پەڕەی فەیسبووکی ماڵپەڕی ژیانت
Facebook.com/ZhingaParezan

پیسبوونی ئاو

ئاو بە توخمێکی سەرەکی دادەنرێت بۆ زیندەوەران بە تایبەتی ڕووەک و مرۆڤ چونکە ڕۆژانە مرۆڤ پێویستی بە نزیکەی ٢،٥ لیتر ئاو هەیە، ئاو دەبێت بە جۆرێک پاقژ بێت کە شیاوی خواردنەوە بێت، بەڵام ئەگەر هاتوو ئاوی خواردنەوە پیس بوو ئەوا مرۆڤ تووشی نەخۆشی دەبێت، چونکە ئاو باشترین ناوەندی گواستنەوەی نەخۆشییەکانە کە ڕاستەوخۆ تێکەڵ بە لەشی مرۆڤ دەبێت.

پیسبوونی ئاو: بریتییە لە گۆڕینی سیفەتی فیزیایی و کیمیایی و بایۆلۆجییەکانی ئاو کە بە هۆی لێچوون لە ئاوی زێراب و شلەمەنییەکان و گازەکان و تەنە ڕەقەکان و پاشماوەی زبڵ و خاشاک یان مێرووکوژ تێکەڵ بە ئاوی خواردنەوە دەبن ئیتر ئاوی ژێر زەوی بێت یان سەر زەوی، هەریەکەیان بە جۆرێک کاریگەری خۆی دەبێت جا بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ بێت، بە جۆرێک کە ببێتە هۆی زەرەر و زیانگەیاندن بە تەندروستی گشتی یان خزمەتگوزاری گشتی و پیشەسازی و ئابووری، ئاو بەشێکی گەورەی بەرکەوتووە لەسەر زەوی کە نزیکەی سێ بەشی زەوی ئاوە لە چوار بەشدا، هەروەها یەدەگی ئاوی سەر زەوی ڕووبەری ٣٦١ ملیۆن کیلۆمەتری چوارگۆشەیە کە دەکاتەی لە سەدا ٧٠ی ئاوی زەوی.

بە شێوەیەکی گشتی دوو جۆر ئاو هەیە


١- ئاوی شیرین (پاقژ یان پاک): بریتییە لە ئاوی کانی و کانیاوەکان و کارێز و ڕووبار و ئاوی ژێر زەوی و دەریاچەکان و ئەو بەشەی کە لە بەرگە هەوادا هەیە کە هەموویان لە ئەنجامی بەفر و بارانبارینەوە دروست دەبن، ئاوی شیرین تەنیا لە سەدا ٣ی ئاوی سەر زەوی پێک دەهێنێت لەم بڕەشدا تەنیا لە سەدا ١ی بەکار دەهێنرێت و لە سەدا ٢ەکەی تری بە شێوەی بەستەڵەک لە جەمسەرەکاندایە. ئاوی شیرین بەم شێوەیەی خوارەوە بەسەر زەویدا دابەش دەبێت:
* ٦٧،٧ ٪ ئاوی شیرین لە جەمسەرەکاندایە بە شێوەی بەفر
* ٣٠،١ ٪ ئاوی ژێر زەوی
* ٠،٨٦ ٪ بە شێوەی زوقم و بەستووی ژێر زەوی
* ٠،٢٦ ٪ دەریاچەکان
* ٠،٠٤ ٪ لە بەرگە هەوادا
* ٠،٠٣ ٪ لە زەوی شێداردا
* ٠،٠٠٦ ٪ لە ڕووبارەکاندا
٢- ئاوی سوێر: بریتییە لە ئاوی دەریا و زەریا گەورەکان و زۆرترین ڕێژەی ئاوی گۆی زەوی پێک دێنێت کە ڕێژەکەی دەگاتە لە سەدا ٩٧ی ئاوی گۆی زەوی، ئەم ڕێژەیەش ناتوانێت سوودی لێ وەربگیرێت چونکە ڕێژەی خوێی زۆری تێدایە، تەنیا هەندێک لە زیندەوەران توانای مانەوە و بەرگریکردنیان هەیە لەم جۆرە ئاوەدا تێیدا دەژین و مرۆڤیش دەتوانێت لە بواری گواستنەوە سوودی لێ وەربگرێت.

