پەڕەی فەیسبووکی ماڵپەڕی ژیانت
Facebook.com/ZhingaParezan

سایكۆلۆژیای ژینگە

پرسی ژینگە، پرسێکی نوێیە و زیاتر دوای پیسبوونی گۆی زەوی بە پاشماوە و گاز و دووکەڵ و لەناوبردنی دارستەکاندا هاتۆتە کایەوە، ئێستاش گێتی بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما و تەنکبوونی چینی ئۆزۆن کە وا مەترسی لەناوچوونی لێدەکرێت، ئەوا لە هەموو کات زیاتر پێویستیمان بە شارەزایی لەم بوارە هەیە، ئەم وتارەش وەک سەرەتایەکە بۆ باسکردن لە سایکۆلۆژیای ژینگە.

ژینگەی سایکۆلۆژی: بریتیە لە و لایەنانەی یاخود ئەو ڕەهەندانەی ژینگەی دەرەوەی مرۆڤ کەوا کاریگەریان لەسەر مرۆڤ هەیە لە ڕووی ڕەفتار، قسەکردن یان هەر کاریگەریەکی تر.

ژینگەی کاریگەر:

ئەو کات ژینگە گرنگی پێدەدرێت گەر کاریگەری لەسەر مرۆڤ هەبێت، جا ئەم کاریگەریە ڕاستەوخۆ یان ناراستەوخۆ بیت، کەواتە دەبێت ژینگە کاریگەر بێت و مرۆڤەکە کارتێکراو بێت، بۆ نموونە ڕەنگە ئێمە زۆر گوێ نەدەینە ئەو پەنجەرەی لە ژوورەکەمان هەیە، بەلام بە دەنگەدەنگی ئوتومبێلی شەقام وەرس و بیزار دەبین، بۆیە تاکو زیاتر لە سایكۆلۆژیای ژینگە تیبگەین، پێویستە ئەم خاڵانەی خوارەوە ڕەچاو بکەین:
١- سایکۆلۆژیای ژینگە چیە؟
٢- چ پێویستیەک بووە هۆی سەرهەڵدانی؟
٣- بابەتەکانی، بوارەکانی چین؟
٤- چۆن لە گرفتەکانی ژینگە ئەکۆڵێتەوە؟
٥- کاریگەریەکانی ژینگە لەسەر مرۆڤ چین؟
٦- هۆشیاری و ڕۆشنبیری و کاریگەریان لەسەر ژینگە.
٧- ئەو بیردۆزانەی باس لە پەیوەندی نیوان ژینگە و ڕەفتاری مرڤ ئەکەن.
٨- جۆرەکانی ژاوەژاو و کاریگەریان لەسەر ژینگە.
٩- پەیوەندی نێوان کەشوهەوا لە لایەک و ڕەفتاری مرۆڤ لە لایەکی تر.
١٠- کاریگەری کارەسات و بومەلەرزە و گڕکانەکان لەسەر ژینگە.
١١- لایەنە مەترسیەکانی ژینگە.
١٢- پیسبوونی ژینگە.
١٣- ئەو شوێنەی مرۆڤ لە دەروبەر داگیری ئەکات.
١٤- کاریگەری قەرەباڵغی و چڕی دانیشتوان.
١٥- بارودۆخی شارە گەورەکان.
١٦- باڵەخانە و کاریگەری لەسەر مرۆڤ، بوونی ماوە لە نیوان باڵەخانەکان، هەواگۆرکێ، ساردی و گەرمی ژوورەکان، پەنجەرە، ڕوناکی…هتد.
١٧- کاریگەری ڕەنگ، دەنگ، جوانسازی، سەوزایی... هتد.

کەواتە خاڵیکی گرنگ کە وا سایکۆلۆژیای ژینگە گرنگی پێدەدات: بریتیە لە گۆڕینی ڕەفتاری مرۆڤ، بە جۆریک کەوا بتوانێت ژینگە لە پیسبوون و تیکدان و لەناوبردن بپارێزێت، ئەمەش لە ڕیگەی هۆشیارکردنەوە و پەروەردە و بەکارهێنانی تەکنیکی هاندانی وەک پاداشت و سزا (نموونە: چاندنی دار لە مال بەرامبەر خوشبوون لە باجی خانووبەرە)، کەمکردنەوەی مەسرەفی ئۆتۆمبیل (بەنزین)، بەفیرۆ نەدانی ئاو، کارەبا، نەشکاندنی دار، کەلوپەلی گشتی، کاریگەری دەنگی فرۆکە لەسەر شارەکان.

کەی سایکۆلۆژیای ژینگە سەری هەڵدا؟

سەرەتای سایکۆلۆژیای ژینگە دەگەرێتەوە بۆ کۆتایی شەستەکان، ئەویش بە هۆی زیادبوونی گرفتەکانی ژینگە و پیسبوونی، لەساڵی ١٩٧٠دا کۆمەڵێک زانا پەیدا بوون، ناویان لە خۆ نا زانایانی سایکۆلۆژیای ژینگە، گرنگیان بە کاریگەری ژینگە لەسەر ڕەفتاری مرۆڤ دەدا، یەکێک لە خاسیەتەکانی ئەم زانستە ئەوەیە، سەیری هەموو ژینگە دەکات بەگشتی، نەک تەنها لایەنیک، وەک کاریگەری ژاوەژاو و قەرەباڵغی لە شوێنی گشتی و قوتابخانە و بازار..هتد چونکە ئەمانە کاریگەریان لەسەر جەستە و دەروونی مرۆڤ هەیە ئەو ڕاستیانەی سایکۆلۆژیای ژینگە پشتی پێ دەبەستێت لە زانستەکانی تری وەرگرتووە وەک دەروونناسی، کۆمەلایەتی، زانستی سیاسی، بیناسازی، زانستی ئەخلاق… هتد، سایکۆلۆژیای ژینگە زانستێکی نوێیە و بە هۆی پێشکەوتنی پیشەسازی و پیسبوونی ژینگە هاتۆتە کایەوە .

