پەڕەی فەیسبووکی ماڵپەڕی ژیانت
Facebook.com/ZhingaParezan

ژینگە و پەروەردە و فێركردن

بابەتی ژینگە لە وڵاتی پێشکەوتوودا بابەتێکی پەیوەستە بە پەروەردە و فێرکردنەوە پێش هەموو شتێک، هەر لەبەر ئەمەشە ژینگە وەک بابەتێکی زیندوو لەباخچەی ساوایانەوە دەست پێ دەکات، سەرەتاکانی ژینگە و پێکهێنەرەکانی و ماددە پیسکارەکانی ژینگە و چۆنییەتی کۆنتڕۆڵکردنی پیسبوونی ژینگە، چارەسەرکردن و چاککردنی ژینگە بایەخی تیۆری و پراکتیکی پێدەدرێت. دواتریش لەئاستەکانی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەییدا پلە بەپلە بابەتی ژینگە بەرەو ژورتر هەڵدەکشێ، بەشێوازی فراوانتر دەخوێنرێت، بۆیە دواتر بەشێوەی وردتر و وەک پسپۆڕێتی لەپەیمانگا وکۆلێژەکان دەخوێنرێت، لەئەنجامدا پرۆسەی پەروەردە و فێرکردن و ناوەندەکانی خوێندن بەگشت قۆناغەکانیەوە ژمارەیەکی یەکجار زۆر فێرخواز و قوتابی و خوێندکار پێدەگەیەنن وتوێژێکی رۆشنبیر و فێرکراو لەبارەی ژینگەوە کاردەکات بۆ رۆشنبیرکردنی بەشێکی دیکەی کۆمەڵگە.

وڵاتانی پێشکەوتوو هەر لە سەرەتاوە پڕۆگرامی بابەتی ژینگەیان لە دووتوێی بابەتەکانی جوگرافیا و بایلۆژی و جیۆلۆجیدا چەسپاند و لە هەموو قۆناغەکانی خوێندندا ئاماژە دراوە بە بابەتی ژینگە و چۆنییەتی پاراستنی و بایەخی بابەتیان بە شێوەیەکی زانستی بۆ خوێندکاران شی دەکردەوە، تا کار گەیشتە ئەو ئاستەی بابەتی ژینگە کرایە پڕۆگرامێکی سەرەکی و لە قۆناغەکانی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەییدا دەخوێندرێت، ئەم بابەتە لەسەر ئاستی پەروەردەیی و ژینگەیی و تەنانەت سیاسیش بایەخێکی تایبەتیان پێدراوە و بە بەردەوامی پڕۆگرامەکان نوێ کراونەتەوە و بابەتی نوێتر و پڕبایەختریان بۆ زیاد کردووە.
لەسەر ئاستی نێودەوڵەتییش دام و دەزگاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بە بەردەوام پاڵپشتی ماددی و زانستی گەلێک لە وەزارەتەکانی پەروەردەی وڵاتانیان کردووە تاوەکو مەسەلەکانی ژینگە و مەترسییەکانی بە شێوەیەکی زانستی بخەنە ڕوو هەروەها ئاڕاستەی خوێندکارانیش بە شێوەیەک بکرێت کە هەست بە گرنگی و بایەخی ژینگە بکرێت و بتوانرێت لە ئایندەدا نەوەیەکی بەرپرس و هەستیار بهێنێتە دی کە لە ماهییەتی ژینگە و پێکهاتەکانی تێبگەن و بتوانن کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی لە لەناوچوون بپارێزن و ئاییندەی ئەستێرەی زەویش بە زیندوویی بهێڵنەوە و گرنتی مانەوەی مرۆڤ بدەن لە چوارچێوەی ژینگەیەکی لەباردا، چونکە ئەو گەل و هاوڵاتیانەی کە بە شێوەیەکی زانستی لە مەترسییەکانی ژینگە دەگەن، بە باشیش دەتوانن هەوڵ و کۆششی خۆیان بخەنەگەڕ لە پێناو پاراستنی ژینگەی وڵاتەکانیان و جیهان، چونگە کاریگەرییەکانی پەروەردەی ژینگەیی لە ئایندەدا لەسەر هەردوو ئاستی ڕەسمی و ڕێکخراوەیی ئاسەوارەکان بەجێ دەهێڵێت، بۆ نموونە لەسەر ئاستی ڕەسمی گۆشکردنی خوێندکاران و هاوڵاتیان دەبێتە مایەی هاتنەکایەی چەندین دامودەزگای ڕەسمی چاودێر و بەرپرس کە بە بەرپرس کە بە بەردەوامیی حوکومەت و هاوڵاتیان ئاگادار دەکاتەوە لە مەترسییەکانی پیسبوونی ژینگە و ڕێ دەگرێت لە هەموو ڕەفتارە دژ بە ژینگەییەکان، هەورەها پەروەردەی ژینگەی دروست دەبێتە مایەی دروستبوونی چەندین ڕێکخراوی ناحکومی چالاک لە بواری کۆمەڵگەی مەدەنیدا کە لە هەوڵی بەردەوامی چاودێری ژینگەدان، بە تایبەتی ئەو ڕەفتار و کارە بەدانەی کە دژ بە ژینگە ئەنجام دەدرێن.