سەرچاوەکانی پیسبوونی ئاوی سەر زەوی و کاریگەرییەکانی


پاشماوە پیشەسازییەکان: زۆر لە کارگەکان لە نزیک سەرچاوە ئاوییەکان زۆر لە پاشەڕۆکانیان دەکەنە ئاوی دەریا و ڕووبارەکانەوە کە زۆر لە ماددەی ئەندامی و ماددەی قورس وەکو جیوە و قوڕقوشم و کادمیۆم دەکەنە ئاوەوە کە دەبێتە هۆی تێکچوونی هاوسەنگی لە سەرچاوەکانی ئاودا و کاریگەریی دەبێت لەسەر زیندەوەر و ڕووەکەکانی ناو ئاو، پاشماوە پیشەسازییەکان وەکو:
یەکەم/ نەوت (پتڕۆڵ): بڕی ئەو نەوتەی ساڵانە دەڕژێتە دەریا و زەریاکانەوە دەبێتە هۆی پیسبوونیان بە ١٠ ملیۆن کیلۆمەتر چوارگۆشە دەخەمڵێنرێت، نەوت مادەیەکی ئەندامییە تێکەڵ ئاو نابێت و سەر ئاو دەکەوێت چینێکی چەور دروست دەکات کە ناهێڵێت بڕی پێویست تیشکی خۆر بگاتە بن ئاو، هەروەها کرداری ڕۆشتنەپێکهاتن ڕادەوەستێنێت ئەگەر ئەستووری چینی چەورایی سەر ئاو گەیشتە لە سەدا ١،١ ملم بەوەش ڕووەک و بوونەوەرە ئاوییەکان زیانیان پێ دەگات چونکە دەبێتە هۆی نەمانی (پلانکتۆن) کە خواردنی سەرەکی ماسییە، هەروەها بڕی ئۆکسجینی تواوەی ئاو کەم دەکاتەوە و دەبێتە هۆی مردنی زیندەوەرانی ناو ئاو، هەروەک ئەوەی لە ساڵی ٢٠١٠دا ئەم کردارە لە کەناراوەکانی مەکسیکۆ ڕوویدا کە بووە هۆی زیانپێگەیاندنی بەشێکی زۆری ڕووەک و گیانەوەرانی ئەو دەریایە ئەمە سەرەڕای زیانی ئابووری بۆ سەر سامانی سروشتی ئەو وڵاتە.

دووەم/ مێرووکوژەکان: مێرووکوژەکان بە یەکێک لە ماددە کیمیاییە دەستکردە ئەندامییە ترسناکەکان دادەنرێت کە ژینگە ئاوییەکان پیس دەکات، بە خواردنەوەی ئەو ئاوانەی کە بە مێرووکوژەکان پیس بوون مرۆڤ تووشی جۆرەها نەخۆشی دەکات لەوانە کاریگەری دەبێت لەسەر منداڵبوون و سیفەتە بۆماوەییەکان و توشبوونی مرۆڤ بە شێرپەنجە و کاریگەری دەبێت لەسەر کۆئەندامی بەرگری.

سێیەم/ پاقژکەرەوەکان: ئەم جۆرەش هۆکارێکی تری پیسبوونە کە دەستکردنی مرۆڤ خۆیەتی کە دابەش دەبێت بۆ دوو شێوە هەندێکیان سادەن و بە ئاسانی تێکەڵ بە ئاو دەبن و بە ئاسانی کاری ئۆکسانی بەسەردا دێت و زوو شی دەبێتەوە و زیانی کەمە، هەندێکی دیکەیان وەکو پاقژکەرەوە ڕەقەکان زۆر زیانبەخشن بە ئاو کاتێکێک تێکەڵی دەبێت، ئەم جۆرانە زیاتر لە توخمی فۆسفات دروست دەکرێن یان توخمە هاوشێوەکانی زۆر زیان دەگەیەنن و بە خراپترین جۆری پیسبوون دەناسرێت، پاقژکەرەوەکان وەکو تایت، سابوون، شامپۆ، معجیزە و جۆرەکانی زاویە و کلۆر و جۆرەکانی تری پاقژکەرەوەکان کە هەموویان بە تێکەڵبوونیان لەگەڵ ئاودا دەبنە هۆی پیسبوونی ئاو و کاریگەری خراپیان دەبێت لەسەر تەندروستی مرۆڤ.

