پەڕەی فەیسبووکی ماڵپەڕی ژیانت
Facebook.com/ZhingaParezan

وزە نوێبووەكان

وزە نوێبووەکان یاخود وزە جێگرەوەکان (Renewable Energy): بریتین لەو وزانەی کە بە وزەی خاوێن یان هاوڕێی ژینگە ناسراون کە لە کاتی بەکارهێنانیدا نابنە هۆی پیسبوونی ژینکە، هەروەها ئەم وزانە بوونیان بەردەوامە و لەناو ناچن واتە خۆیان نوێ دەکەنەوە، ئەو وزانەش وزەی (خۆر، ئاو، با، گەرمی ناخی زەوی، زیندە بارستەییەکان) دەگرێتەوە.

بەهۆی بەکارهێنانی زۆر و بێ‌ ئەندازەی سووتەمەنی پاشماوە بەبەردبووەکان (Fossil Foul)، هاوشان لەگەڵ پێشکەوتنی پیشەسازی و تەکنەلۆژیا، کە کاریگەری زۆر خراپ و نەرێنی لەسەر ژینگە دروست کرد و بووە هۆی مەترسی و هەڕشەیەکی گەورەش لەسەر ژیان و تەندروستی مرۆڤ. ئەمەش بەهۆی زیادبوونی ڕێژەی گازی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن، لەسەر گۆی زەوی و هەروەها بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی دەریا و زەریاکان.
وە هەروەها ژمارەی دانیشتوانی گۆی زەوی ڕۆژ بە ڕۆژ ڕوو لە زیادبوونە کە ئەم زیادبوونەش پێویستی بە خۆئامادەکردنی بەپەلە هەیە لە هەموو ڕووەکانی ژیانەوە کە یە کەیێک لە پێداویستییە گرنگەکان بریتییە لە وزە کە وا پێدەچێت ژمارەی دانیشتوانی جیهان لە ساڵی ٢٠٥٠دا بگاتە ١٠ ملیار کەس بەمەش پێداویستییەکانی ئەم ژمارە گەورە و بێشوومارە لە ئادەمیزاد، پێویستییەکانی بۆ وزە پێنج ئەوەندەی ئەو وزیە دەبێت کە ئێستا بەرهەمی دەهێنێت بۆ ئەم مەبەستەش پێویستە هەوڵی بەدەستهێنان و دەستەبەرکردنی چەندین سەرچاوەی سروشتی دیکە بدرێت لە پێناو دەست بەسەرا گرتن و بەکاربردنی لە بەرهەمهێنانی وزەی دواڕۆژدا. وە پێداویستییەکانی ژیانی ئادەمیزادیش وای کردووە کە ڕۆژ بە ڕۆژ بیر لە داهێنانی تازە و تازەتر بکاتەوە بۆ دابینکردنی ژیانی هاوچەرخ و پێشکەوتوو بە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای سەردەم ئەمەش بە ڕەچاوکردنی کەمی تێچوون و پیسنەکردنی ژینگە و خێرایی لە جێبەجێکردنی پێداویستییەکاندا.

لەمەوە هەموو بیر و ڕا و بۆچوونەکان بەرەو گرنگیدان بە بەرهەمهێنانی وزە نوێبووەکان چوون، لەبەر ئەوەی وزە نوێبووەکان دۆستی ژینگەن و نابنە هۆی پیسبوونی ژینگە و بڵاوبوونەوەی گازی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرمای گۆی زەوی، هەوەها لە بەرامبەر وزەکانی تردا ئەم جۆرە وزانە چ نرخێکی ماددییان نییە، کورد وتەنی "بەلاشن"، لە ڕوانگەی تەمەنی مرۆڤیشەوە دەتوانین پێناسەی هەتا هەتاییان بدەینێ. بۆیە دەبینین ساڵانە دەیان کۆنگرە و کۆنفڕانسی جیهانی سەبارەت بە پیسوونی ژینگە ئەنجام دەدرێت، و ڕاسپاردەکانیش بەو ئاڕاستەیەدا دەچن کە ئیتر کاتی ئەوە هاتووە کە وڵاتانی جیهان لە بەکارهێنانی سەرچاوە وزە پیسکەرە ژینگەییەکانی وەک (نەوت، خەڵوزی بەردین، وزەی ئەتۆم، وزەی کیمیایی) دوور بکەونەوە. بەڵکو ڕوو بکەنە بەرهەمهێنان و پەرەپێدانی وزە پاکەکان وەک وزە نوێبووەکان کە لە کاتی ئێستادا چەندین سەرچاوەی بەدەستهێنانی وزە هەیە وەک لە خوارەوە دەستنیشان کراون.

