پەڕەی فەیسبووکی ماڵپەڕی ژیانت
Facebook.com/ZhingaParezan

گواستنەوە و ژینگە

گواستنەوە لە جیهان ڕۆژ لەدوای ڕۆژ بەرەو پێشکەوتنی زیاتر هەنگاو دەنێت، بە جۆرێک ساڵانە درێژیی ڕێگەوبانەکان زیاتر دەبن و شەقامی نوێ دروست دەکرێت و هۆکاری گواستنەوەی زیاتریش دروست دەکرێن یان هاوردە دەکرێن. لە ماوەی بیست ساڵی ڕابردوو ژمارەی هۆکارەکانی گواستنەوە بۆ دوو ئەوەندە زیادیان کردووە بە جۆرێک لە هەندێک وڵاتدا نیوەی دانیشتوانی وڵاتەکەی هەر یەکە و هۆکارێکی گواستنەوەی خۆی هەیە. لەسەر ئاستی گواستنەوەی ئاسمانیش، ژمارەی فڕۆکەکان زیاد دەکەن و ژمارەی گەشتەکانیش لە زیادبوون دان، هەروەها گواستنەوە بە هۆی شەمەندەفەرەوە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە گەشەسەندندایە، ئەمە وێڕای گواستنەوە لە ڕێگەی دەریاوە، کە ساڵانە ژمارەی کەشتی و پاپۆڕ و جۆرەکانیان لە تازەبوونەوە دان. دیارە هەموو ئەمانە کاریگەری ئەرێنییان هەیە بۆ گواستنەوەی خێرا و کارئاسانی و بەیەکگەیاندنی خەڵک و گواستنەوەی خێرای شتومەک و پێداویستیەکان، بەڵام لە هەمانکاتیشدا هەموو هەنگاوێکی چاکتر کردنی بواری گواستنەوە، دەبێتە هۆی بەکاربردنی بڕێکی زۆری دەرامەتە ژینگەییەکان، وەک بەکارهێنانی زەوی بۆ ڕێگەوبان و هێڵی شەمەندەفەر و بەندەرەکان و ڕێگەی ئاسمانی بۆ فڕۆکەکان و بەکاربردنی بڕێکی زۆری وزەی ئاو و هەوا و بەنزین و گاز بۆ ئەم مەبەستە، لە ئەنجامدا پیسبوونی هەوا بە گازەکانی ئۆکسیدەکانی کاربۆن و نایترۆجین و هایدرۆکاربۆنەکان و گەردی تۆز و خۆڵ و ژاوەژاو و پیسکردنی ئاوی بەندەر و دەریاکان و زیان گەیاندن بە مرۆڤ و گیانەوەر و ڕووەک. جا بە مەبەستی کەمکردنەوەی زیانەکان و ڕاگرتنی هاوسەنگی لە نێوان ژینگە و پەرەپێداندا، پێویستە وەزارەتی گواستنەوە ئاگاداریی هەنگاوە سەرەتاییەکانی بواری گواستنەوە بێت لە پێناوی پاراستنی پێکهێنەرەکانی ژینگەدا لە ڕێگەی:
١- بایەخدانی زیاتر بە هۆکاری گواستنەوەی گشتی، لە ڕێگەی چاککردنی هێڵەکان و بەکارهێنانی هۆکاری گواستنەوی تازە و قەبارە مامناوەندی و هەوڵدان بۆ کەمکردنەوەی بەکارهێنانی هۆکاری گواستنەوەی تایبەت.
٢- هەوڵدان بۆ بایەخدان بە ڕێگەوبانەکانی ناوخۆی شارەکان و دەرەوە و چاککردنی ڕێگەوبانەکان بە جۆرێک کە خێرایی هۆکارەکانی گواستنەوە زیاتر بکات و ئاسانتر لە ڕێگەوبانەکان بە هۆی قەرەباڵغی و تەنگ و باریکی و ناڕێکی ڕێگەوبانەکان. ٣- هاریکاریکردن لەگەڵ زانکۆکان بە مەبەستی هەوڵدان بۆ چاککردنی جۆرەکانی بەنزین و گاز و چاککردنی مەکینەکان بە جۆرێک کەمترین بڕی ماددەی زیانبەخش بخەنە دەرەوە و نزمترین ئاستی دەنگیش دەربکەن بۆ کەمکردنەوەی ژاوەژاو.
٤- هەوڵدان بۆ کارکردن لەسەر بەرهەمێنانی سوتەمەنی وەک (ئیسانۆل) یان کارکردن بە کارەبا یان غازی شل لە زۆر هۆکاری گواستنەوەدا کە زۆرێک لە وڵاتان ئێستا کاری پێدەکەن.
٥- دوورخستنەوەی فڕۆکەخانەکان لە دانیشتووان و ناوچەکانی نیشتەجێبوون و ڕەچاوکردنی کاریگەریی ئەم خاڵە لە ماستەر پلانی شارەکاندا و کارکردن بە پێوەرە نێودەوڵەتیەکانی بواری فڕۆکەوانی.