چوارەم/ کانزا قورسەکان: گرنگترینیان جیوەیە کە لە ڕێگەی ئەو ئاوانەی ئەڕژێتە ڕووبارەکانەوە یان لە ڕێگەی فڕێدانی پاشماوە پیشەسازییەکانەوە دەکرێتە ئاوەوە.
دیاردەی ژەهراویبوونی ماسی بە جیوە لە زۆر ڕووبار و زەریاکانی جیهاندا بەربڵاوە، لە ساڵی ١٩٥٣ لە شاری (مینا مینا)ی (یابان) دەیان کەس گیانیان لەدەست دا و نزیکەی ١٥٠ کەس تووشی تێکشکانی دەماری بوون، کۆئەندامی دەماری مێشک زۆر کاریگەرە بە جیوە، هەروەها جیوە زیانێکی زۆر بە کۆئەندامی هەرس و گورچیلەکان دەگەیەنێت، ئەگەر ڕێژەی ژەهراوییەکەی کەمتر بوو تووشی سەرئێشە و هەستکردن بە ماندووبوونی دەکات، هەروەها جۆرێکی دیکەی ماددەی قورس هەن وەک (قوڕقوشم) کە بە کۆبوونەوەیان لە نێوان خانەکانی لەشی مرۆڤدا خانەکانی لەش دەمرن و دەبێتە هۆی توشبوون بە شێرپەنجە.

پێنجەم/ ماددە تیشکدەرەکان: ئەم ماددانە پاش دەستپێکردنی شۆڕشی پیشەسازی و دروستکردنی چەکی ئەتۆمی کاریگەریان دەرکەوتووە، پاشەڕۆی تیشکدەرەکان لە تاقیکردنەوە ئەتۆمییەکانی ژێر ئاودا دروست دەبێت کە بە یەکێک لەو مەترسیانە دەژمێردرێت کە هەڕەشەن بۆ پیسبوونی سەرچاوەکانی ئاوی سەر زەوی، لەبەر ئەوەی لەم ماددانەدا بڕێکی زۆر تیشکی ناوەکی دروست دەبێت، کە بەسەر ئاوەوە دەمێنێتەوە یان لە ڕێگەی ئاوەوە بۆ دەریاکان دەگوازرێتەوە، ئەم پاشەڕۆیانە سەرچاوەیەکی مەترسی بەردەوامن بۆ ژینگەی ئاوی، ئەو تیشکانەی لە ڕێگەی زنجیرەی خواردنەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە جێگەی مەترسین، ئەم جۆرە ماددە تیشکدەرانە تا چەندین ساڵ دەمێننەوە، وەکو ئەو کارەساتە ژینگەییەی کە هەریەکە لە هێرۆشیما و ناکازاکی بە دوای خۆیاندا هێنا.