سەبارەت بەهەرێمی کوردستانیش، وەزارەتی پەروەردە دەتوانێت لەڕێگەی هاریکاری و یاداشتنامەی لێکگەیشتنەوە لەگەڵ وەزارەتی ژینگەدا، رۆڵێکی باشتر بگێڕێت بۆ پێگەیاندنی فێرخوازی زیاتر لەناوەندەکانی خوێندندا، بەبایەخدان بەبابەتی ژینگە و پاراستنی ژینگە، بەتایبەتی لە هەرێمی کوردستاندا نزیکەی١٥٠ باخچەی ساوایان تا ئێستا هەن، بەپێی ئامارێکیش نزیکەی ١٠٠ باخچەی تر پێویستە بکرێنەوە، ئەمە جگە لەنزیکەی زیاتر لەپێنج هەزار قوتابخانە بۆ قۆناغە جیاجیاکانی خوێندن، کە نزیکەی زیاتر لەیەک ملیۆن قوتابی تێیاندا دەخوێنن، لەبارەی باشترکردنیشدا کوردستان پێویستی بەیەک هەزار قوتابخانەی دیکە هەیە بۆ گشت ئاستەکانی خوێندن، لێرەوە ئەگەر بابەتی ژینگە بەپێی بەرنامەیەکی نەخشە بۆ کێشراو ئامادەبکرێت، ئەوا بەپێی کردەیەکی بیرکاری ئاسان دەتوانین بڵێین کە زیاتر لەیەک ملیۆن قوتابی ساڵانە قۆناغ لەدوای قۆناغ و پۆل لە دوای پۆل باشتر لەبابەتی ژینگە پارێزی دەگەن، بەتەواوکردنی قۆناغەکانی خوێندنیش، ژمارەیەکی بەرچاوی دەرچووان لە قۆناغەکانی خوێندن دەتوانن کۆمەڵگە رۆشنبیر بکەن بە ژینگە و گرفتەکان و خستنەرووی پێشنیار و دۆزینەوەی رێگا بۆ چارەسەرە کردنی هۆکارەکانی ژینگە پیس کردن.

