پەڕەی فەیسبووکی ماڵپەڕی ژیانت
Facebook.com/ZhingaParezan

كارەساتی چرنۆبل

وێستگەی وزەی ئەتۆمیی (چرنۆبیل) دەکەوێتە دووری ١٣٠ کم ی باکووری شاری (کییڤ)ی پایتەختی ئۆکرانیا و، (١٥ کم)ی باکووری ڕۆژئاوای شاری (چرنۆبیل)ی ڕووسیاوە. لەساڵی ١٩٧٧ بە مەبەستی درووستکردنی ١٠٠٠ میگاوات لە وزەی کارەبا، بەردی بناغەی ٦ کوورەی ئەتۆمی لە ناوچەکە دامەزرا، لەهەمان ساڵدا ٣ لەو کوورە ئەتۆمییانە بۆ ئەو مەبەستە بەگەڕ خران و، ساڵی ١٩٨٣ کوورەی ئەتۆمی (٤) کار پێکرا و کوورەکانی (٥ و ٦) لە درووستکردنیاندا بوون. بەرواری ١٩٨٦/٤/٢٦ هەڵەیەکی تەکنیکی لە بەشی سارکردنەوەی تایبەت بە کوورەی ئەتۆمی (٤) ڕوویدا، کوورەکە ١٦٠ تەن لە یۆرانیۆمی پیتێنراوی جۆری (٢٣٨) و ٥٠٠ تەن لە گرافیتی تێدابوو، ئەم هەڵە و پەکخستنە بووە هۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمای کوورە ئەتۆمیەکە بۆ ٤٠٠٠ پلەی سەدی و ، دزەکردنی بڕێکی زۆر لە مادەی تیشکدەر و بەرزبوونەوەی بۆ ناو هەوا بەبەرزایی (٢٠٠ - ١٠٠٠) م کە ئەمەش تەواو پیسبوونی ژینگەی وشکانی و ئاوی و هەوایی ناوچەکە و ئاوارەبوونی ١٣٠ هەزار لە دانیشتوانی ئەو ناوچەیە و چۆڵکردنی ٣٠ کم لە ڕووبەری لێکەوتەوە و، ١٠ کم ی بە ناوچەی قەدەغەکراو دانرا و جموجووڵی هاتووچۆی تێدا ڕاگیرا و سەرجەم ڕێگەکانی داخران و، ماوەی ١١ ڕۆژ ڕووداوی تیشکدانەکە بەردەوام بوو، ٥٠٠٠ تەن لەمادەی جوراوجۆری ساردکەرەوە و کوژێنەرەوەی ئاگر بەکارهات بۆ کۆنترۆڵکردنی ڕووداوەکە و لەڕێگەی هەلیکۆپتەر و فڕۆکەی تایبەتەوە کارەکان ئەنجامدران و، هەمان ساڵ بەتەواوی کوورەکە بەکۆنکرێت داپۆشرا لەترسی زیاتر دزەکردنی تیشکی ئەتۆمی بۆ دەرەوەی ناوچەکە. ئەم ڕووداوە گەورە ژینگەییە، گیانلەدەستدانی ٢٣ کەس لە کارمەندانی کوورەکە و ئەندامانی تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە و، برینداربوونی ٢٠٣ کەس و ژەهراویبوونی ١٥٠ هەزار هاووڵاتی و پیسبوونی ١٠٠٠ کم چوارگۆشەی لە زەوی ناوچەکە لێکەوتەوە. دواتر پسپۆڕان و تیمەکانی پاراستنی ژینگەیی هەستان بە هەڵکەندن و گواستنەوە و فڕێدانی خۆڵ و گڵی ناوچەکە بە قوڵایی ١٠ سم لە ترسی پیسبوون و ژەهراویبوونی هەر ڕووەک و گیانەوەرێک کە لە ناوچەکەدا بژێت. بە پێی ڕاپۆرتێکی گۆڤاری (مۆسکۆ نیوز) کە لە مانگی شوباتی ١٩٨٩ بڵاوی کردۆتەوە کە بە کاریگەری کارەساتی (چرنۆبیل) لە یەکێک کێڵگەکانی حکومی بەخێوکردنی ئاژەڵان ڕوویداوە کە ٥٠ کم لەو ناوچەیەوە دوورە: تەنیا لە ساڵی ١٩٨٧، ٦٤ مانگا و بەرازی کەمئەندام لەدایکبوون کە هەندێکیان بێ‌ سەر و بێ دەست و قاچ و بێ‌ چاون و، تەنانەت لەو ڕاپۆرتەدا حاڵەتی سەیر و سەرسوڕهێنەر تۆمارکراوه وەکو ئەوەی سەری هەندنێک لە بەرازە لەدایکبووەکان بە سەری بۆق دەچێت!! هەروەها بەپێی ڕاپۆرتێک کە لەساڵی ١٩٨٩ بڵاوکراوەتەوه: ٢٥ هەزار کیلۆمەتری چوارگۆشە لە زەوی ڕووسیا و دەوروبەری بە تیشکی ئەتۆمیی پیسبوون، بەشێوەیەک: (14600کم) لە ڕووبەری بیلۆ ڕووسیا (ڕووسیای سپی)، ٨٢٠٠ کم لە ئۆکرانیا و ٤٦٠٠ کم لە ناوخۆی ڕووسیا بە تیشکی ئەتۆمیی (چرنۆبیل) پیس بوون. جگە لە دەرکەوتنی چەندین جۆری نەخۆشی لە ڕیزی مرۆڤ و ئاژەڵانی ناوچەکەدا، لەوانە بە پێی ئامارێکی ساڵی ١٩٩٤ ، ٥٦٥ مناڵی خوار تەمەنی ١٥ ساڵ تووشی شێرپەنجەی غودەی دەرەقی بوون لەوانە ٣٣٣ مناڵیان لە بیلۆ ڕووسیا و ٢٤یان لە ناوخۆی ڕووسیا و ٢٠٨ منداڵی تریان لە ئۆکرانیا. لەبەر گەورەی کارەسات و ڕووداوەکە و، بەبۆنەی تێپەڕبوونی ١٠ ساڵ بەسەر ئەو ڕووداوەدا، ئاژانسی نێودەوڵەتی بۆ کارەساتی (چرنۆبیل) بە هاریکاری ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی (WHO) و هەندێک لە وڵاتانی ئەوروپی لە شاری (ڤییەنا)ی پایتەختی نەمسا لە ڕۆژانی (٨ - ١٢)ی نیسانی ١٩٩٦ کۆنگرەیەکیان بەست و ساڵانەش لەم ساڵیادەدا کۆنگرەی هاوشێوە دەبەستن.