شەشەم/ پیسبوونی گەرمی: ئەم پیسبوونە گەرمییە پێک دێت لەو ئاوە گەرمانەی کە بۆ ساردکردنەوەی وێستگەکان و دروستکردنی وزی گەرمی لە دامەزراوە پیشەسازییەکاندا بەکار دەهێنرێت و پاشان دەڕژێتە ڕووبارەکانەوە لە ئەنجامدا دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی ئاوی ڕووبارەکان، بەمەش ڕێژەی ئۆکسجینی تواوەی ئاو کەم دەبێتەوە و (پلانکتۆن) ئەمرێت و ئەمیش کاریگەری خراپی دەبێت لەسەر گیانەوەرە ئاوییەکان بە تایبەتی ماسیی ئاوە ساردەکان دەکوشێت، هەروەک چۆن ماسی سلمۆن کە لە ڕووبارەکاندا گەرا دادەنێت بە هۆی پیسبوونە گەرمییەوە رەوگەکانی لێ تێک چووە و بەرەو لەناوچوون دەچێت. ئەگەر پلەی گەرمی ئاو لە شەش پلەی سەدی لە وەرزی زستاندا بەرز بووەوە هەندێک ماسی بێ بەش دەکات لە جێگیربوون لە زستاندا، لەبەر کەمی خۆراک لەم وەرزەدا زۆربەی ماسییەکان و زیندەوەرەکانی ناو ئاو دەمرن، زۆر لە ڕووبارەکان بە هۆی پیسبوونی ئاوەکەیەوە بە مردوو دانراون بۆیە لێرەدا دەتوانین بڵێین کە ئەم جۆرەی پیسبوون جۆرێکی ترسناکی پیسبوونی ئاوە لەبەر ئەوەی کاریگەری هەیە لەسەر گۆڕینی سیفاتی ئاوەکە بەمەش کاریگەری دەبێت لەسەر ڕووەک و زیندەوەرانی ناو ئاو.

حەوتەم/ پیسبوون بە پاشماوە کشتوکاڵییەکان: بڕێکی زۆری پەیینی کیمیایی لە بواری کشتوکاڵیدا بەکار دەهێنرێت، وە بە هۆی بارانەوە تێکەڵ بە ئاوی ڕووبارەکان دەبن، لەم تێکەڵ بوونەدا بە هۆی زۆری ڕێژەی خۆراک (Nitrification) لە ئاوەکەدا ڕووەکەکان (Plankton) گەشە دەکەن و ڕووەکی دەریایی زۆر چڕ دروست دەبێت و بۆگەن دەکەن و ئۆکسجینی تواوەی ناو ئاو کەم دەکاتەوە و زیندەوەرە ئاوییەکان زەرەرمەند دەبن هەموو ئەو زیانانەش بە هۆی پاشماوە کشتوکاڵییەکان و بەکارهێنانی پەیینی کیمیایی و پەیینی ئاژەڵیی کە دەبێتە هۆی گۆڕینی سیفەتی فیزیایی و کیمیایی و بایەلۆجی وەکو زیادبوونی ژمارەیەکی زۆری بەکتریا، کە کاریگەری خراپیان هەیە لەسەر تەندروستی مرۆڤ، بە بەکارهێنانی ئەم پەیینانە لە ئەنجامی پێویستی مرۆڤەوە بۆ بەروبوومی کشتوکاڵی و بەرهەمهێنانی زۆرترین خۆراک لە ماوەیەکی کەمدا، توخمە سەرەکییەکانی پەیین وەکو (نیترات و نەترات) کە لە ئەنجامی بارانبارینەوە ئەم توخمە زیانبەخشانە دەتوێنەوە و تێکەڵ بە ئاو دەبن و دەبنە هۆی پیسبوونی سەرچاوە ئاوییەکان.

هەشتەم/ پاشەڕۆی ماڵان و ئاوی زێراب: ئەم جۆرەی پیسبوون لەو ناوچانەدا زۆرە کە دانیشتووانی چڕە و لە نزیک دەریاچەکانەوەن، ترسناکی ئەم پاشەڕۆیانە لەوەدایە کە پێش پاککردنەوەیان ئەڕژێنە ئاوی دەریاکانەوە بە تایبەتی ئاو و پاشەڕۆی ماڵان کە پیس دەبێت بە ماددەی ئەندامی و نائەندامی کیمیایی جۆراوجۆر بە تایبەتی فۆسفات و نیترەیت کە لە زۆر پاقژکەرەوەکان و ماددەی ئەندامییەکاندا هەیە، هەروەها ئەم جۆرە ئاوانە جۆرەها میکرۆب و بەکتریا و ڤایرۆسیان تێدایە کە ئاوی دەریاچە و چەم و ڕووبارەکان پیس دەکات و لە بەکارهێنانی ئەم ئاوانە لە ڕێگەی خواردنەوە و خواردنی ماسی و زیندەوەرە ئاوییەکانی ئەم ئاوانە مرۆڤ توشی چەند نەخۆشییەک دەکات لەوانە نەخۆشییەکانی پێست و سکچوون و گرانەتا و چەندین نەخۆشی تر.