ئەوەی لێرەدا جێگەی خۆیەتی ئاماژەی پێبکرێت نەبوونی پڕۆگرامێکی خوێندنی سەربەخۆیە لە بواری (پەروەردەی ژینگەیی) لە هەرێمی کوردستاندا، بۆ نموونە پڕۆگرامەکانی خوێندن لە بوارەکانی وەک پەروەردەی هونەری و نیشتمانی و ئایینی هەیە و لە گشت ئاستەکانی سەرەتایی و ناوەندیی و ئامادەییدا دەخوێندرێت، بەڵام لە ماوەی دوای ڕاپەڕینەوە هەتا ئێستاشی لەگڵدا بێت زۆر بە جدی بیر لە بابەتی (پەروەردەی ژینگەیی) نەکراوەتەوە و لە بوراری پەروەردەدا ئەو بایەخە پێویستەیان پێنەداوە، بۆیە تێبینی ئەوە دەکرێت خوێندکار و هاوڵاتی کورد ڕۆشنبیرییەکی ژینگەیی زۆر لاوازە یاخود هەر نییە و ئەم کەلێنەش لە ژیانی تاکی کورددا بە زەقی ڕەنگی داوەتەوە، هەر لە دیزاینی خانووبەرە و جۆری جلوبەرگ و خۆراک و بەکارهێنانی ئوتومبێل و کەلوپەلەکاندا، نەشارەزایی لە بواری ڕۆشنبیری ژینگەییدا بووەتە مایەی دروستبوونی چەندین گرفت و کێشە لە نێو ماڵ و شوێنی کارەکانماندا و لەسەر ئاستی شارەکانیش بە کۆمەڵ خەریکە سیستەمی ژینگەیی ئاو و هەوا و خاکمان تێک دەچێت.

بۆیە پێویستە لیژنەیەکی پسپۆڕ لە بواری ژینگە پێک بهێنرێت بە مەبەستی دانانی پڕۆگرامێکی خوێندن لە بواری ژینگەدا بە ناونیشانی (پەروەردەی ژینگەیی) بۆ هەردوو قۆناغی سەرەتایی و ناوەندیی یان ئامادەیی وەکو پڕۆگرامێکی سەرەکی و هەوڵ بدرێت چەمکە سەرەکییەکانی ژینگە لە شێوەی ناساندنی ژینگە و جۆرەکانی و بایەخی ژینگەی سروشتی لە ژیانی مرۆڤدا و ئەو مەترسییانەی کە ژینگەی جیهان بە هۆی کارە نابەجێکانی مرۆڤەوە دووچاری بووەتەوە، هەروەها هەوڵ بدرێت ئاماژە بە ژینگەی کوردستان بدرێت ئەو مەترسییانەش دەستنیشان بکرێت کە ژینگەی کوردستان دووچاری بووەتەوە. هەروەها ئەم چالاکییانەش لە قوتابخانەکاندا پەیڕەو بکرێت:
١- ئەنجامدانی گەشتی ژینگەیی بۆ قوتابیان و ئاشناکردنیان بەشوێنە جیاجیاکان و بەستنەوەی گەشتەکە بەبابەتە خوێنراوەکان.
٢- ئەنجامدانی پێشبڕکێی ساڵانە لەنێوان قوتابخانەکاندا لەبارەی بابەتە ژینگەییەکانەوە، هەروەکو پێشبڕکێی وەرزشی و هونەری و ئەدەبی.
٣- کردنەوەی پێشانگای ساڵانەی ژینگەیی بۆ قوتابخانەکان.
٤- کردنەوەی چادرگە و خێوەتگەی ساڵانەی ژینگەیی.
٥- هاندانی دەستپێشخەری ژینگەیی لەلایەن قوتابیانەوە و کردنەوەی دەفتەری ژینگە بۆ قوتابیان و تۆمارکردنی چالاکی مانگانەیان تێیدا.

هەروەها هەوڵ بدرێت لە کەناڵە زانستی و پەروەردەییەکانیشدا بەرنامەی زانستی و پەروەردەیی تایبەت تەرخان بکرێت بۆ پیشاندانی فلیم و بەرنامەی پەروەردەیی و ڕێنمایی سەبارەت بە ژینگە و لە دەرئەنجامدا فۆرمەلەی ئامانجە زانستییەکە بە شێوەیەکی پەروەردەیی بکرێت تاوەکو لە ئایندەدا نەوەیەک گۆش بکەین ڕێزی ژینگەیان لا بێت و وەکو بەهایەکی بەرز مامەڵەی لەگەڵدا بکەن و بتوانێت ئەوەیان لێبگەیەنین کە مانەوەی مرۆڤایەتی ئەستێرەی زەوی پەیوەستە بە پاراستنی ژینگە و تێکنەدانی سیستەمەکە.