پەڕەی فەیسبووکی ماڵپەڕی ژیانت
Facebook.com/ZhingaParezan

بازرگانی و ژینگە

لە ئەنجامی زۆرێك لەتوێژینەوەكان دەركەوتووە كە پەیوەندیەكی ڕاستەوخۆ هەیە لەنێوان بازرگانی و پاراستنی ژینگەدا، واتە هەتا ئەو كاتەی كەوەزارەتی بازرگانی ڕێوشوێنی گونجاو بگرێتە بەر لەهێنان و هەناردنە دەرەوەی شتومەكدا، ئەوا كاریگەری ئەرێنی لەسەر پاراستنی ژینگە ڕەنگدەداتەوە، پێچەوانەی ئەمەش هەر ڕاستە.
بۆیە پێویستە وەزارەتی بازرگانی زۆر ڕێوشوێنی گرنگ بگرێتە بەر لەپێناو پاراستن و چاككردنەوەی ژینگەدا، لەوانە:
١- جێكردنەوەی ستانداردە ژینگەییەكان و لەبەرچاوگرتنیان لەسیاسەتی ئابووری و بازرگانیدا.
٢- گرنگیدان بەزانینی كاریگەریی بوارەكانی بازرگانی لەسەر پڕۆگرامەكانی ژینگە پارێزی.
٣- بنیاتنانی تواناكان بۆ گەشەپێدان دارشتنی سیاسەتی پاڵپشتكردنی بازرگانی ژینگە دۆستیی بۆ خزمەتی پەرەپێدانی بەردەوامكراو و درێژە پێدراو (S D).
٤- ئاگاداربوون لە هەنگاوەكانی بواری پاراستنی ژینگە و بەردەوام رێكخستنی پەیوەندیی ئەرێنی نێوان بازرگانی و ژینگە.
٥- بەهێزكردنی ڕۆڵی حكومەت لە بواری پارستنی ژینگەدا.

بۆ ئەم مەبەستانە و زۆری تریش پێویستە یاداشتنامەیەكی لێكگەیشتن (MOU) لە نێوان هەردوو وەزارەتی ژینگە و بازرگانیدا هەبێت كە چەند خاڵێك لە خۆ بگرێت بە نموونە:
١- بەهێزكردنی ڕۆڵی بنكەكانی كوالێتی كۆنتڕۆڵ و ناوەندەكانی توێژینەوە و شیكردنەوە ژینگەیی و بازرگانیەكان.
٢- بە هێزكردنی پەیوەندیی نێوان كۆمەڵە و یەكێتی و ڕێكخراوە تایبەتەكانی بواری پەرەپێدانی بازرگانی و بواری پاراستنی ژینگە.
٣- هەماهەنگیی نێوان هەردوولا لە بواری داڕشتن و پەسەندكردنی یاسا و بڕیار و ڕاسپاردەكانی تایبەت بە ئازادیی بازرگانیی و پاراستنی ژینگە.
٤- دۆزینەوە و داڕشتنی ئەو چوارچێوە یاساییانەی كە دەبنە هۆی كەمكردنەوەی كاریگەرییە نەرێكان لەسەر بازرگانی و پاراستنی ژینگە.
٥- داڕشتن و دانانی ڕێوشوێنی گونجاو بۆ رێكخستنی پەیوەندیی نێوان بازرگانی و پەرەپێدانی بەردەوامكراو.
٦- داهێنانی خەڵات و پاداشتی نیشتمانی ساڵانە بۆ ئەو دەزگا و كۆمپانیا و كارمەندانەی كە ڕۆڵی داهێنەر و بەرچاویان هەیە لە هەردوو بواری كوالێتی بازرگانیی و پاراستنی ژینگەدا.
٧- داهێنانی پڕۆگرامی تایبەت بۆ هاندان و پێشبڕكێ لە نێوان دام و دەزگاكانی حكومەت بۆ گرنگیدان بە هێنا و بەكارهێنانی ئەو بەرهەمە پیشەسازییانەی كە دۆستی ژینگەن.
٨- كاركردن بە پێی ستانداردە جیهانییەكانی تایبەت بە هەردوو بواری بازرگانی و ژینگە... هتد.