سەرچاوەی وزە نوێبووەکان بۆ بەرهەمهێنانی وزە
١- وزەی ئاو
٢- وزەی خۆر
٣- وزەی با
٤- وزەی گەرمی ناخی زەوی
٥- وزەی زیندە بارستەییەکان
٦- وزەی هەڵکشان و داکشانی ئاو
٧- وزە خانەییەکان
٨- وزەی شەپۆلەکان و... هتد.

مێژووی وزە و پلانی بەکارهێنانی
وەک دەبینین لە وێنەکەدا وزە نوێبووەکان لە مێژە بەکار دێن و لە ئێستا و داهاتووشدا بەکارهێنانی لە بەرزبوونەوەدایە و دەبێتە تاکە سەرچاوەی وزە بۆ هەسارەکەمان چونکە قسەمان لەسەر هەزارەها ساڵە.
لە ساڵانی ١٨٥٠ بەدواوە سووتەمەنی پاشماوە بەبەردبووەکان (نەوت و...) وەک سەرچاوەیەکی تری وزە لە جیهاندا بەکار دێت کە کارگەریی ڕاستەوخۆی بۆ سەر ژینگە هەیە. بەڵام وەک لە وێنەی لای ڕاستدا دیارە چۆن سەرەتای هەبووە ئاواش کۆتایی دێت. ئەمە لە کاتێکدا ڕۆژانە بەکارهێنانی وزە لە زیادبووندایە.
هەروەها ڕێژەی بەکارهێنانی وزە لە جیهاندا لە نێوان ساڵانی (١٨٥٠ بۆ ٢١٠٠) وەک لە وێنەی لای چەپدا دەبینین وزە نوێبووەکان داهاتوویەکی باشی هەیە وەک سەرچاوەیەکی وزە.


بۆچی پێویستمان بە وزە نوێبووەکان هەیە؟
١- وزە نوێبووەکان هاوکاری وڵاتان دەکات لە فرە سەرچاوەیی وزە کە ئەمەش کەشێکی باش دەگونجێنێت و هیچ کاریگەرییەکی ژینگەیی نابێت.
٢- وزە نوێبووەکان هاوکاری وڵاتان دەکات لە بوونی پشکی وزەی پێوستی داهاتوو کە سیفەتە باشەکەی ئەوەیە هەیە و سەرچاوەکەشی سروشتە. سروشتیش پێک دێت لە ئاو، خۆر، با، گەمی ناخی زەوی، گەرمی و زیندە بارستەییەکان (Biomass).
٣- هەرچەندە سەبارەت بە کاریگەری بەکارهێنان و ئەداتی جێبەجێکردنی ئەوا سەرچاوەی وزە نوێبووەکان پێویستی بە پلانی ورد و درشت و تەکنەلۆژیایەکی باش هەیە (لەگەڵ پێشکەوتنی تەکنەلۆجیا وەگەڕخستنی باشترە).
٤- توانای زیادەکی نییە، داواکاری زیادەکی لۆد ئەوا فشاری زیاتر دەخاتە سەر توانای بەرهەمهێنان.
٥- وزە نوێبووەکان دەتوانرێت سوودی لێ وەربگیرێت لە بوارەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا، ساردکردن/گەرمکردنی ئاو و هەوا و هۆکارەکانی گواستەنەوە كە دەتوانرێت سوودی لێ وەربگیرت بۆ دروستکردنی ئوتومبێل و پاس و میترۆ و شەمەندەفەری کارەبایی کە بە مەش دەتوانیش بڵێین ژینگە تاڕادەیەک ڕزگاری دەبێت لەو دووکەڵ و گازە زەبەلاحە ترسناكەی کە لەو هۆكارە گواستنەوانەوە دەردەچن و هەنگاوێک زۆر گرنگ دەبێت بۆ پاکڕاگرتنی هەوا کە بە داخەوە لە ئێستادا بە هۆی پیسبوونی هەواوە هەزاران کەس تووشی نەخۆشییە ترسناکەکان بوون لەوانە شێرپەنجە و نەخۆشییەکای کۆئەندامی سی و چەندانی تر...