ئەو هۆکارانەش بوونە هۆی سەرهەڵدانی بریتین لە:

١- گەورەبوونی گرفتی پیسبوونی ژینگە لە وڵاتە تازە گەشەسەندووەکان.
٢- زیادبوونی گفتوگۆ لەسەر ڕۆڵی هەریەک لە بۆماوە و ژینگە لەسەر بیرکۆلی و نەخۆشیە ژیریەکان، ئایا ژینگە کاریگەری هەیە؟ هۆی زیادبوونی ئەم گرفتانە چیە لە ناوچەی ژینگەی پیسدا.
گرنگی سایکۆلۆژیای ژینگە لەم خاڵانەی خوارەوە ڕوون دەبێتەوە:
١- ژینگەکەمان تووشی پیسبوون و پشتگوێخستن و لەناوبردن و کاولکردن بووە، بە هۆی دەستدرێژیەکانی مرۆڤەوه.
‌٢- هەوڵدانی مرۆڤ بۆ لەناوبردنی هەموو دیاردەیەکی زیندەگی (ئاژەل/ڕاوکردن)، (درەخت بڕینەوە).
٣- پیسبوونی ژینگە بە ماددەی ژەهراوی و تیشک و دووکەڵ و ژاوەژاو، ئەمەش کار دەکاتە سەر هاوسەنگی ژینگە و مرۆڤ تووشی گرفتی کۆمەڵایەتی و شوێنی کار و گرفتی جەستەیی (وەک بیستن) و گرفتی دەروونی دەکات.
٤- بوونی پەیوەندی لە نێوان ڕەفتاری مرۆڤ و ژینگەی دەرووبەر وەک زیادبوونی تاوان لە شوێنی قەرەباڵغدا، بۆیە یەکێک لە پێناسە سادەکانی سایکۆلۆژیای ژینگە بریتیە لەو زانستەی لە پەیوەندی نێوان ژینگەی ماددی (فیزیکی) و ڕەفتاری مرۆڤ.
٥- سەرنەکەوتنی هەوڵ و تەقالاکان بۆ گۆرینی ڕەفتاری مرۆڤ بەرامبەر ژینگە، بۆیە سایکۆلۆژیا وەک زانست هاتە مەیدان ئەم بوارە چارەسەر بکات. بۆیە دەتوانین بلێین پرسی ژینگە پەیوەستە بە پەروەردە- ڕەفتار- لایەنی دەروونی.

بوارەکانی سایکۆلۆژیای ژینگە

١- بواری پەیوەست بە گەشەسەندن.
٢- بواری پەیوەست بە گرفتەکانی ژینگە و دەست نیشانکردنیان.
٣- بوارەکانی تایبەت بە گۆرینی ڕەفتاری مرۆڤ لە پیناو ژینگەدا.
١- بواری پەیوەست بە گەشەسەندن: مەبەست لێی دابینکردنی ژینگەیەکی گونجاو لە ڕووی دەروونیەوە وەک (پۆل، ماوەی نیوان دوو قوتابی /ژووری نەخۆشخانە)، ڕەنگ، دەنگە دەنگ، ڕووناکی، کەمی ماوەی نێوان دوو کەس، ئەمانە هەموو کاریگەریان هەیە لەسەر ڕەفتاری مرۆڤ، هەر جێگایەکیش تایبەتمەندی خۆی هەیە، دیزاینی پۆلێکی خویێندن دەبێت جیاواز بێت لە دیزاینی ژووری نەخۆش!
٢- بواری پەیوەست بە گرفتەکانی ژینگە و دەست نیشانکردنیان: هەموو پیسبوونێکی ژینگە کاریگەری خۆی هەیە، کاریگەری قورقوشم لەسەر ژیری، دووکەڵی ئۆتۆمبیل لەسەر کێشی منداڵ!! *ئەمەش دەوەستێتە سەر ڕێژەی پیسبوون و ماوەی بەرکەوتن (وەک تاوەرەکانی تەلەفۆن و ئینتەرنێت)، *هۆکارە کۆمەڵایەتیەکانیش ڕۆلیان هەیە وەک: لە هەندیک باردا بەرگەگرتنی منداڵ، ئافرەت، پیر، هەژار کەمترە لە دەولەمەند، گەنج، تەندرووست.
٣- بوارەکانی تایبەت بە گۆرینی ڕەفتاری مرۆڤ لە پیناو ژینگەدا: *پەروەردەی ژینگەیی (بکرێتە وانەیەک بۆ خوێندن) *ریکلام و پڕوپاگەندە (ڕۆڵی میدیاکان).
ئەمەی سەرەوە تەنها سەرەتایەک بوو بۆ باسکردن لە ڕۆڵی سایکۆلۆژیا لە ژینگە کەوا چەندە گرنگی هەیە، بێگۆمان سایکۆلۆژیا ئەو کاتە ئەسپی خۆی لەو بوارە تاودا، کاتێک زانایانی بواری ژینگە بۆیان دەرکەوت بەبی قسەکردن لەسەر دەروون و ڕەفتاری مرۆڤ و کارکردن بۆ گۆرینیان مەحاڵە بتوانین ژینگە بپاریزین!