری ئابووری ‌و پەرەپێدان (OECD) لە کۆتایی حەفتاکانی سەدەی پێشوودا، کۆمەڵێک لێکۆڵینەوەی لەسەر کاریگەری گەشتوگوزارو چالاکییەکانی لەسەر ژینگە ئامادە کرد، ئەم لێکۆڵینەوانە تیشکی خستبووە سەر کۆمەڵێک هۆکار، کە کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر پیسبوون‌و ناشرینکردنی ناوچە سروشتیەکان‌و تێکچوونی ڕووی جوانی ‌و ڕاکیشانی ئەو ناوچانە، هەبووە. لە ساڵی 1982دا، ڕێکخراوی گەشتوگوزاری نێودەوڵەتی‌و بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ژینگە، ڕێکەوتننامەیەکی هاوبەشیان لە ژێر ناونیشانی (برایەتی نێوان ژینگە و گەشتوگوزار) واژۆ کرد (مۆر کرد) تیایدا هاتووە دەبێت گەشتوگوزار لەسەر بنەمایەکی زانستی چەسپاو کە ڕەچاوی پاراستنی ژینگە بکات، گەشەی پێبدرێت.

هەروەها لە سەرەتای ساڵی 2002دا کۆنگرەیەکی هاوبەش لە نێوان ڕێکخراوی گەشتوگوزاری نێودەوڵەتی ‌و ئەنجومەنی گەشتوگوزار و گەشتکردنی جیهانی لەکەندا لە ژێر ناونیشانی "گەشتوگوزاری ژینگەیی" (Eco-Tourism) بەسترا. کۆمەڵەی نەتەوە یەکگرتووەکانیش لە هەمان ساڵدا هەڵمەتێکی جیهانی بەرپا کرد، بۆ ئەم مەبەستە بە جاڕدانێک پێشنیازی کرد، کە ساڵی 2002 بکرێت بە ساڵی گەشتوگوزاری ژینگەیی، بەئامانجی پەرەپێدانی بیرۆکەی ئەوەی گەشتوگوزار بکرێت بە هۆکارێک بۆ پاراستنی ژینگە.

لەم کاتەی ئێستادا کە مرۆڤ بەهۆی پیسبوون و خراپ بەکارهێنانی ژینگە لەلایەن خۆیەوە، ملیۆنەها مرۆڤ و ئاژەڵ و هەزارها دۆنم لە زەوی خستۆتە مەترسیەوە و بۆتە کێشەی کەمخۆراکی و بەرزبوونەوەی نرخەکەی و زۆربوونی ژمارەی ئەو کەسانەی بەدەست کەمخۆراکیەوە دەناڵێنن، بۆیە پێویستە لەسەر وڵاتانی جیهان ئەوانەی خاوەنی بنەمای گەشتوگوزاری سروشتین، پەرەی پێبدرێت و بکرێتە هۆکارێک بۆ پاراستن و پاک ڕاگرتنی ئاو و ئاوەڕۆکان و نەبڕینەوەی دارستانەکان و کردنەوەی پارێزراوی سروشتی بۆ کۆکردنەوە و پاراستنی ژیانی ئاژەڵان و دواتر کەمکردنەوەی کاریگەری قەتیسبونی گەرمی و کەمکردنەوەی پیسبوونی ئاو و هەوا و دروستکردنی ژینگەیەکی تەندروست بۆ مرۆڤ.