لە شارەکاندا چەند شەقامێک تەنها بۆ پیادە


بەپێی ئەو توێژینەوانەی لە بارەی هۆکارەکانی گواستنەوە لەناو شارەکاندا ئەنجام دراون، لەوانەش ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، دەرکەوتووە کە ڕێژەی پیسبوونی هەوا لەڕێگەی هۆکارەکانی گواستنەوەوە دەگاتە نزیکەی ٤٧ ٪ی کۆی گشت ئەو پیسبوونەی کە گشت سەرچاوەکان دروستی دەکەن.
شارەکانی ئێمە بە هۆی خراپی ڕێگەوبانەوە، کەم ئەزموونی شوفێرەکان، خراپ ڕێکخستنی ئاراستەکانی هاتن و چوونی ئۆتۆمبێلەکان و چەند هۆکاری ترەوە، بوونەتە شوێنی لەبار بۆ زیان گەیاندن بەتەندروستی مرۆڤ.
لەناوەندی شارەکانی کوردستان و عێراقدا کە لە کۆنەوە زۆرترین پێداویستیەکانی خەڵکی لەوێدا دەست دەکەون، ئۆتۆمبێلەکانیش بە جۆرەکانی تایبەت و تەکسییەوە دەگەنە هەموو ئەو شوێنانە و لە ئەنجامی تێکەڵبوونی خەڵک و هۆکارەکانی گواستنەوەدا، ماددە پیسکارەکانی وەک یەکەم ئۆکسیدی کاربۆن، ئۆکسیدی نایترۆجین و قورقوشم (pb)ەوە، زیانی گەورە بە هاتوو چۆکەرانی ئەو ناوەندە دەگەیەنن، بۆ نموونە:
یەکەم ئۆکسیدی کاربۆن لەگەڵ هیمۆگڵۆبینی خوێندا یەک دەگرن و ڕێگە لە تەواوکردنی خولی ئۆکسجین دەگرن، مرۆڤ تووشی خنکان دەکات.
ئۆکسیدەکانی نایترۆجین بەیەکگرتنیان لەگەڵ هەڵم و ئاوی باراندا ترشەکانی نتریک دروست دەکەن، کە ماددەیەکی ژەهراوییە.
قورقوشمی نێو بەنزین (pb) دەستی هەیە لەشێواندنی ٣ ٪ی کۆرپەلەکان و قورسبوونی منداڵبوون لە ١٥ ٪ی ئافرەتان و بۆ لەباربردنی لە ٦٠ ٪ی کۆرپەلەش پێش تەواوبوونی پێگەیشتنی، ئەو ڕاستیانەش نزیکەی ٦٠ توێژەر لە ٢٩ دەوڵەتدا کۆک بوون لەسەریان لە کۆنگرەی (WHO)دا لە شاری (کۆبنهاگن) لە ساڵی ١٩٩١و دواتریش درایە کۆنگرەی ژینگە و پەرەپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەرازیل لە ساڵی ١٩٩٢دا.
هۆکارەکانی گواستنەوە بە بەکارهێنانی هۆڕینی وروژێنەریش، کە زۆرجار دەگاتە ٨٠ دێسیبڵ، زیانی زۆر بە کۆئەندامی دەماری مرۆڤ دەگەیەنن، لێدانی زیاتری دڵ، کەمبوونەوەی ئاستی وردبینی، گرژبونی مولولەکانی خوێن و کارکردن لەسەر ناوەوەی گوێ و زۆر زیانی تر بە مرۆڤ دەگەیەنن.
لەبەر هەموو ئەمانەی پێشەوە و هۆی تریش، وڵاتانی پێشکەوتوو شەقامە قەرەباڵغ و ناوەندە چڕەکانی نێو شاریان تەرخان کردووە تەنها بۆ (پیادە) و ئۆتۆمبێل ناتوانێت بچێتە ئەو شوێنانەوە، چونکە بە پێی هاوکێشەی پەیوەندی نێوان ژمارەی مرۆڤەکان و ژمارەی ئۆتۆمبێلەکان لەیەک شوێندا و لەحاڵەتی زۆرتربوونی ژمارەی خەڵکدا، پێویستە ئەو شەقام و ناوەندانە تەنها بۆ پیادە بن.
عەبدولڕەحمان صدیق دەڵێت: ئێمە لەساڵی ١٩٩٢دا لە لقی هەولێری کۆمەڵەی کوردستانێکی سەوز، لە ڕێگەی ڕاگەیاندنەوە هەڵمەتێکمان ڕێکخست بۆ ئەوەی ناوەندی شاری هەولێر تەنها بۆ (پیادە) بێت، پاش ئەوەی بینیمان خاتوو (سیگۆلین ڕۆیال) کاتێک وەزیری ژینگەی فەرەنسا بوو، چەند شەقامێکی تەنها بۆ پیادە تەرخان کرد. ئێستاش جێگەی خۆیەتی لەم بارودۆخە و لەبەر بەرژەوەندی گشتی، کە شارەوانی شارەکانی هەرێمی کوردستان بە پێی پلانێک چەند شەقام و ناوەندێک لە شارە گەورەکاندا تەنها بۆ پیادە تەرخان بکات.