پەڕەی فەیسبووکی ماڵپەڕی ژیانت
Facebook.com/ZhingaParezan

وزەی با

وزەی با (Wind Energy)
بە جووڵەی ئاسۆیی هەوا دەوترێت "با" کە لە ئەنجامی جیاوازی پەستان بە هۆی جیاوازی لە پلەکانی گەرما لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر هەڵدەکات. با بە ناوی ئەو ناوچەیەوە دەناسرێت کە لێیەوە هەڵدەکات، وە بەهۆی ئاڕاستە و خێراییەکەشیەوە دەناسرێتەوە. یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی (وزە)ش ئەوەیە کە دەتوانرێت لە شێوەیەکەوە بۆ شێوەیەکی تر بگۆڕدرێت، ئەمەش پەیوەستە بە تەکنیکی گۆڕڕێنی وزەکە و بڕی تێچوونی، بۆیە بیرۆکەی بەکارهێنانی وزەی با بۆ دەستکەوتنی تەزوی کارەبا بریتییە لە گۆڕینی وزەی (با) بۆ وزەی میکانیکی بەهۆی تۆرباینی تایبەتییەوە، پاشان لە بەشێکی تری تۆربایینەکەدا بەهۆی دیاردەی کارۆموگنەکارییەوە ئەگۆڕێت بۆ کارەبا.
سوود وەرگرتن لە وزەی با دیاردەیەکی تازە نییە و بەڵکو دوو هەزار ساڵ لەمەوبەر بۆ کارپێکردنی ئاشەکان بەکار هاتووە، دانیشتوانی میسڕی کۆن بۆ هاتووچۆ و گواستنەوەی کەشتی چارۆکەدار و بەلەمەکانیان سوودیان لە وزەی با وەرگرتووە، بە هەمان شێوە دانیشتوانی میزۆپۆتامیا لە سەردەمی حاموڕابیدا بە هۆی وزەی باوە ئاودێری کێڵگە کشتوکاڵیەکانیان کردووە، بەڵام سوود لێ وەرگتنی لە بواری بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا کۆن نییە و بۆ یەکەمین جار لەساڵی ١٨٨٧ لە سکۆتلەندا دامەزراوە.
بەهۆی ئەوەی وزەی با وزەیەکی نوێبووەی لەبن نەهاتووە و لە هەمان کاتدا وزەیەکی پاکە و هاوڕێی ژینگەیە، بە بەراورد بەجۆرەکانی تری وزە (نەوت و غاز و خەڵووز و...هتد)، هەروەها پێویستی و داواکاری جیهان بۆ وزەی کارەبا لە زیادبووندایە و گوشارێکی گەورەی خستووەتە سەر چاوگەکانی بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا، هەر لەم پێناوەشدا وڵاتە پیشەسازییە گەورەکانی جیهان هەوڵەکانی خۆیان لە پێناو سەرچاوەی جێگرەوەی دیکەی وزە، چڕ کردووەتەوە، بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا لە ڕێی کێڵگەکانی (با)وە بووەتە پێشەنگی ئەو تەقەلایە.
هەر لە سۆنگەی ئەم هەوڵانەشەوە زانایانی زانکۆی ستانفۆرد توێژینەوەیەکیان ئەنجام داوە لەسەر کێڵگەکانی وزەی (با) و بەکارهێنانی ئەم سەرچاوەیە بە شێوەیەکی بەرفراوانتر و چالاکتر بۆ بەرهەمهێنان و دەستەبەرکردنی وزەی کارەبا، لەو توێژینەوەشدا گەیشتوونەتە ئەو ئاکامەی کە وزەی با دەتوانێت وەک سەرچاوەیەکی بەردەوام بەشێکی گەورە لە پێویستییەکانی جیهان بۆ وزەی کارەبا دابین بکات. کۆمەڵێک لە زاناکان کە لەم توێژینەوەیەدا بەشدار بوون، نەخشەیەکی جیهانیان ئامادە کردووە کە بۆ یەکەمجار بە شێوەیەکی تێر و تەسەل توێژینەوە لەسەر توانا شاراوەکان و وزەی (با) بکرێت لەسەر ئاستی هەسارەکان. هەر لەو توێژینەوەیەدا ئەوەشیان ڕاگەیاندووە کە کەڵک وەرگتن لە ٢٠ ٪ی ئەم وزەیە لە توانایدایە هەشت ئەوەندە بڕە کارەبا بەرهەم بهێنێت کە جیهان لە ساڵی ٢٠٠٠دا بەکاری هێناوە. (کریستینا ئارشەر) لە بەشی ئەنداەی شارستانی و ژینگەی زانکۆی ستانفۆرد لەو بارەیەوە دەڵێت: "دەرئەنجامی ئەم توێژینەوەیە ئەوە دەسەلمێنێت کە وزەی با (کە سەرچاوەیەکی کەم خەرجییە)، بڕێکی زۆر زیاتر لەوەی لێ دەستەبەر دەکرێت کە جاران پێشبینی کرابوو." ئارشەر بە هاوکاری (مارک جاکوپسن)ی هاوڕێی لە ڕێی زیاتر لە ٧٥٠٠ وێستگەی زەمینی و ٥٠٠ وێستگەی هەواییەوە کە پێوانەکانیان لە بەرزایی (٨٠ م)ەوە وەرگیرە، ئەمەش پێوانەیەکی مامناوەندی ئەو تۆڕبینە (با)ییانەیە کە لەم ساڵانەی دواییدا پەرەیان پێ دراوە، کۆمەڵێک داتا و زانیاری بەکەڵکیان لەسەر خێرایی (با) خستووەتە بەردەست.
وزەی (با) بە یەکێک لەو سەرچاوانەی وزەی کارەبا دادەنرێت کە بە شێوەیەکی گشتی لە جیهاندا لەم چەند ساڵەی دواییدا گەشەسەندن و پێشکەوتنێکی خێرای بە خۆوە بینیوە، کە لە تەکنەلۆژیایەکی زۆر سادەوە سەرچاوەی گرتووە، کە بریتییە لە دانانی تاوەرێکی بەرز و پەروانەیەکی پێوەیە بە خێرایی دەسووڕێتەوە و دواتر لە ڕێگەی ئەو سووڕانەوەیە وزەی کارەبا دروست دەبێت. ئەو تۆڕبینانەی وزەی با کە ئەمڕۆ دروست دەکرێت لەوەی بیست ساڵ لەمەوپێش پێشکەوتووترە.
هەرچەندە وزەی کارەبای (با) لەم چەند ساڵەی دواییدا گەشەسەندنێکی خێرای بەخۆیەوە بینی، بەڵام هێشتا بە تەواوەتی وزەیەکی مسۆگەر نییە و سنووردارە و لەو ناوچانەدا سوودی لێ وەردەگیرێت کە پێشبینی هەڵکردنی بایەکی بەهێزی لێ دەکرێت و، نابێ خێرایی بایەکە لەو (٤،٤٤ م/چرکە) (١٦ کم/کاتژمێر) کەمتر بێت، پێویست دەکات بڕێک لە کارەبا بەرهەمهێنراوەکە بۆ ئەو کاتانە هەڵبگیرێت کە (با)ی تیادا کزە و پێشبینی ناکرێ پەروانە گەورەکان بسوڕێنێتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا لە نزیکەی ٧٠ وڵات بۆ مەبەستی جیاجیا و سنووردار بەکار دەهێنرێت، وەکو کارپێکردنی گڵۆپی ئاگادارکردنەوەی ڕۆخی دەریاکان و ئاگرکوژانەوە و... هتد.
بۆیە وزەی با هێشتا پێویستی بە هاوکاری زۆربەی وڵاتان هەیە بۆ ئەوەی گەشە بە تەکنەلۆژیا و پیشەسازیی وزەی با بدرێت، هاوکات پێشبینی دەکرێت ساڵی ٢٠٢٠ وزەی با ١٢ ٪ی پێداویستی کارەبای جیهان دابین بکات بەڵام نابێت ئەو ژمارەیە بە مسۆگەر دابنرێت، بەڵکو ئامانجێکە و هەوڵی بۆ دەدرێت.
بەرهەمهێنانی کارەبا بە سیستەمی پەروانە واتا سوود وەرگتن بە وزەی (با) لە کوردستان زۆر گرنگە، ئەندازیار و کارمەندانی کارەبا لە کوردستان زۆر شارەزاییان لە بواری بەرهەمهێنانی کارەبا نییە ئەمەش ئاساییە، چونکە پەرەپێدانی کەرتی کارەبا لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا دەستی پێکردووە.

