پەڕەی فەیسبووکی ماڵپەڕی ژیانت
Facebook.com/ZhingaParezan

تێكچوونی هاوسەنگیی نێوان شار و لادێ

پاراستنی هاوسەنگیی لە هاوکێشەی ژمارەی دانیشتووانی شار و لادێ، بایەخێکی یەکجار گرنگی هەیە لەبواری ژینگەپارێزیدا، چونکە ئەو هاوکێشەیە پەیوەندیی هەیە بە دابەشکردنی دانیشتوان بەسەر ڕووبەرە جیاکاندا بە پێی قەبارەی دەرامەتە جۆراوجۆرەکانی ژینگە.
بەڵام ئەوەی جێگەی تێڕامان و سەرنجە ئەوەیە کە ئەم هاوکێشەیە تێکچوونێکی ترسناکی تێکەوتووە کە گێڕانەوەی هاوسەنگیی بۆی ئەرکێکی یەکجار گران و نەخشە و پلانێکی زانستی وردی دەوێت. بە گەڕانەوە بۆ ئامارەکانی زیاتر لەچل ساڵی لەمەوپێش، بەشێوەیەکی دیارتر بۆ ئاماری ساڵی ١٩٦٥ دەردەکەوێت کە ئەوسا ڕێژەی سەدیی دانیشتوانی گوند و لادێ لە چاو ڕێژەی تەواوی دانیشتوانی پارێزگاکان لە هەرێمدا، ڕێژەیەکی بەرز بووە و بەم جۆرەی لای خوارەوە:
سلێمانی ٥٨ ٪ هەولێر ٦٢ ٪ دهۆک ٦٧ ٪ بە وەرگرتنی تێکڕای ئەو ڕێژانەی سەرەوە دەردەکەوێت کەزیاتر لە ) ٦٢ ٪(ی دانیشتوانی سێ پارێزگاکەی ئێستای هەرێم دانیشتووی گوند و لادێ بوونە.
لەساڵی ٢٠٠٧دا بەپێی ئاماری بەرێوەبەرایەتی پلاندانان و بەدواداچوونی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان ڕێژەی سەدیی دانیشتوانی گوند لە هەرێمی کوردستاندا گەیشتۆتە ٢٠ ٪، واتە لەماوەی ٤٢ ساڵدا ٤٢ ٪ی دانیشتوانی گوندەکانی هەرێم ڕوویان لە شارەکان کردووە لە بەر زۆر هۆی وەک ڕاگوێزانی سەردەمی ڕژێم و، پشت گوێ خستنی لادێ و گوندەکانیش لە دوای ڕاپەڕینەوە لە لایەن خۆمانەوە. دیارە ئەم دیاردەی ڕوو لە شار کردنەش تا دێت بەرەو زیادبوون دەچێت و لەگەڵ بەردەوامبوونیشدا زۆر گرفتی ژینگەیی لە شار و لادێکاندا دروست دەکات.
گوند و لادێکان لە ڕووی پشت گوێ خستنی خاک و سەرچاوەکانی ئاو و کەمبوونەوەی بەروبوومی کشتوکاڵدا زیانێکی زۆریان بەردەکەوێت، شارەکانیش بەو ڕووبەرە دیار و ژمارە زۆرەی دانیشتوانەوە تووشی زۆر گرفتی ژینگەیی دەبن لە جۆری گرفتی نیشتەجێبوون و هاتووچۆ و قەرەباڵغی لە بازاڕ و شوێنە گشتییەکان و گرفتی کەم ئاوی و زێراب و ئاوەڕۆ و بەکارهێنانی سوتەمەنی زیانبەخش، ڕازیبوون بە پیشەی کەم قازانج و زیان زۆر بە ژینگە و هەڵس و کەوتی دوور لە هەستکردن بە گیانی شارستانییەت و ڕەوشتی ژینگەیی (Environmental Ethics) و... هتد.
دیارە هەوڵدان بۆ چارەسەرکردنی ئەم گرفتە گەورەیە قسەی زۆرتری دەوێت، بەتایبەت ئەو خاڵانەی کە لە بەرنامەی حکومەتدا هەن لەبارەی گوندەکانەوە وەک:
پشتگیری گەڕانەوە بۆ گوندەکان، زیندووکردنەوەی ئابووری کشتوکاڵی، خود بژێوی ژیانی لادێ، بەزانستی کردنی کەرتی کشتوکاڵ، هێنانی تەکنەلۆژیای سەردەم بۆ زیادکردن و چاکترکردنی بەرهەم، دامەزراندنی پیشەسازی خۆراک، دابینکردنی دەرفەتی کار لە لادێ بۆ بەهێزکردنی ئابوری لادێ و زیادکردنی داهات.