گرنگی وزە نوێبووەکان بۆ گۆی زەوی
١- سەرچاوکانی وزە نوێبووەکان هەڵگری متمانەیەکی گەورە و باشن و پێویستییەکی گەشەکردنی هەموو شوێنێک و هەموو ناوچەیەکی ئەم جیهانەن. هەر ئەم متمانەیەیە بە شێوەیەکی تایبەت کاریگەریەکی بەهێزی هەیە لە گەشەکردنی ئەو ناوچانەی کە ڕووبەرێکی بەرفراوانیان هەیە و بەدوورن لە سەرچاوەکانی سووتەمەنی پاشماوە بەبەردبووەکان (Fossil Foul) یان پێیان ناگات. ٢- سەرچاوەکانی وزە نوێبووەکان پشتی پێ دەبەسترێت و دیاردەیەکە تەواوبوونی نییە.
٣- سەرچاوەکانی وزە نوێبووەکان کاریگەرییان نییە لە گۆڕانکاڵی کەش و هەوا و کاربۆن دەرناکەن.
٤- بە پشتبەستن بە کۆگا نەوتییەکانی ژێر زەوی و ڕێژەی بەکارهێنانی لە جیهاندا ئەوە دەردەخەن ئەم سەرچاوەیە لە ماوەی ٥٠ ساڵی تر کۆتایی دێت.
٥- زۆربەی سەرچاوەکانی وزە نوێبووەکان کاریگەرییەکی کەمیان هەیە بۆ پیسبوونی ژینگە.

کوردستان و نەخشە ڕێگە بۆ وزە نوێبووەکان
لە کوردستانیش پێویستە چەمکی وزە نوێبووەکان لە دوو تەوەردا کاری بۆ بکرێت:
تەوەری یەکەم: وەک چەمکێک لە لای سیاسییەکانی کوردستان زۆرتر ئاشنا بکرێت و تاکو ئیرادەیەک دروست بێت بۆ ئەم وزەیە ئەمەش واتە پاڵپشتی دەوڵەت بۆ ئەم بوارە.
تەوەرەی دووەم: ئەم چەمکی وزە نوێبووەکان تێکەڵ بە کلتوری (ناخی کۆمەڵگە) بکرێت و خەڵک زیاتر ئاشنا بکرێت پێی بوترێت وزەی خۆماڵی، بۆ ئەمەش یەکە مەدەنییەکانی ناو کۆمەڵگە پێویستە کاریگەری خۆیان هەبێت و ڕاگەیاندنەکان بە تایبەت.
هەروەها لە ڕووی زانستییەوە هەوڵ بدرێت زانکۆی تایبەت بە وزەی نوێ و وزە نوێبووەکان لە کوردستان دابمەزرێنرێت و ئەم بوارە پێش بخرێت بە توێژینەوە زانستییەکان. پلانی دوورمەودا لە ڕووی ئابوورییەوە بۆ وەگەڕخستنی ئەم وزەیە دابنرێت تاکو کێشە ئابوورییەکان کار نەکاتە سەر پلانەکە.
چونکە وەک دەزانین تێچوونی پیسبوونی ژینگەی کوردستان لە ئێستا و داهاتوودا باجێکە دەبێت بدرێت جا بۆ ئەو خەرجییە هەر لە سەرەتاوە بۆ وزەیەکی خاوێن بەکاری نەهێنین.

