پەڕەی فەیسبووکی ماڵپەڕی ژیانت
Facebook.com/ZhingaParezan

پیسبوونی خاک

خاک بە سێیەم پێکهاتەی ژینگە و بە بەهاترین سامانە سروشتییەکان دادەنرێت، کە بە هۆی چالاکی نادروستی مرۆڤەوە پیسبووە، دەتوانین بڵێین پیسبوونی زەوی بریتییە لە هەر گۆڕانکارییەکی فیزیایی و کیمیایی و بایۆلۆجی لە زەویدا کە دەبێتە هۆی پەکخستنی خاک، هەروەها بەکارهێنانی زەوی کشتوکاڵی بۆ دروستکردنی دامەزراوەی خزمەتگوزاری و ڕێگەوبان و بینای نیشتەجێبوون و کارگە و پاشەڕۆ ڕەق و شل و گازییەکان دەبێتە هۆی پەککەوتنی زەوی کشتوکاڵیی و پیسبوونی، بۆ نموونە ویلایەتە یەکگرتووەکان ئەمریکا ساڵانە نزیکەی ۱ ملیۆن هێکتار زەوی کشتوکاڵی لەناو دەبات بۆ دروستکردنی ڕێگە خێراکان و مەبەستی نیشتەجێبوون و جۆرەها بەکارهێنانی تر، بەڵام ساڵانە نیو ملیۆن هێکتار زەوی چاک دەکرێت بۆ بەکارهێنانی کشتوکاڵیی، بۆیە پێویستە نەخشە دابنرێت بۆ بەکارهێنانی زەوی لە هەموو وڵاتانی جیهاندا لەگەڵ ڕەچاوکردنی ئەو گۆڕانکارییانەی بە سەریدا دێت و ئەندازەی پیسبوونی زەویش بە جیاواز لە سەرچاوەکانی پیسبوون و سەرچاوەکانی دەگۆڕێن، ئەم جۆرە پیسبوونە بە شێوەیەکی زۆر دیار و ترسناک لە کوردستاندا بەدی دەکرێت لە سەرجەم شار و شارۆچکەکاندا کە بەڕاستی ئەمە نیشانەی دواکەوتنی شارستانی و کەمی هۆشیاری و نەزانین و گوێنەدانە بە گرنگی خاک، جێی داخە زۆر لە سەرچاوەکانی خواردن و خواردنەوەمان لە زەوییەوەیە کەچی زۆر بێویژدانانە پیس دەکرێت.

