پەڕەی فەیسبووکی ماڵپەڕی ژیانت
Facebook.com/ZhingaParezan

وزەی زیندە بارستەییەكان

ڕۆژ لە دوای ڕۆژ پێویستی و داواکاری جیهان بۆ بەکارهێنانی وزە لە زیادبوون دایە، و بەرەو پێشچوونی ڕەوتی ئابوری و تەکنەلۆژیای پیشەسازیش لە جیهاندا گوشارێکی گەورەی خستۆتە سەر سەرچاوەکانی بەرهەمهێنانی وزە. بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو گرفتەش وڵاتە پیشەسازییە پێشکەوتووەکان هەوڵەکانیان چڕ کردۆتەوە لە پێناو دۆزینەوە و پەرەپێدانی سەرچاوەی تری وزە کە خزمەت بە ژینگە بکات نەک پیسکەرو تێکدەری ژینگە بێت، یەکێک لەو سەرچاوە پاکانەش دابینکردنی وزەیە لە پاشماوەکان یاخود وزەی سەوز، کە ئەم جۆرە وزەیە پەیدا دەبێت لە پاشماوەی مادە سەوزەکان وەک (دار، قامیشی شەکر)و مادە ئۆرگانیەکان وەک(کای دانەوێڵە، دارودرەختی بەکارهاتوو لەخانوو بەرەدا)، هەروەها پاشماوەی مرۆڤ و گیانەوەر وەک (زبڵ، پەین). کە وزە لەخانەکانیاندا جێماوە و کاتێک ئەم پاشماوانە دەخرێنە زەوییەوە تێک دەشکێن یاخود بەهۆی بەکتریاوە شی دەبنەوە و گازی میسانیان لێ دروست دەبێت، کە وەک سووتەمەنی سوودی لێ وەردەگیرێت. ئەم گازە لە کێڵگەکاندا کۆ دەکرێتەوە و لەگەڵ هەوا تێکەڵ دەکرێت و دەسوتێنرێت، گازێکی گەرمی خاون پەستان دروست دەکات، جۆرێک لە وزەی نوێبووەوە بەرهەم دێت. کە شانبەشانی وزەکانی تر بە مەبەستی بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا سوودی لێ وەردەگیرێت. ئەم جۆرە وزەیە لە ئێستادا بڕی ١٤ ٪ی وزەی کارەبای جیهان دابین دەکات.