پەڕەی فەیسبووکی ماڵپەڕی ژیانت
Facebook.com/ZhingaParezan

ژینگە و دەستوور

لەبەر گرنگی ژینگە و پێکهێنەرەکانی، زۆرێک لەوڵاتانی جیهان لەساڵانێکی زووەوە پرسی ژینگەیان خستۆتە نێو دەستوورەکانیانەوە.
عێراق وەک وڵاتێکی پێکهاتووی دوای جەنگی یەکەمی جیهانیی، زۆر درەنگ باسی ژینگە کەوتۆتە نێو دەستوورەکانیەوە، بۆ نموونە: لە یاسای بنەڕەتی عێراقی ساڵی ١٩٢٥ و لە دەستووری کاتی ساڵی ١٩٥٨ و ١٩٦٣ و ١٩٦٨ و ١٩٧٠دا باسی ژینگە نەهاتووە، ڕەنگە ئەوەش لەبەر ئەوە بوو بێت کە تا ئەوساتە جیاوازی لە نێوان ژینگە و تەندروستیدا نەکراوە، بۆیە لەو دەستوورانەدا تەنیا ئاماژە بۆ تەندروستی کراوە وەک مافێکی ڕەوای هاوڵاتییان.
لە ساڵی ١٩٩١دا ڕەشنووسی پڕۆژە دەستوورێک کەوتە ئاراوە کە هەر بە پڕۆژە مایەوە، بۆ یەکەم جار لە بڕگەی (دووەم)ی ماددەی (٦٤)یدا ئاماژە بەژینگە کرا: "لەسەر هەموو دام و دەزگاکانی دەوڵەت و تاکەکانی گەل پێویستە ژینگە لە پیسبوون بپارێزن و سروشتیش لەو زیانانە بپارێزن کە کار دەکەنە سەر جوانیی سروشت و کارەکانی".
دواتر لە پاش ڕوخانی ڕژێم و لە سەردەمی (ئەنجومەنی حوکم)دا، لە (یاسای بەڕێوەبردنی دەوڵەت)دا لە ساڵی ٢٠٠٤ ژینگە وەکو زاراوە ناوی نەهاتووە، بەڵکو لە نێو مافە بنەڕەتییەکان و ئەرکەکانی حکومەتدا، هەندێ شتی نزیکی ژینگە باسکراوە، ئەوەش لەبەرئەوەی نووسینی یاسای بەڕێوەبردنی دەوڵەت (TAL) جەنگی دەستووری نێوان پێکهاتەکانی عێراق بوو لەسەر مافە نەتەوایەتی و سیاسیی و مەزهەبییەکان، بۆیە لەماددەی (٢٣)دا، ناچار بوون بڵێن: "نابێت وا لێک بدرێتەوە کە ئەو مافانەی باسکراون تەنها مافن بۆ ڕۆڵەکانی گەلی عێراق..".
لەدەستووری هەمیشەیی عێراقدا لەساڵی٢٠٠٥ دا ژینگە بۆ یەکەم جار لە دەستوورێکی هەمیشەیی و دەنگ بۆ دراو و پەسندکراو لە لایەن زۆرینەی گەلانی عێراقەوە، جێگەی خۆی کردۆتەوە لەماددەی (٣٣)دا:
یەکەم: هەموو کەسێک مافی ژیانی هەیە لەژینگەیەکی سەلامەتدا.
دووەم: دەوڵەت و پاراستنی ژینگە و زیندە جۆرەکان و پاراستنیان لەئەستۆ دەگرێت.

لەپڕۆژەی یەکەم ڕەشنووسی دەستووری هەرێمی کوردستانیشدا ژینگە لە ماددەی (٥٧)دا و لە (٣) بڕگەدا باسی هاتووە، کە پێم باشە ئەم گۆڕانکارییانەی تێدا بکرێت: (ڕای عبدالرحمن صدیق)
١/ لە بڕگەی (یەکەم)دا: وا باشە کەوانەکە و وشەکانی نێو کەوانە لابدرێن، چونکە ژینگە زیاتر لەو پێنج وشەیە دەگرێتەوە، واتە بڕگەکە بەم شێوەیەی لێبێت:
"پارێزگاریکردن لەژینگە، بەرپرسیارێتی هەموو کەسە سروشتی و مەعنەوییەکانە، ئەوەی زیان بە ژینگە بگەیەنێت بەرپرسیار دەبێت لە چاککردنەوەی، وێڕای بەرپرسیارێتی بە پێی یاسا".
٢/ بڕگەی (سێیەم) بەم شێوەی لێبێت: "چارەسەرکردنی سەرچاوەکانی پیسکردنی ژینگە و کەمکردنەوەیان لە ئەستۆی حکومەتی هەرێمە، ئەوەش بە یاسا ڕێک دەخرێت".
چونکە ئەو چەند هەنگاوە لە دواوە باس کراون زۆر کەمن و نابێت لە دەستووردا بن بەڵکو جێگەیان لە (یاسای پاراستنی ژینگە)دا دەبێتەوە بە دوور و درێژیی.

لەکۆتاییدا دەبێت ئەو ڕاستیە دووبارە بکەینەوە کە جێکردنەوەی ژینگە لە هەر دەستوورێکدا هەنگاوی یەکەمە و هەنگاوێکە کە خەباتی بەردەوامی پەرلەمان و کۆمەڵگەی مەدەنی و ژینگە دۆستان، حکومەتەکان ناچار دەکات ئەو ئەرکە ژینگەییانەی نێو دەستور جێبەجێ بکەن.