هەندێک لە سەرچاوەکانی بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا بریتین لە
یەکەم: سووتەمەنی - ئەمەش لە سێ شێوەدا خۆی دەبێنێتەوە:
١- سووتەمەنی ڕەق - وەک: خەڵوز، ئەنترەسایت، دار و تەختە و... هەتد.
٢- سووتەمەنی شل وەک: نەوتی خاو، بەنزین، نەوتی سپی، گاز ئۆیل و نەوتی ڕەش.
٣- غاز - وەک: غازی سروشتی.
دووەم: وزەی ناوەکی.
سێیەم: سەرچاوەی وزە نوێبووەکان: سەرچاوەکانی وزە نوێبووەکان بۆ بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا کۆمەڵێ چاوگن کە دیارترینیان وزەی ئاوە. بڕوانە نەخشەی (٢) هەرچەندە سەرچاوەی تریش هەن بەڵام هێشتا نەچوونەتە بواری جێبەجێکردنەوە.

وزە نوێبووەکان وزەی پاک و خاوێنن بۆ بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا، هیچ جۆرە غازێک دەرناکەن کە ببنە هۆی پیسکردنی هەوا و گەرمکردنی کەش. متمانەیان هەیە بۆ بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا. کە دەتوانێت بەرگری لە پەککەوتەکانی بەرهەمهێنان بگرێت وەک کارەساتە سروشتییەکان و فاکتەرە سیاسییەکان کە ڕێگری سەرچاوە سووتەمەنییەکانن. لە وزە نوێبووەکان دەتوانرێت یەکەی بەرهەمهێنان زیاد بکرێت، کاتێک کە پێویستمان بە وزەی کارەبا بێت. لە ڕووی ئابوورییەوە پێویست بە کڕینی سووتەمەنی ناکات کە ئەمەش گەڕانەوەی داهاتە بۆ وڵاتەکەمان و ئابووری وڵات گەشە دەکات لە ڕووی ڕامیاریشەوە پێگەی وڵات بەرز دەبێت و بەرز و نزمی نرخی سووتەمەنی کاریگەری لەسەر ڕەوشی بەرهەمهێنان نابێت.


لە ڕابردوودا لێکدانەوەی ئابووری سەرەکیترین ڕێگریبوون بۆ پیادەکردنی وزە نوێبووەکان لە سەرانسەری جیهاندا، بەڵام لەم خشتەیەی خوارەوە ئەوە ئاشکرا دەبێت کە بە هۆی بەرەوپێشچوونی تەکنەلۆژیا، زۆربەی وزە نوێبووەکان توانایی پێشبڕکێکردنی ئابوورییان لە تەک وزەی وەرگێڕدراوی پاشماوە بەبەردبووەکان )نەوت و غاز و...( هەیە.
داتای ئەم خشتەیە بەراوردێکی ئابورییانەیە لە نێوان نرخی وزەی وزە نوێبووەکان و سووتەمەنی پاشماوە بەبەردبووەکان (نەوت و...)، کە دڵنیامان دەکات کە لە داهاتوودا بە قازانجی وزە نوێبووەکان هاوکێشەکە تەواو دەبێت.

