پەڕەی فەیسبووکی ماڵپەڕی ژیانت
Facebook.com/ZhingaParezan

ڕۆژی جیهانیی ژینگە

لە ٥ی حوزەیرانی هەموو ساڵێك جیهان بە گشتی و ژینگە دۆستان بە تایبەتی یادی بۆنەی ڕۆژی جیهانی ژینگە (EDW) بەرز ڕادەگرن، ئەو ڕۆژەی كە نەتەوە یەكگرتووەكان لە كۆنگرەی )ستۆكهۆڵم(ی تایبەت بە ژینگەوە لە ساڵی 1972دا بە ڕۆژی ژینگە ناساند، هەر لەو ڕۆژەدا (بەرنامەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ ژینگە) (UNEP) دامەزرا.
ئەم ڕۆژە بۆنەیەكە بۆ هۆشیاریی زیاتر لە بواری ژینگەدا و بۆ سەرنجڕاكێشانی سیاسەتمەدار و بڕیاربەدەستانی جیهان بەلای ژینگەدا، دروستكردنی بایەخ پێدانێكی جیهانی بە ژینگە و پێكهێنەرەكانی .
هەروەها ئاماژەیەكە بۆ برەودان بە ڕۆڵی كۆمەڵگا لە گۆڕینی هەڵوێستەكان بە ئاراستەی پاراستن و چاككردنی ژینگە و دروستكردنی هەستێكی جیهانیی لای دانیشتووانی گۆی زەوی بەو بەیەكەوە بەستنەوەیەی كە چارەنووسی هەموویانی بەیەكەوە گرێداوە.
لە ڕۆژی جیهانیی ژینگەدا، پێویستە لە بیری ئەوەدا بین كە دابینكردنی پێداویستییەكانی مرۆڤ لە ڕووی ژینگەییەوە لە مافە سەرەكییەكانی خۆیەتی وەك بەشێك لە مافەكانی مرۆڤ بە گشتی .
دەستكەوتنی ئاوی خاوێنی خواردنەوە و بوونی سیستەمێكی گونجاو بۆ ئاوەڕۆكان و بوونی میكانیزمێكی بێ زیان بۆ ڕزگاربوون لە پاشماوە و پاشەڕۆكان و زیادكردنی ڕوبەری سەوزایی و دووبارە داڕشتنەوەی دیزاینی شارەكان بەئاراستەی كەم كردنەوەی قەرەباڵغی و پاراستنی زیندەجۆرەكان و هەڵگرتنەوەی مینی چینراو و... هتد , لە مافە بنچینەییەكانی مرۆڤن.
بۆ هەموو ئەمانەش بوونی ئیڕادەیەكی بەهێزی سیاسیی و ئیدارەیەكی زانستیانەی ژینگەیی زۆرگرنگن بۆ جێبەجێكردنی ڕێككەوتنامە نێودەوڵەتیەكانی تایبەت بە ژینگە و هاوكاریی نێودەوڵەتیی و كەمكردنەوەی هەژاریی و كۆنتڕۆڵ كردنی جەنگەكان و پەیڕەوكردنی پەرەپێدانی هەمیشەیی و بەردەوام (Sustainable Development) هەنگاوی زۆر گرنگن كە كاردەكەنە سەر گۆڕینی دروشمەكان لە وشەوە بۆ كردار، لە قسەوە بۆ پڕۆژە.
ڕۆژی ژینگه‌ی جیهانی ده‌رفه‌تێكمان بۆ ده‌ڕە‌خسێنی بۆ پێداچوونه‌وه‌ی كاره‌كانمان سه‌باره‌ت به‌ كه‌مكردنه‌وه‌ی هه‌ژاری و زیادبوونی ژماره‌ی دانیشتوان و په‌ره‌سه‌ندنی ئابووری و پاراستنی ژینگه‌ و به‌ڕە‌وا به‌كارهێنانی سامانه‌ سروشتییه‌كان و ڕێگه‌ گرتن له‌ پیسبوونی كه‌ش و هه‌وا و پلاندانان بۆ دواڕۆژ و... هتد.
ڕۆژی جیهانیی ژینگە، هۆكارێكیشە كە بە هۆیەوە گەلان ڕۆژی تایبەتیان بۆ ژینگەی لۆكاڵی خۆیان دیاری كردوە و تیایدا لەسەر ئاستی هەرێمایەتی و نیشتمانی، چالاكی جۆراوجۆر ئەنجام دەدەن لە پێناوی پاراستن و چاككردنی ژینگەدا، بۆ نموونە:
- ٥ی حوزەیرانی هەموو ساڵێك ڕۆژی جیهانیی ژینگەیە.
- ١٤ی تشرینی یەكەمی هەموو ساڵێك ڕۆژی ژینگەی وڵاتە عەرەبیەكانە.
- ١٥ی نیسانی هەموو ساڵێك ڕۆژی ژینگەی عێراقە، كە بە نووسراوی ڕەسمی ئاراستەی ئەنجومەنی حوكمی عێراقم كرد وەك پێشنیار و ئەنجومەنیش بە ڕەسمی پێشنیارەكەی پەسەندكرد و لە ساڵی 2004وە هەموو ساڵێك لەو ڕۆژەدا لە پارێزگاكانی عێراقدا چالاكی جۆراوجۆر ئەنجام دەدرێت.
- رۆژی ١٦ی نیسانی هەموو ساڵێكیش رۆژی ژینگەیە لە هەرێمی كوردستاندا كە پێویستە لەو رۆژەدا گرنگی ژینگە زیاتر بۆ هاوڵاتیان روون بكرێتەوە.