پەڕەی فەیسبووکی ماڵپەڕی ژیانت
Facebook.com/ZhingaParezan

پاراستنی ژینگە و ئەزموونی گەلان

لەهەر بوارێکی زانستیدا کەپێشکەوتن بەدی دەهێنرێت، ئیدی ئەو پێشکەوتنە دەبێتە موڵکی هەموو مرۆڤایەتی، بۆیە لەبوارەکانی ژیاندا هەڵەیە هەمیشە بچین لە سەرەتاوە دەست پێ بکەین، بەڵکو پێویستە لەوێوە دەست پێ بکەین کەخەڵکانی تر پێی گەیشتوون.
بۆ ژینگە لەبواری پراکتیکدا پێشکەوتنی گەورە بەدەست هاتووە لەبواری پاراستن و چاککردنیدا، بۆیە ئێمە ئەمڕۆ پێویستە سوود لە دەرئەنجام و داهێنراو و تەکنەلۆژیا و ئەو ئامێرانە وەربگرین کە لە وڵاتانی تردا پێی گەیشتوون.
(فۆجی مۆتۆ تۆشی هیکۆ)ی بەڕێوەبەری کارگێڕی لە کۆمپانیای (شارپ) لە سمینارێکدا لە (تۆکیۆ)ی پایتەختی ژاپۆن باسی ئەوەی کرد کە سەدەی بیست یەکەم سەدەی زیاد بەکارهێنانی وزەیە، بۆیە پێویستە گەلان بیر لە سەرچاوەکانی وزەی خاوێن و وزە نوێبووەکان بکەنەوە وەک وزەی (با، خۆر، ئاو، گەرمی ناخی زەوی، زیندە بارستەییەکان) بە مەبەستی بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا لە گشت ئەو شوێنانەی کە کارەبایان نییە، بۆ ئەم مەبەستەش چەندین ئامێریان داهێناوە کە دەکرێت سوودیان لێ وەربگیرێت.
سەبارەت بەچۆنیەتی ڕزگاربوون لە پاشەڕۆی ئاودەستی ماڵان کە تا ئێستا لای ئێمە دوو ڕێگە هەیە کە بریتین لە بیری ناو ماڵ یان زێراب و ئاوەڕۆ کە لە هەردوو حاڵەتدا گرفتی زۆر دروست دەکەن. (د. ئیمۆرە ماشاهیرۆ)ی بەڕێوەبەری کۆمپانیای (فۆجی کلین) سیستەمێکی نوێی نیشان دا کە پێی دەڵێن سیستەمی )جۆکاسۆ( بۆ چارەسەری پاشەڕۆی ئاودەستی ناو ماڵان کە ئەو سیستەمە بریتییە لە تانکییەک کە ئاسان دادەنرێت و بە نرخێکی کەم و لە گشت ژاپۆندا نزیکەی ٤٥ کۆمپانیا ئەو سیستەمە دروست دەکەن و هەتا ساڵی ٢٠٠٢ نزیکەی (٨،٠٨٠،٠٠٠) یەکە لەو سیستەمە بۆ ماڵان دانراوە کە یەکسەر پاشەڕۆ لە ئاودەستەوە بۆ ئەو تانکییە دەچێت و لە ڕێگەی هەندێ کارلێکی کیمیاوییەوە یەکسەر پاشەڕۆکان دەگۆڕێت بۆ ئاوێکی بێ زیان کە بۆ ئاودانی باغ و باخچەی ماڵ بەکاری دەهێنن! سەبارەت به ڕزگاربوون لە کەلوپەلی بەکارهاتووش (ئیتۆ سایورۆ)ی بەڕێوەبەری کۆمپانیای (ئیبارا) زۆر دژی ئەو سیستەمە دواکەوتووە بوو کە زبڵ و خاشاک بێ مامەڵەکردن بە هیچ مادەیەک دەسوتێنرێت یان ژێر خاک دەکرێت! چونکە لەم سەردەمەدا بە مەبەستی دووبارە کۆکردنەوە و دروستکردنەوە و بەکارهێنانەوە مەسەلەی پاشماوەی شتومەکەکان سەرمایەیەکی یەکجار گەورەیە لە ڕووی ئابوورییەوە کە دەکرێت بە سیستەمی (Recycling) مامەڵەی گونجاوی لەگەڵدا بکرێت.
سەبارەت بە چۆنیەتی سوودوەرگرتن لەم داهێنراوەش (ئیزاوا تاداشی) جێگری سەرۆکی (سەنتەری هاوکاری نێودەوڵەتی ژاپۆن) (JICA) جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ئەوان ئەگەر پرۆتۆکۆڵیان لەگەڵدا بکرێت دەتوانن لە بواری ژینگەدا یارمەتی هەر وڵاتێک بدەن وەک ئێستا لە هەریەک لە سوریا و ئوردەن و میسر و تونس و عومان و قەتەر و سعودیە و یەمەن و.. هتد, لە بوارەکانی بانکی زانیاری چاودێری بەڕێوەبردندا یارمەتی پێشکەش دەکەن ئەمە جگە لە (بانکی ژاپۆن بۆ هاوکاری نێودەوڵەتی).
(JBIC) کە )ئۆکامۆتۆ ئیوا(ی جێگری سەرۆکی ئەو بانکە ئاماژەی بەوە کرد کە ئەوان لە ڕێگەی باڵیۆزخانەی خۆیانەوە لە هەر وڵاتێکدا پەیوەندی دەبەستن بۆ هاوکاری لە بواری ژینگەدا. بۆیە دەکرێت سوود لەو پڕۆژانە وەربگیرێت کە لە بواری ژینگەدا ئامادە دەکرێت. جگە لەژاپۆن لە زۆر وڵاتی دیکەی ئەوروپی و ئەمریکی پڕۆژەی کرداری و پراکتیکی زۆر هەن کە دەکرێت سوودیان لێ وەربگرین بۆ ئەوەی ژینگە لە ڕێنمایی و تیۆریەوە بەرەو چارەسەری تەکنەلۆژیی و پراکتیکی بەرین.