پیسبوونی ئاوی ژێر زەوی


ئاوی ژیر زەوی لەو چینانەی ژێر زەوییە کە دەکەوێتە سەر بەردەکانەوە، ڕێژەی ئاوی ژێر زەویی نزیکەی ۲ ملیۆن میل سێجا دەبێت واتە نزیکەی ۹۲،۹ ٪ کۆی ئاوی سازگارە لە جیهاندا.
ئاوی ژێر زەوی لە بارودۆخی سروشتی خۆیدا لە خڵتە و پیسی کە ئەبێتە هۆی توشبوون بە نەخۆشی، ئەم ئاوە ئەگەر سوێر نەبێت بەکار دەهێنرێت لە خواردنەوە و ئاودان و پیشەسازیدا، ئاوی ژێر زەوی لە زۆربەی بارودۆخەکاندا پێکهاتەی کیمیایی و پلەی گەرمی نەگۆڕە.
هەروەها ئەم ئاوە پاکە چونکە بە هۆی گڵەوە لە پیسی پاک دەکرێتەوە بەڵام مرۆڤ بە هۆی بەکارهێنانی ماددەی کیمیاییەوە ئەم ئاوانەی پیس کردووە.
ئاوی ژێر زەوی پێکهاتەیەکی سروشتی ژینگەیە و لە زۆربەی وڵاتاندا پشتی پێدەبەسترێت و چەندین یاسای نێودەوڵەتی هەیە لەسەر بەکارهێنانی و سوود وەرگرتن لێی و هەروەها لێپرسینەوە و سزادانی ئەو کەسانەی ئەم پێکهاتە گرنگە پیس دەکەن، بەڵام زۆر بەداخەوە ئەمە سەرەڕای ئەو بەکارهێنانە زۆر و گرنگەی و بوونی ئەو هەموو یاسایە کەچی بە پێی ئاماری ڕێخراوی پاراستنی ژینگەی ئەمریکی ئاماژە بەوە دەدات کە تەنیا لەو وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕۆژانە نزیکەی ٤،٥ ترلیۆن لیتر ئاو پیس دەبێت بە هۆی بڵاوبوونەوەی پاشەڕۆی ماڵان و ناوچە پیشەسازییەکان و کێڵگە کشتوکاڵییەکانەوە ئەمە لە کاتێکدا نزیکەی نیوەی خەڵکی ئەمریکا پشت بە ئاوی ژێر زەوی دەبەستن بۆ ئاوی خواردنەوە، هەروەها لە گۆمەڵگە جوتیارییەکاندا کە بە شێوەیەکی زۆر پشت بە پەیین و لەناوبەرە کیمیاییەکان و مێرووکوشەکان دەبەستن بۆ باشترکردن و زۆرکردنی بەرهەم سەرچاوەیەکی سەرەکی پیسبوونی ئاوی ژێر زەوییە.

