پەڕەی فەیسبووکی ماڵپەڕی ژیانت
Facebook.com/ZhingaParezan

بەرنامەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ ژینگە (UNEP)

ئەنجومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان یەکەمین کۆنفرانسی ژینگەیی لە ستۆکهۆڵم، پایتەختی سوید، بەست لە ژێر دروشمی "ژینگەی ئادەمیزاد". هەر لەم کۆنفرانسەدا ئەنجومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان (٥)ی حوزەیرانی وەک ڕۆژی ژینگەی جیهانی دەست نیشان کرد و بڕیاری دا بە دامەزراندنی بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ژینگە (UNEP) پاشان بریاڕنامەیەک له ‌لایەن ئەنجومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕاگەیەندرا کە ئەمە دەقەکەیەتی:
" بەپێی بڕیاری ٢٩٩٤ بۆ ساڵی ١٩٧٢ ئەنجومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیاری دا بە دەستنیشان کردنی (٥)ی حوزەیران وەک ڕۆژی ژینگەی جیهانی و هەموو ساڵێک لەم ڕۆژە‌دا نەتەوە یەکگرتووەکان و حکومەتەکانی جیهان چالاکی ئەنجام دەدەن بۆ دووپاتکردنەوەی دڵسۆزی خۆیان لە پارێزگاریکردن و پەرەپێدانی ژینگە، لەگەڵ بیرۆکەیەک بۆ قووڵ بوونەوەی هۆشیاری ژینگەیی و پەیڕە‌وکردنی بڕیاری کۆنفرانسەکە".
جۆن مک کۆرمک لە کتێبەکەیدا بە ناونیشانی "نوێ بوونەوەی بەهەشت" دەڵێت: کۆنفرانسی ستۆکهۆڵم بوو به ‌هۆی گەشەسەندنی ژینگەپارێزی نێودەوڵەتی و یەکەمین ڕووداو بوو کە کێشەکانی جیهان لە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری تێدا باس کرا.
ڕۆژی ژینگەی جیهانی بەوە ناسراوە کە وڵاتان پێکەوە بەشداری لە کۆنفرانسەکەدا دەکەن و هەر ساڵەش وڵاتێک بە بەستنی کۆنفرانسەکە‌ میوانداری دەکات و جەخت دەکەنەوە لەسەر کارکردن پێکەوە بۆ پارێزگاریکردن و پەرەسەندنی ژینگە. ‌هەروەها حکومەتەکان و گەلانی هەموو جیهان بەرپرسیارن بەرامبەر ئاگاداریکردنی ژینگە و بەردەوامی هەوڵەکانی پارێزگاری کردنی و پەرەپێدانی بۆ نەوەی داهاتوو. ئەم ڕۆژە‌ لە زۆربەی وڵاتان دەرفەت دەڕەخسێنێت بۆ ئیمزاکردن و مۆرکردنی ڕێککەتننامەی نێودەوڵەتی و دامەزراندنی رێکخراوی حکومی بۆ کاروباری ژێنگە و پلانی ئابووری. له ‌هەمان بۆنەشدا زۆرێک لە سەرۆکەکان بەیاننامە بڵاودەکەنەوە و بەلێن دەدەن بایەخ بە زەوی و سەرچاوه ‌سروشتیەکان بدەن.