پەڕەی فەیسبووکی ماڵپەڕی ژیانت
Facebook.com/ZhingaParezan

یاسای پاراستنی ژینگە

مرۆڤ بوونەوەرێكی چالاكە و بەردەوام لە كاردایە و بە كارەكانیشی كاریگەیی خراپ لەسەر ژینگە و پێكهێنەرەكانی بەجێ دەهێڵێت. لەگەڵ بوونی سەرمایە و ئارامییشدا پڕۆژەكانی یەك لەدوای یەك دەست پێ دەكەن، جا چ لە بواری خانووبەرە بێت یان هۆكارەكانی هاتووچۆ یان لە دروستكردنی كارگە جۆرا و جۆرەكاندا بێت. بۆیە لەو وڵاتانەی كە (یاسای وەبەرهێنان) پەسەند دەكەن و دەرگا بە ڕووی كۆمپانیاكاندا واڵا دەكەن. لە هەمان كاتدا یان لە پێشتردا (یاسای پاراستنی ژینگە) ئامادە دەكەن بۆ ئەوەی گشت پرۆژەكانی ئەو كۆمپانیایانەی كە لە بواری (پەرەپێدان)دا كار دەكەن. لەبەر ڕۆشنایی هێڵە گشتی و تایبەتیەكانی (یاسای پاراستنی ژینگە) كارەكانیان بەڕێوە ببەن.
گەورەترین هەڵەی ئەو دەوڵەتانەی كە هەڵمەتی پەرەپێدان دەست پێدەكەن، ئەوەیە كە (یاسای وەبەرهێنان) پێش (یاسای پاراستنی ژینگە) پەسەند دەكەن و كاری پێدەكەن، چونكە خاوەن پڕۆژەكانی كەرتی تایبەت بە پلەی یەكەم كار بۆ قازانج دەكەن، ئەگەر یاسایەك نەبێت لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بكات، زۆر كەم بایەخ بە پاراستنی ژینگە دەدەن.
بۆیە لە كاتی بوونی (یاسای وەبەرهێنان) و نەبوونی (یاسای پاراستنی ژینگە)دا، یان دواكەوتنی، ئەوسا ئەو پەرەپێدانەی كە دەكرێت پەرەپێدانێكی بازرگانی و ئابوورییە، نەك پەرەپێدانێكی ژینگەیی، چونكە كارگەكان وەك سەرچاوەیەكی چوار ڕەهەندیی بۆ پیسكردنی ژینگە لە كاردان، بە دووكەڵ و گازە زیانبەخشەكانیان هەوا پیس دەكەن و بە پاشماوە شلەكانیان ئاو پیس دەكەن و بە دەنگەدەنگی مەكینەكانیان ژاوەژاو دروست دەكەن و بە پاشماوە ڕەقەكانیشیان ژێر خاك و سەر خاك پیس دەكەن.
خاوەن پڕۆژەكانی خانووبەرە، لەبەر ڕۆشنایی (یاسای وەبەرهێنان)دا چەند دڵخۆش دەبن بە زیادكردنی ڕووبەری ئاسۆیی پڕۆژەكانیان، لە هەمان كاتدا ژینگە پارێزان ئەوەندە حەز دەكەن لەبەر ڕۆشنایی (یاسای پاراستنی ژینگە) ڕووبەرووی پانتایی سەوز زیاد بكات.
ئەم كۆمپانیا زۆرانەی كە ئێستا لە وڵاتی ئێمەدا كار دەكەن زۆر سوودمەند دەبن لە كاتی نەبوونی (یاسای پاراستنی ژینگە)دا و كارەكانیان بە جۆرێك ئەنجام دەدەن لێرە كە لە وڵاتی خۆیاندا یاسای پاراستنی ژینگە ناهێڵێت بەو جۆرەی ئێرە ئەنجامی بدەن.
پرۆژەكانی دوای (یاسای وەبەرهێنان) دەشێت دیمەنی جوانمان بۆ بەجێ بهێڵن، بەڵام بە بوونی (یاسای پاراستنی ژینگە) دیمەنێكی جوان و ژینگەیەكی پاك و سەلامەتمان بۆ دابین دەكەن.
لەبەر ڕۆشنایی ئەوەی ئاماژەمان بۆ كرد و لەبەر زۆر هۆی تری هاوشێوە، چاكتر وایە (یاسای پاراستنی ژینگە) بەخێرایی سنوور بۆ پەرەپێدانی بێ چاودێری دابنێت، چونكە لە دواجاردا هەر ئەم یاسایە ڕۆڵی سەرەكی دەبێت لە دابینكردنی ژینگەیەكی سەلامەت و ژیانێكی تەندروست، ئەوساش هیچ پرۆژەیەكی پەرەپێدان لەسەر حیسابی ژینگە و پێكهێنەرەكانی نابێت.