هەندێک لە لایەنە باشەکانی وزەی با

١- وزەیەکی نوێبوەوە (Renewable Energy) و خۆڕاییە، بەرز و نزمی سووتەمەنی هیچ کاریگەرییەکی لەسەر نییە.
٢- لە کاتی بەکارهێنانیدا گازە زیانبەخشەکان بەرهەم ناهێنێت واتە پاکە.
٣- زۆر گونجاوە بۆ دابینکردنی وزەی کارەبا لە شوێنە دوور و سەختەکان و پێویستی بە شوێنی زۆر تایبەت نییە بۆ بنیاتنانی.
٤- ئەتوانرێت بە قەبارەی جیاواز دروست بکرێت بەگوێرەی ژمارەی دانیشتوان (گوند و شارۆچکەکان).
٥- ناوچەی تۆرباینەکانی هەوا زەوییەکانی بەکاردەهێنرێت بۆ مەبەستی کشتوکاڵیی و تۆربایینەکان هیچ کاریگەرییەکی ئەوتۆیان نییە لەسەری.
٦- وزەیەکی گونجاوە بۆ وڵاتە تازە گەشەسەندووەکان و وڵاتانی جیهانی سێیەم.
٧- وزەیەکی مەترسیدار نییە.
٨- لە لایەنی ئابوورییەوە، فراوانبوون و گەشەی وزەی با کارێکی زۆر دێنێت بۆ ناوچە لادێنشینەکان و پاشەکەوتی وڵات بەرز دەکاتەوە و دەتوانرێت وزەکەی بفرۆشرێت.
٩- هەلی کاری زۆری ڕەخساندووە لە جیهاندا و لە ئایندەدا ئەم ژمارەیە زۆر زیاد دەکات.
١٠- هەندێک کەس وەکو شوێنێکی گەشتیاری سەردانی کێڵگە باییەکان ئەکەن.

هەندێک لە لایەنە خراپەکانی

١- بە شێوەیەکی گشتی چڕی وزەکەی کەمە، لەبەرئەوەی با بەردەوام نییە و جاری وا هەیە بۆ چەند ڕۆژێک با نییە.
٢- بنیاتناتی تۆرباینێک زۆری تێ ئەچێت و پێویستی بە تەکنەلۆژیایەکی ئاست بەرزە بۆ دروستکردنی.
٣- دەنگی سووڕانەوەی پەروانەی تۆرباینەکان بەرزە، بۆیە دەبێت لە ناوچەی دوور لە نیشتەجێبوون دابمەزرێت.
٤- کاریگەری هەیە لەسەر کوشتنی باڵندەکانی ناوچەکە بەتایبەتی باڵندە کۆچەرییەکان.