جۆرەکانی پیسبوونی خاک و کاریگەرییەکانی
۱- پیسبوون بە هۆی توخمە کیمیاییەکانەوە: توخمە کیمیاییەکان کە دەبنە هۆی پیسبوونی خاک، زۆرن لەوانە جۆرەکانی توخمە ژەهراوییەکان کە تێکەڵی خاک دەبن و دەبنە هۆی لەناوچوونی ڕووەک و زیندەوەرە سوودبەخشەکان و خاک بەمەش پیسترین جۆری پیسبوون ڕوو دەدات.
٢- پیسبوون بە هۆی تیشکی ناوەکییەوە: دیاردەیەکە بە هۆی جەنگی ناوەکی یان تاقیکردنەوەی چەکی ناوەکییەوە ڕوو دەدات، یان لە ئەنجامی هەرەسهێنانی کوورەی ناوەکی و وێستگە گەورەکانی دروستکردنی کارەبای ناوەکی کە تێیدا زەوی تیشکاوی دەبێت و خاک ئەو تیشکە دەمژێت لە ئەنجامدا دەبێتە هۆی لەناوچوونی ڕووەک و زیندەوەرەکانی خاک.
۳- پیسبوون بە هۆی خاشاک: ئەو خۆڵ و خاشاکەی کە لە ئەنجامی چالاکییە جۆربەجۆرەکانی ڕۆژانەی مرۆڤەوە بەرهەم دێت لە ناو ماڵ و شوێنی کارکردندا ئەگەر بە شێوەیەکی هەڕەمەکی لەسەر خاک ڕۆ بکرێت دەبێتە هۆی پیسبوونی خاک بە تایبەتی ئەو جۆرە توخمانەی خاک ناتوانێت شییان بکاتەوە وەک پلاستیک، ئاسن، شوشە، ئەلەمنیۆم و... هتد.
٤- پیسبوون بە هۆی پاشماوە ئەلیکترۆنییەکان: ئەمەش جۆرێکی تری پیسبوونی خاکە کە بە ڕاستی زۆر ترسناکە چونکه ئەو مادانەی لێی دروستکراون زۆر زیانبەخشن، ئەو ئامێرە ئەلیکترۆنییانەش وەکو پیل و پاتری و کاتژمێر و کۆمپیوتەر و مۆبایل... کە ئێستا ڕێژەیەکی زۆر زیادی کردووە و بە شێوەیەکی ناتەندروست فڕێ دەدرێتە خاکەوە.
٥- پیسبوون بە هۆکاری (ئاودێری) گواستنەوە و تێکەڵبوونی ئاوی سوێراو بە خاک: خاک توشی کەم بەرهەمیی دەکات و لەوانەشه هەر بۆ کشتوکاڵ دەست نەدات، بە هۆی کەڵەکەبوون و بەرزبوونەوەی ڕێژەی خوێ لە خاکەکەدا.
٦- پیسبوون بە هۆکارە سروشتییەکان: ئەم جۆرەش لە ئەنجامی تەقینەوەی گڕکانەکانەوە یان بای توند کە زۆر شت لەگەڵ خۆیدا هەڵدەگرێت، یان بە هۆی دیاردەی بارانی زۆرەوە کە دەبێتە هۆی ڕاماڵین و گۆڕینی سیفەتی خاکەکەیان بە هۆی خۆڵبارین کە ئەمانە هۆکاری سروشتین و دەستی مرۆڤیان تێدا نییە و دەبنە هۆی پیسبوونی خاک لە توانای خاک کەم دەکەنەوە.
۷- پیسبوون بە هۆی پاشەڕۆی نەخۆشخانەکانەوە: هۆکارێکی تری پیسبوونی خاکە چونکە دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی جۆرەها نەخۆشی چونکە ئەم خاشاکە ڕێژەیەکی زۆر لە میکرۆبیان هەڵگرتووە کە ئەم پاشماوانەش بریتییە لە سرنج و دەرزی و لەفاف و موغەزی و ماددەی کیمیایی و پاشماوەی کەرەستەی نەشتەرگەری و برینپێچی.

کاریگەرییەکانی پیسبوونی خاک
١- ئەو بەروبوومانەی کە لەسەر خاکە پیسبووەکان بەرهەم دێن زیانبەخشە بۆ تەندروستی مرۆڤ.
٢- پیسبوونی خاک دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی گەشە و بەرهەمی ڕووەکی.
٣- پیسبوونی خاک دەبێتە هۆی تێکچوونی پێکهاتەکانی خاک.
٤- کاریگەری دەبێت لەسەر بۆڕییە گواستراوەکانی ژێر خاک، چونکە دەبێتە هۆی داخوران و ژنگ هەڵهێنان و تێکچوونی.
٥- پەکخستنی هاوسەنگی خاک.
٦- دروستکردن و بڵاوکردنەوەی گازی میسان و هایدرۆکاربۆنەکان بە هۆی شیبوونەوەی ماددە ئەندامییەکان بۆ ناو هەوا.
٧- دروستکردنی تۆز و خۆڵی زیانبەخش بە هۆی بوونی ئەو میکرۆبانەی کە بە هۆی پاشماوەکان تێکەڵی خاک بوون و کاریگەری زۆر خراپ و ترسناکیان دەبێت لەسەر مرۆڤ.
٨- بوونی بۆنی ناخۆش لە ئەنجامی پیسبوونەوە.
٩- تێکدانی هاوسەنگی نێوان ڕووەک و گیانەوەران لە خاکدا.
١٠- کەمکردنەوەی ڕووبەری سەوزایی.
١١- دەبێتە هۆی زیادکردنی ڕێژەی خوێی لە خاکدا بە هۆی ئاودانی ناتەندروستەوە.
١٢- دەبێتە هۆی پیسبوونی سەرچاوەکانی ئاو.

