پەڕەی فەیسبووکی ماڵپەڕی ژیانت
Facebook.com/ZhingaParezan

وزەی خۆر

وزەی خۆر سەرچاوەیەکی نەبڕوەیە و، بە یەکێک لە سەرچاوەکانی وزەی خاوێن دادەنرێت، کە هەسارەی خۆر ڕۆژانە بڕێکی زۆر تیشکی خۆری نوێبووەوە بەرهەم دەهێنێت کە دەتوانین کۆیان بکەینەوە و بەکاریان بێنین بۆ گەرمکردن و دروستکردنی کارەبا. کەواتە: وزەی خۆر: بریتییە لە کرداری گۆڕینی تیشکی خۆر بۆ وزەی کارەبا.
وزەی خۆر لە دێرزەمانەوە بەکارهاتووە، لەناوچە گەرمەکان بەمەبەستی گەرمکردنی ئاو و وشککردنەوەی بەروبوومە کشتوکاڵییەکان، بە ئامانجی پاراستنی ئەو بەرهەمانە. بەڵام لە ئێستا بەهۆی پێشکەوتنی زانست و تەکنەلۆژیا، توێژینەوە و تاقیکردنەوە ئەنجام دەدرێت بە مەبەستی بەرهەمهێنانی وزەی خۆر تەنانەت لە ناوچە ساردەکانیش. لەم ڕوانگەیەوە زانایانی بواری وزە نوێبووەکان کۆتایی سەدەی بیست و سەرەتای سەدەی بیست و یەک، بە سەرەتای سەردەمی خۆر ناو دەبەن. لە ئێستادا وڵاتانی جیهان سوود لە وزەی خۆر وەردەگرن بە مەبەستی بەرهەمهێنان و دابینکردنی وزەی کارەبا، بۆ یەکەم جاریش سوود وەرگرتن لە وزەی خۆر و گۆڕینی بۆ وزەی کارەبا دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی شەستەکان، کە لە کاتی گەشتە ئاسمانیەکاندا بەکار هاتووە. بەڵام لە ئێستادا چەندین وێستگەی کارۆڕووناکی هەیە کە شانەی گەورەی سلیکۆنی تیادایە و، ئەو شانانە ڕووناکی خۆر هەڵدەمژن و دەیکەنە وزەی کارەبا.
هاوکات بەپێی ڕاپۆرتی سەنتەری لێکۆڵنەوەی ئەمریکی بۆ وزە، کەساڵی ٢٠١١ خستوویەتیە ڕوو، ئاماژە بەوە دەکات کە ئەو کارەبایەی کە لە ڕێگەی وزەی خۆرەوە دەستمان دەکەوێت، بە ڕێژەی ٩٠ ٪ لەو گازانە دەمان پارێزێت کە زیانیان بۆ تەندروستی مرۆڤ و ژینگە هەیە و هەروەها ئەگەری قەتیسبوونی گەرمای زەویش بە ڕێژەیەکی بەرچاو کەم دەکاتەوە.

چۆن وزەی کارەبا دەست دەکەوێت لە ڕێگەی وزەی خۆرەوە؟

وەرگرتنی وزەی کارەبا لە وزەی خۆر بە دوو شێوە ئەنجام دەدرێت، یەکەمیان بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ لە ڕێگەی بەکارهێنانی تەختەی خۆری، دووەمیان بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ لە ڕێگەی بەکارهێنانی وزەی خۆری چڕ. لە سیستەمی وزەی خۆری چڕدا، ئاوێنە یان هاوێنەی گەورە بەکار دەهێنرێت بۆ وەرگرتن و چڕکردنەوەی بڕێکی زۆری ڕووبەر لە تیشکی خۆر بۆ یەک دانە تیشکی بچووک. تەختەی خۆری هەڵدەستێت بە گۆڕینی تیشکی خۆر بۆ تەزووی کارەبایی لە ڕێگەی کرداری کاریگەری تەختەی خۆری. لە سەرەتاوە تەختەی خۆری بەکار هێنراوە وەک سەرچاوەیەکی کارەبا دابینکردن بۆ بەجێگەیاندنی کارە بچووک و مامناوەندەکان، هەر لە ژمێرەرێکەوە بگرە (کە بەهۆی یەک دانە خانەی وزەی خۆرەوە ئیش دەکات) هەتا دەگاتە ئەو خانووانەی کە بە تەواوی بە هۆی هێزی خۆرەوە کارەبایان بۆ دابین کراوە ئەویش بە هۆی بەکارهێنانی تەختەی خۆری لەسەر بنمیچی خانووەکان.
هەروەها لەم ڕووەوە دەتوانین سوود لە وزەی خۆر وەربگرین بۆ چەندین مەبەست لەوانە (گەرمکردنی ئاو، بۆ کاری کشتوکاڵ و ئاودێری، ئیشپێکردنی هێماکانی هاتووچۆ (ترافیک)، بەکارهێنانی ئامێرە کارەباییەکانی ناو ماڵ، ڕووناککردنەوەی شەقام و گەڕەکەکان، دابینکردنی وزە بۆ وێستگەکانی دابەشکردنی سووتەمەنی و چەندین مەبەستی تر).
توانای خۆر، وزەی خۆر، هێزی خۆر