پەڕەی فەیسبووکی ماڵپەڕی ژیانت
Facebook.com/ZhingaParezan

چۆنییەتی پارێزگاریكردنی ژینگە

بێگومان ژینگە نیعمەتێکی خوداییە و هەرچی لە نێو ئەم چوارچێوەیەدا فەراهەم کراوە بۆ خزمەتی مرۆڤ دروست کراوە، ساڵ لە دوای ساڵیش بە هۆی پێشکەوتنی زانست و تەکنەلۆژیای سەردەم دەسەڵاتی مرۆڤ بەسەر ژینگە زیاتر دەبێت، بە تایبەتی دوای زیادبوونی داواکاری بۆ خۆراک و شوێنی حەوانەوە ئەمەش وای کرد مرۆڤ پەنا بۆ بڕینەوەی دارسانەکان بە مەبەستی دابینکردنی شوێنی حەوانەوە، پیشەسازی و... هتد ببات یاخود پەنا بۆ پەیڕەوکردنی لەوەڕاندنێکی چڕ (الرعی المکثف) ببات، دواتر بەکارهێنانی پەینی کیمیایی بە هەموو جۆرەکانییەوە، ئەمەش هۆکارن بۆ لەناوبردنی هاوسەنگی ژینگە و دەرئەنجام ڕەنگداونەوەی ڕاستەوخۆی دەبێت لەسەر ژیانی مرۆڤ بۆ نموونە بڕینەوەی دارستانەکان کاریگەری خراپ دەکاتە سەر سیستەمی ژینگە و دەبێتە هۆی تێکدانی هاوسەنگی نێوان ڕێژەی هەردوو گازی (دوانۆکسید و ئۆکسجین) لە هەوادا، هەروەها بەکارهێنانی خراپ و چڕی لەوەڕگاکان کار دەکاتە سەر تێکدانی ژیانی ڕووەکی سروشتیی لە ناوچەکەدا، ئەوەش تێکچوونی خاک و کەش و هەوای بە دواوەیە، خۆ ئەگەر پڕۆسەکە بەردەوام بێت دەبێتە هۆی داماڵینی خاک، وەک ئاشکرایە مرۆڤ پێویستی بە ئۆکسجین هەیە بۆ هەناسەدان و کردارە زیندەگییەکان هەروەها پێویستی بە خواردن هەیە ئینجا سەرچاوەی خواردنەکە یا ڕووەکییە یا ئاژەڵی، وێڕای پێویستی مرۆڤ بۆ ئاوی سازگاری خواردنەوە. کەواتە چارەنووسی مرۆڤ پەیوەستە بە هاوسەنگی ژینگەی دەوروبەری، هەر جۆرە لەبارچوون و لاسەنگییەکیش لەو سیستەمە ڕوو بدات ڕەنگدانەوەی ڕاستەوخۆی لەسەر ژیانی مرۆڤ هەیە، لەم سۆنگەیەوە مرۆڤ بۆ پارێزگاریکردن لە ژیانی خۆی هەوڵی پاراستنی سیستەمی ژینگەی داوە.

گرنگترین ئەو ڕێگەچارانەی مرۆڤ پێویستە پەیڕەوی بکات بۆ پاراستنی ژینگە ئەمانەن

یەکەم/ بەڕێوەبردنێکی باش بۆ داستانەکان بۆ ئەوەی لەسەر دۆخ و بەرهەم و تایبەتمەندیی خۆیان بمێننەوە، چونکە هەروەک ئاماژەمان پێدا ژیانی دارستانەکان پەیوەندییەکی بەهێزیان بە ژیانی مرۆڤەوە هەیە.
دووەم/ بەکارهێنانی لەوەڕگاکان بە شێوەیەکی نموونەیی.
سێیەم/ بەڕێوەبردنی زەوییە کشتوکاڵییەکان بە شێوەیەکی زانستی، بە ئامانجی دەستکەوتنی باشترین بەرهەم لە ڕووی چەندییەتی و چۆنییەتی وێڕای پاراستنی بەپیتی خاکەکە ئەمەش بە چەند ڕێگەیەک دەبێت وەک:
۱- پەیڕەوکردنی خۆڵی کشتوکاڵی هاوسەنگ بە شێوەیەکی زانستی.
۲- بەپیتکردنی خاک بە هۆی پەیینی کیمیایی یا چاندنی هەندێ جۆری پاقلەمەنی چونکە بەپیتی دەگەڕێتەوە بۆ خاکەکە.
۳- چاککردنی خاک و پاراستنی لە ڕاماڵین بە هۆی کێڵانی کەنتۆری و ئاودان بە پێی پێویست.
چوارەم/ پاراستنی ژینگە لە پیسبوون بە هۆی هاندانی توێژینەوەی زانستی لەسەر پیسبوونی ژینگە و ڕوونکردنەوەی مەترسییەکان و پەیڕەوکردنی ئەو ڕێگەیانەی ژینگە لە پیسبوون دەپارێزن وەک:
١- دوورخستنەوەی ناوچەی پیشەسازی لە ناوچەی نیشتەجێبوون.
٢- چاندنی پشتێنەی سەوز لە دەوری شارە جەنجاڵەکان.
٣- پەیڕەوکردنی سیستەمێکی زانستی بۆ ئاوەڕۆکان بە مەبەستی تێکەڵ نەبوونی ئاوی پاک و پیس.
٤- چاودێریکردنی پڕۆسەکانی کۆکردنەوە و گواستنەوە و فڕێدانی پاشەڕۆ ڕەقەکان بە شێوەیەکی زانستی بۆ پاراستنی تەندروستی مرۆڤ.
٥- بەشداربوونی لایەنی تەندروستی و لایەنی پەیوەندیدار بە ژینگە لە کاتی دروستکردن و دامەزراندنی کارگە پیشەسازییەکان.
٦- گەشەپێدانی هۆشیاریی ژینگەیی بە بەستی کۆڕ و سیمینار و ڕێگەکانی تر، وێڕای بە پڕۆگرامکردنی پاراستنی ژینگە لە قوتابخانەکان چونکە مرۆڤ هەمیشە لە پەیوەندییەکی بەهێزدایە لەگەڵ ژینگەی دەوروبەری بۆیە پاراستنی ئەرکێکی نیشتمانی و ئایینی و نەتەوەییە، ئێمە ئەرکمان لە ژینگە دەوێت بۆیە پێویستە مافەکانیشی جێبەجێ بکەین.
٧- دانانی یاسای ژینگەیی بۆ پاراستنی سەرچاوە سروشتییەکان و پاراستنی ژیانی گیانداران.