ڕیگریکردن لە پیسبوونی خاک
ئەم هەنگاوانەی خوارەوە پێشنیارکراون بۆ کەمکردنەوەی پیسبوونی خاک:
١- کەمکردنەوەی بەکارهێنانی پەیینی کیمیایی لە کشتوکاڵیدا، بە بەکارهێنانی پەیینی زیندوو وەکو چاندنی ڕوەکە پاقلەمەنییەکان وەکو نۆک و نیسک کە لە توانایاندایە ڕێژەی نایترۆجینی پێویست بۆ خاک بەرهەم بهێنن بە یارمەتی بەکتریا، کە یارمەتی ڕووەک دەدەن لە گەشەکردن.
٢- دووبارە بەکارهێنانەوەی ماددەکان بۆ لەناوبردنی ئافاتەکان، لەم ساڵانەی دوایدا لە هەموو جیهاندا بەکارهێنان ڕووی لە زیادبوون کردووە بە تایبەتی لە وڵاتە پێشکەوتووەکاندا، ئەو ماددانەش کە بەکار دەهێنرانەوە وەک پاشماوەی خواردنی ماڵان، توخمی سیلۆزی، کاغەز و جۆرەکانی، توخمە نایلۆنی و پلاستیکیەکان.
٣- داپۆشین و دووبارە گەڕانەوەی ماددەکان: ئەمەش وەڵامێکە بۆ چارەسەرکردن و کەمکردنەوەی پیسبوونی خاک و کەمکردنەوەی قەبارەی پیسبوون و پاراستنی سەرچاوەی سروشتی، دەتوانرێت بە کردارێک ماددەکان بگەڕێنرێتەوە بۆ توخمی سەرەتایی و دووبارە سودی لێوەربگرین، کە ئەمە باشترین ڕێگایە بۆ چارەسەرکردنی پاشماوەی مادە زیانبەخشەکان.
٤- گەڕانەوە و دووبارە گەشەپێدانی دارستانەکان: زیادکردنی ڕوبەری سەوزی ڕێگەیەکە بۆ چارەسەرکردن و کەمکردنەوەی کرداری ڕاماڵینی خاک و زیادبوونی ئاوی ژێر زەوی چونکە دارستانەکان هۆکارێکن بۆ پاراستنی ئاوی ژێر زەوی هەروەها بەم ڕێگەیە پاشماوەکانی ڕووەک تێکەڵ بە خاک دەبێت و شی دەبیچتەوە وەکو پەینێکی لێدێت بۆ خاک.
٥- چارەسەرکردنی ماددە ڕەقەکان:
لە بەکارهێنانی ڕۆژانەدا چەندەها تەن لە پاشەڕۆی ڕەق تێکەڵ بە خاک دەکرێت، ئەم پاشەڕۆیانەش وەک شوشە و پلاستیک و پاشماوەی کەرەسەی بیناکاری ..... پێویستە بە شێوازێکی زانستی مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت و چارەسەر بکرێن چونکە بەڕاستی خاک ناتوانێت ئەم ماددانە شی بکاتەوە و بیانگێڕێتەوە بۆ ماددەی سەرەتایی.