گرنگترین سەرچاوەکانی پیسبوونی ئاوی ژێر زەوی


۱- ئەو ئاوانەی بە هۆی بەکارهێنانیان لە کشتوکاڵدا دزە ئەکەن لەوانەیە ئەو زەوییانەی بە ئاوەڕۆکان ئاو دەدرێن ئاوەکانیان بۆ ژێر زەوی دزە بکات و ببێتە مەترسی بۆ ئاوی ژێر زەوی بە تایبەتی ئەگەر تێکەڵ بە ماددەی کیمیایی کرابێت و پیس کرابێت، هەروەها بە هۆی بەکارهێنانی پەیینەوە ڕێژەیەکی زۆر لە نیترات بە هۆی درز و کونیلە وردەکانی خاکەوە دزە ئەکەن بۆ ناو زەوی، ئەمەش ترسناکە بۆ تەندروستی مرۆڤ بە گشتی و منداڵ بە تایبەتی، بە هۆی ئەوەی کە لەگەڵ هیمۆگڵۆبینی خوێن یەک دەگرن و دەبێتە هۆی شین هەڵگەڕان یان بوونە هۆی شێرپەنجەی گەدە.
۲- ئەو پاشەڕۆیانەی لە ژێر زەویدا شاردراونەتەوە، هەندێک جار پاشەڕۆی شل و ڕەق ئەخرێتە ژێر زەوییەوە و لە دوای شیکردنەوە ئەو پاشەڕۆیانە دزە دەکەن بۆ ناو ئاوی ژێر زەوی و دەبنە هۆی پیسکردنی ئاوەکە، هەندێک جار دەوڵەتە پیشەسازییەکان پاشەڕۆی بەکارهاتووی ئەتۆم لە ژێر خاکدا دەشارنەوە وەک گومان دەکرێت ئەمریکا بڕێکی زۆر لە پاشماوەی بەکارهاتووی ئەتۆمی لە عێراقدا شاردبێتەوە کە لە داهاتوودا کاریگەرییەکانی دەردەکەون بەڵام تا ئێستا توێژینەوەی لەسەر نەکراوە.
۳- ئەو چاڵانەی پاشەڕۆی تێدا خەزن دەکرێت: زۆر لە وڵاتە هەژارەکان لە ڕێگەی چاڵەوە پاشەڕۆکانیان هەڵدەگرن کە تێکەڵ بە ئاوی ژێر زەوی دەبێت پیسی دەکات.
٤- دزەکردنی ئاوی سوێری دەریاکان: بە هۆی زۆر دەردانی ئاوی ژێر زەوییەوە لەو ناوچانەی نزیکن لە دەریای سوێرەوە ئاوی دەریاکان تێکەڵ بە ئاوی ژێر زەوی دەبن.
٥- پیسبوون بە هۆی پاشەڕۆ پیشەسازییەکانەوە وەکو (پێکهاتەکانی نەوت) کە دەبنە هۆی پیسبوونی چەندەها ملیۆن لیتر ئاوی ژێر زەوی، هەروەها فڕێدانی پاتری و جۆرەکانی کە شیبوونەوەیان کاریگەری خراپی لەسەر ئاوی ژێر زەوی دەبێت.
٦- پیسبوون بە هۆی هەڵکەندنی بیری زۆرەوە بە شێوەیەکی ناڕێک و پێک و سەردانەپۆشراو بە شێوەیەک کە پاشەڕۆی ئاوی سەر زەوی دەگەڕێتەوە ناوی.

پێویستە ئەم ڕێگایانە بگرێتە بەر بۆ پاراستنی ئاو لە پیسبوون


۱- دانانی یاسا و ڕێسای تایبەت بە جۆری ئاو و چاودێریکردنی پیسبوون بە هۆی چالاکی مرۆییەوە.
۲- دروستکردنی هۆشیارییەکی ژینگەیی بۆ دانیشتوان، بایەخدان بە ئاو بخرێتە بەرنامەکانانی پەروەردەوە لە هەموو قۆناغەکانی خوێندندا.
۳- دیاریکردنی ناوچەی پاراستنی سەرچاوەکانی ئاوی ژێر زەوی و سەر زەوی و پاراستنیان لە پیسبوون و لێکۆڵینەوە لەو شوێنانەی کە سەرچاوەی ئاوی و شوێنی تێپەڕبوونی ئاوی ژێر زەوی و سەر زەوییە.