جۆی وزە شوێن نرخ (cent/k Wh)
وزەی با لە نێو وشکانیدا ٤،٦ تا ١٢،٥
لە نێو دەریاکاندا ٧،٣ تا ١٣،٧
وزی ئاو پۆتێنشیاڵ (پاشەکەوتکراو)، جووڵە وزە (ڕووبارەکان) ٨،٥ تا ٢٤،٠
شەپۆلی دەریاکان ١٠،١ تا ٣٦،١
وزەی زیندە بارستەییەکان گشت شێوەکانی ٥،٩ تا ١٢،٧
وزەی خۆر گشت شوێنەکان ٥،٩ تا ١٢،٧
وزەی سووتەمەنی پاشماوە بەبەردبووەکان (نەوت و...) گشتیان ٣،٦ تا ١٣

پێویستە ئەوەش بزانین کە بەربڵاوترین و سەرەکیترین بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا بە بڕی ئێجگار زۆر لە جیهاندا لەم سێ چاوگەی خوارەوە خۆی دەبینێت وەک لەم چارتەی خوارەوە ڕوون كراوەتەوە، کە کاریگەری تەواویان لەسەر پیسبوونی ژینگە هەیە. جگە لە وزەی ئاو.


لەم نەخشەیەدا دەردەکەوێت کە
١- سووتەمەنی ڕەق لە ماوەی نیو سەدەی ڕابردوودا بۆ هێنانە بەرهەمی وزەی کارەبا زۆر کەمی کردووە.
٢- سووتەمەنی شل بەرەو زیادبوون چووە و ئێستا بەردەوامە لە ڕێژەیەکی نەگۆڕدا.
٣- غازی سروشتی بەرەو کەمبوون دەچێت.
٤- وزەی ناوەکی بەرەو زیادبوونێکی باش دەچێت.
٥- وزەی ئاو لە ماوەی نیو سەدەی ڕابردوودا ڕێژەیەکی نەگۆڕی وەرگرتووە.

لایەنە نەرێکانی وزە نوێبووەکان لە دوو خاڵدا خۆی دەبینێت
١- کەمی چڕی وزەکەیان (کاریگەری لەسەر چوستی وێستگەکە دەبێت).
٢- هەڵچوون و داچوونی کاتی پێشکەشکردن و سوودلێوەرگرتنی ئەم جۆرە وزانە.
بۆ نموونە: وێستەگەی دووکان و دەربەندیخان بۆ سوود وەرگتن لە وزەیە، پێویستە بەرزی پێویست لە ئاو هەبێت، تا بتوانین بە شێوەیەکی ئابووری کەڵک وەربگرین. هەڵچوون و داچوون بەو مانایە دێت کە سێ وەرزی ساڵ پێویستە ئاو کۆ بکرێتەوە و لە وەرزی هاویندا وزەیەکی بەرچاو دەبەخشێت و سوودلێوەرگرتنی باشترە.
یان بۆ نموونە: سوود وەرگتن لە تیشکی خۆر پێویستی بە ڕووبەرێکی فراوان هەیە. هەڵچوون و داچوونی کاتی سوودلێوەرگرتنی وزە لە وەرزی زستان لاوازە و بەڵام لە وەرزی هاوین بە پێچەوانەوە چونکە تیشکی خۆر باش دەدرەوشێتەوە.

لەگەڵ بوونی ئەم سەرچاونەش بەردەوام زاناکان بیر لە داهێنانی تازەتر دەکەنەوە لەوانەش تازەترین زاناکان پاش ئەوەی کە لە نایابترین پڕۆژەش لەو بوارەدا پڕۆژەیەکی نوێیە کە پشت بە مانگ دەبەستێت بۆ بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا.
ئەم پڕۆژەیەش لە سیستەمی (وزەی خۆر لە مانگەوە) (The Lunar Solar Power) چڕ دەبێتەوە. دروستکردن و دابینکردنی وێستگەکانی بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا لەسەر ڕووی مانگ، بریتییە لە پلێتی (ڕووتەختی) پان و بەرین لە شانەی کارۆڕووناکی.
ئەم پلێتانەش هەڵدەستن بە وەرگرتن و پێشوازی لێکردنی ئەو تیشکی خۆرەی کە دەکەوێتە سەر مانگ یاخود کەوتووەتە سەر مانگ و پێچەوانە کردنەوەی لە شێوەیەکی دیکەدا بۆ سەر ڕووی زەوی کە لێرەشدا چەند ئامێرێکی وەرگر پێشوازی لێ دەکات و دیگۆڕێت بۆ وزەی کارەبا.
ئەمەش بۆ یەکەمجار وەک پڕۆژەیەکی نوێ لە کۆنگرەیەکی گەورەی نێودەوڵەتی بۆ توێژینەوە و تەکنۆلۆژیای فەزا کە ناسراوە بە (کۆنگرێسی فەزای جیهانی) کە لە شاری هیوستن لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە نێوان ڕۆژانی (١٠ - ١٩)ی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٠٢ بەسترا.

