پەڕەی فەیسبووکی ماڵپەڕی ژیانت
Facebook.com/ZhingaParezan

مرۆڤ و هاوسەنگی ژینگە

هاوسەنگی ژینگە بریتییە لە هاوسەنگی نێوان پێکهێنەرەکانی ژینگە بە جۆرێک هەموو پێکهێنەرە زیندوو و نازیندووەکان کارلێک بکەن بە جۆرێک ئەم کارلێکە بەردەوام ژیان ببەخشێت بەم پێکهێنەرانە وێڕای ئەنجامدانی ئەرک و کاری خۆیان بە جوانترین شێوە کەواتە ئامانجی هاوسەنگی مانەوەی ڕەگەزەکانی ژینگەیە لە دۆخی ئاسایی خۆیان لە هەموو قۆناغەکانی هاوسەنگیدا ئەوەش هۆکارێکی گرنگە بۆ مانەوەیان لەم چوارچێوەیەدا بۆ نموونە ئەگەر هاوسەنگی مرۆڤێکی ئاسایی وەربگرین دەبینین هاوسەنگییەکی ڕێک و پێک هەیە لە هەموو پڕۆسە فیزیاییەکانی لەش و دەمارەکان و جوڵەی ئێسکەکان و لێدانی دڵ و هەناسەدان و پلەی گەرمی لەش و پەستانی خوێن و... هتد بۆیە مرۆڤ توانای مانەوەی بەرگریکردنی خۆی هەیە لەگەڵ هەموو ئەو گۆڕانکارییانەی لە ژینگەی دەوروبەری دێنە ئاراوە، ئەم هاوکێشەیەش وەکو پێوەر بەسەر هەموو ڕەگەزەکانی تری ژینگەدا جێبەجێ دەبێت، ئەگەر ژینگە ئەو چوارچێوەیە بێت کە مرۆڤ تێیدا دەژیت و هەموو پێداویستییەکانی ژیانی لێوە دەست دەکەوێت وەکو خواردنەوە و خانوو و هۆکاری گواستنەوە و مومارەسەکردنی هەموو جۆرە پەیوەندییەکی خۆی لەگەڵ دەوروبەری و کەواتە یەکەم ئەرکی سەرشانی مرۆڤ پارێزگاریکردن و هێشتنەوەی ژینگەیە لە دۆخی ئاسایی خۆیدا بۆ درێژترین ماوە کە لە توانایدا بێت، وێڕای ئەوەش پێویستە مرۆڤ کار بکات لە پێناو چاکترکردنی هەموو ڕەگەزەکانی ژینگە لە پێناو بەدەستخستنی بەرهەمی باشتر لە ژینگە بە ئامانجی بەرزترین ئاستی خۆشگوزەرانی بۆ مرۆڤ بە بێ تێکدان و لەناوبردنی ڕەگەزێک یاخود لاسەنگکردنی سیستەمی ژینگە.