داپۆشینی تەندروست بۆ زبڵ و خاشاک
هەموو مرۆڤێک ڕۆژانە بەلای کەمەوە دەبێتە هۆی بەجێهێشتنی یەک کیلۆ گرام لە پاشماوە و زبڵ و خاشاک، لێرەشەوە هەتا ژمارەی دانیشتوان زیاد بکات، قەبارەی زبڵ و خاشاک لە شارەکاندا زیاد دەکات، ئەمە لە کاتێکدا بە پێی ئامارەکان دەرکەوتووە کە لە وڵاتانی باشووری جیهاندا تەنها یەک لەسەر سێی یان چارەکێکی ئەو قەبارەیە کۆ دەکرێتەوە و ئەوی تر بە شێوەیەکی هەڕەمەکی لە دەوروبەری شار فڕێ دەدرێت!
کۆکردنەوەی زبڵ و خاشاکی ماڵان و دوکان و کۆگا بازرگانییەکان زۆر زەحمەتترە لە هی کارگە پیشەسازییەکان، چونکە هی ماڵان و کۆگاکان لەڕووبەرێکی پەرش و بڵاودایە و هەرچی هی کارگەکانە لە یەک شوێندایە.
سەبارەت بەو ئۆتۆمبێلانەی کە شارەوانییەکان بەکاری دەهێنن بۆ کۆکردنەوەی زبڵ و خاشاک، ئەوە ژمارەیان زۆر کەمە و لەبەر کۆن بوونیشیان توانایان کەمتر بووە لە کاردا و لە حاڵەتی ئاساییشدا لە یەک ڕێڕەوی کاردا تەنها دەتوانێت 6 تەن لە زبڵ و خاشاک بگوازێتەوە.
ئەوەی گرنگە لەم باسەدا کۆکردنەوەی زبڵ و خاشاکە بە ڕێکوپێکی بەڵام لەمە گرنگتریش چۆنییەتی داپۆشینی ئەم زبڵ و خاشاکەیە لە شوێنی تایبەت و تەندروست و دیاریکراودا.
لە ڕووی زانستییەوە داپۆشینی تەندروست بۆ زبڵ و خاشاک بە سێ قۆناغدا تێپەڕ دەبێت:
یەکەم: هەڵبژاردنی چەند شوێنێک بە پێی چەند ڕێنماییەک.
دووەم: لێکۆڵینەوە لە شوێنە دیاریکراوەکان و هەڵبژاردنی باشترینیان.
سێیەم: دانانی وردەکاری پێویست بۆ دیزاینکردنی شوێنەکە بە باشترین شێوە.

شوێنی داپۆشینی زبڵ و خاشاک لە سەرەتاوە پێویستە کۆمەڵێک داتا و زانیاری وردی لە بارەوە کۆ بکرێتەوە وەک تۆبۆگرافیای ناوچەکە و بەرزیی و نزمیی، دووری یان نزیکی لە ڕووبار و ناوچەی تەڕ و شێدار، دووری و نزیکی لە ڕێڕەوی ئاوەڕۆی شار، چونکە بەلای کەمەوە پێویستە شوێنی هەڵبژێردراو بۆ داپۆشینی زبڵ و خاشاک نزیکەی ٣٦٥ م یان زیاتر دوور بێت لە هەر سەرچاوەیەکی ئاوی خواردنەوە.
هەروەها پێویستە جۆری زبڵ و خاشاکەکەش بزانرێت ئایا لە جۆری ترسناکە یان ئاساییە.
خاڵێکی تری گرنگ سەبارەت بەم باسە ئەوەیە کە ئیتر باوی ئەو دەستەواژەیە نەماوە لەم سەردەمەدا کە جاران دەگوترا پێویستە زبڵ و خاشاک لە شوێنێک فڕێ بدرێت دوور لە شار، چونکە ئەمڕۆ یەکەم: بەهیچ شێوەیەک ڕێگە نادرێت زبڵ و خاشاک بە بێ داپۆشین و لەچاڵنان لەسەر زەویدا فڕێ بدرێت، دووەمیش: ئەمڕۆ شوێنێک نەماوە بەناوی دوور، چونکە ئەو شوێنەی لە شارێکەوە دوورە، بەڵام هەمان شوێن لە شارۆچکەیەکی ترەوە نزیکە و زیان بە دانیشتوانی ئەو شوێنە دەگەیەنێت. بۆیە بابەتی داپۆشینی تەندروست بۆ زبڵ و خاشاک ئەمڕۆ بۆتە زانست و پێویستە قسەی زیاتری لە بارەوە بکرێت.

گۆڕەپاشەڕۆ - شوێنی فڕێدانی پاشەڕۆ