خشتەی ژمارە (١) بە ڕوونی بەرهەم و ڕێژەکان پیشان دەدات کە بەم شێوەیەی لای خوارەوەن:
چەشنەکانی وزە وردەکاری چەنەکانی وزە ڕێژەکەی ٪ تێبینی
وزەی سووتەمەنی پاشماوە بەبەردبووەکان کە کۆی ڕێژەکەیان دەگاتە ٧٩،٧١ ٪ سووتەمەنی پاشماوە بەبەردبووەکان کە (خەڵوز، پتڕۆڵ و غاز) دەگرێتەوە. ٦٢،٣٣ نرخی ئاساییە و گواستنەوەی ئاسانە زۆربەی وڵاتان ئەو شوێنانە دەگرێتەوە کە دەوڵەمەندن لە غاز و پتڕۆڵدا.
نیوکلێر - ئەتۆم ١٧،٣٨ نرخی هەرزانە بە بەراورد لەگەڵ چەشنەکانی تر بەڵام تەکنەلۆژیای پێشکەوتووی گەرەکە.
وزە نوێبووەکان کە کۆی ڕێژەکەی دەگاتە ٢٠،٢١ ٪ هایدرۆپاوەر ١٩،٠٠ زۆربەی ئەو وڵاتانە دەگرێتەوە کە ڕووباریان زۆرە و جوگرافیایان لەبارە بەڵام خەرجی بنیاتنانیان زۆرە.
زیندە بارستەییەکان یان سووتانی پاشەڕۆکان ٠،٩٣ لە وڵاتانی پێشکەوتوو شارەگەورەکان دەگرێتەوە کە پاشەڕۆیان زۆرە.
گەرمی ژێر زەوی ٠،٢١ ئەو شوێنانەی گرتووەتەوە کە گەرمای ژێر زەوییان زۆر لە قوڵایدا نییە.
هەوا ٠،٠٦ ئەو شوێنانەی گرتووەتەوە کە کەناری دەریا و ئۆقیانووسەکانن بای نیمچە بەردەوامیان هەیە لە زۆربەی وەرزەکانی ساڵدا.
تیشکی خۆر ٠،٠١ نرخی زۆر گرانە و لە قۆناغی بەرهەمهێنانی فۆتۆڤۆڵتاجی چالاکتر دایە.

خشتەی ژمارە (٢) بە تەنیا ڕێژەی بەرهەمی جیهانی وزە نوێبووەکان پیشان دەدات کە بەم شێوەی لای خوارەوەن:
چەشنەکانی وزە وردەکاری چەنەکانی وزە ڕێژەکەی ٪ ئەو وڵاتانەی کە زۆرترین بەرهەمیان هەیە
وزە نوێبووەکان کە کۆی ڕێژەکەی دەگاتە ١٠٠ ٪ هایدرۆپاوەر ٩٣،٦٧ کەنەدا، نەرویج، ئایسلەند، چین، بەڕازیل، ڕووسیا، ئوستڕاڵیا، ئەمریکا و... هەتد
زیندە بارستەییەکان یان سووتانی پاشەڕۆکان ٤،٥٦ نەمسا، ئیتاڵیا، فەڕەنسا، ئەمریکا و... هتد
گەرمی ژێر زەوی ١،٤٢ ئەمریکای باشوور
هەوا ٠،٣١ دانیمارک، ئەڵمانیا، کەنەدا، هۆڵەندا و... هەتد
تیشکی خۆر ٠،٠٤ یابان، چین، ئەمریکا و... هەتد