بۆ پاراستنی سەرچاوە ئاوییەکان لە پیسبوون لە زەویدا سێ ناوچە دیاری دەکەین


۱- ناوچەی ناوەوە: ئەو ناوچە دەورە دراوە بە سەرچاوەی ئاوی ژێر زەوی کانی بێت یان بیر یان بەنداو.
۲- ناوچەی ناوەندی: بە دەوری ناوەنددا پشتێنەیەک لە ڕووبەری دیاری دەکرێت بە سنووری ٥۰۰ م یان بە ئەندازەی ڕۆژ ئەم ماوەیە لە لایەن ڕێخراوی تەندروستی جیهانییەوە دانراوە، چونکە بەکتریا و ڤایرۆس و ئەو ماددانەی کە قابیلی شیبوونەوەن لەو ماوەیەدا لە ناو خاکدا ئەپاڵێورێت و لەناو دەچێت و نامێنێت، مەبەست لەو ماددەیە ئاو پێویستی بە ٥۰ ڕۆژە بۆ گەیشتن بە سەرچاوەکەی، لەم ناوچەیەدا نابێ ڕێگە بدرێت بە دروستکردنی کارگە و ئیشکردنی کانزایی.
۳- ناوچەی دەرەوە: بە دەوری ناوچەی ناوەنددا بە بڕی ۲۰۰ م لەم ناوچانەدا ڕێگە دەدرێت بە دروستکردنی دامەزراوە و ئاوەدانی و پیشەسازییەکان بە مەرجی بوونی تۆڕێکی ئاوەڕۆی چاک.

هەنگاوەکانی خاوێنکردنەوەی ئاو


۱- بێژنگکردنی (پاڵاوتنی) (ٲدارە تصفیه): بریتییە لە لابردنی ماددە ڕەق و گەورەکانی ناو ئاو پێش ئەوەی بچێتە قۆناغی چارەسەرکردن، بەڵام ئەمەش بە شێوەی کردارە ئاستی ماددە هەڵواسراوەکان و ماددە ژهرەکان و وردە زیندەوەرەکانی ناو ئاو کەم ناکاتەوە.
۲- چارەسەری سەرەتایی (معالجە ٲولی): ئەم چارەسەرە بە شێوەیەکی گشتی پێی دەڵێن قۆناغی نیشتن، کە بە پڕۆسەیەکی چارەسەری فیزیایی دادەنرێت کاتێک ئاوەکە بە ڕێڕەوی ئاوەڕۆدا بە هێواشی دەڕوات بەمەش ماددە ڕەقەکان لە ئاوەکە جیا دەبێتەوە و دەنیشێت لە ناو تەنکی نیشتن یان حەوزی ئاوەڕۆ، لە ئەنجامی نیشتنی ماددە هەڵواسراوە گرانەکان و ڕەقەکان لە بنکی حەوزی نیشتن دەبێتە هۆی دروستبوونی قوڕ و لیتە (Sludge، ڕسابە) لە بنکی حەوزی نیشتن.
۳- چارەسەری دووەمی (معالجە ثانوی): قۆناغی دووەمی دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی ماددە ڕەقە هەڵواسراوەکان، BOD5 دەبێت بە هۆی تێکشکانی ماددە ئەندامییەکانی ناو ئاو ئاوەڕۆ، ئەمەش بە ئەنجام دەگەیەنرێت بە زیادکردنی ئۆکسجینی ناو ئاوەکە بە هۆی مەکینەی هەوایی یان بەکارهێنانی فلتەری بایڵجی و چینێک لە بەرد و چگڵ و چەو ، کە ئۆکسجینی زیاد دەبێتە هۆی چالاککردنی وردە زیندەوەرەکانی ناو ئاو بۆ شکاندنی ماددە ئەندامییەکان.
٤- چارەسەری سێیەمیی (معالەجە ثالثی): پێی دەڵێن چارەسەری پێشکەوتوو کە بریتییە لە کرداری لابردنی زیاتری ماددە پیسکەرەکان وەکو ماددە هەڵواسراوەکان و ماددە زیانبەخشەکان کە نایترۆجین و ئەمۆنیا و فسفۆڕ و کانزا قورسەکان و ماددە ژەهراوییەکان دەگرێتەوە.
٥- قۆناغی کۆتایی: خاوێنکردنەوە بە کلۆر یان بە لێدانی تیشکی ئۆزۆن.