لە ساڵی ٢٠٥٠ جێگرەوەی نوێ بۆ سەرچاوە تەقلیدییەکانی وزە دەدۆزرێتەوە
ژمارەیەک پسپۆڕی زانکۆی ستانفۆرد ڕایدەگەیەنن کە لە نیوەی ئەم سەدەیەدا و لە دەوروبەری ساڵی ٢٠٥٠دا بایی ئەوە زانیاری و ئەزموون لای مرۆڤ کەڵەکە دەبێت جێگرەوەی نوێ بۆ سەرچاوەکانی وزەی ئێستا بدرۆزرێتەوە.
توێژینەوەیەکی نوێ ئاشکرای دەکات لە ساڵی ٢٠٥٠ دەتوانرێت بە شێوەیەکی بەرفراوان سوود لە وزەی با و خۆر و گەرمی ناخی زەوی ببینرێت بەرهەمهێنانی وزەی نوێ و ئەمەش دەتوانێت جێگە بەسەرچاوە تەقلیدییەکانی وزەی لە چەشنی نەوت و گاز لەق بکات و لە بازاڕدا رکابەرییان بکات.
ئەم هەواڵانە هاوکاتن لەگەڵ هەوڵی وڵاتە پیشەسازییە گەورەکانی دنیا بۆ دۆزینەوەی سەرچاوەی وزە تا بتوانن وزەی کارەبا بۆ نزیکەی ملیار و نیوێک لە دانیشتوانی زەوی دابین بکەن کە کێشەی سەرچاوەی وزەیان هەیە و وەکو پێویست کاەبایان پێ ناگات. لە لای خۆشییەوە باراک ئۆبامای سەرۆکی ئەمریکا جەختیکردووەتەوە تا ساڵی ٢٠٣٥ دەبێت ئەمریکا ٨٩ %ی سەرچاوەی وزەی خۆی لە سەرچاوەی پاک و دۆستی ژینگەوە پەیدا بکات.
ئەم توێژینەوە جیهانییانەشی بەمدواییانە کراون بە بەڵگەی زانستی ئەیسەلمێنن کە بەدەستهێنانی جیهانێکی بێ وزە ئەکرێت بەدی بهێنرێت و شتێکی خەیاڵی نییە. بە پێی ئەم توێژینەوانەش کە بۆ سندووقی جیهانی ژیانی سروشتی ئەنجام دراون، گۆڕینی سەرچاوەی تەقلیدیی وزە بۆ دۆستی ژینگە نزیکەی ٥ ترلیۆن دۆلاری لە ساڵێکدا پێویستە و ٢ %ی کۆی داهاتی هەموو وڵاتێک دەبات. دوو توێژینەوەی ئەمریکی و هۆڵەندیش کە بۆ هەمان سندووق ئەنجام دراون باس لەوە دەکەن گۆڕینی سەرچاوەی وزە ئەبێتە هۆی پاکڕاگرتنی ژینگە و کەمکردنەوەی مەترسیی پیسبوونی ژینگە و ئەوەش بە نموونە دەهێننەوە کە تێچوونی پیسبوونی ژینگە لە ئەمریکا بە هۆی خەڵوزی بەرد و پاشەڕۆی ئوتومبێلەوە دەگاتە ١٢٠ ملیار دۆلار لە ساڵێکدا کە هەمووی بۆ پاکڕاگرتنی ژینگە و چاودێریی تەندروستی و خۆپاراستن خەرج دەکرێت و ئەگەر ئەم پارەیەش پاشەکەوت بکرێت دەتوانرێت سەرچاوەی تەقلیدیی وزەی پێ بگۆڕدرێت.
هەروەها ئاژانسی وزەی ئەتۆم ڕایگەیاندووە تێچوونی ئەو کۆمەک و یارمەتییانەی حکومەتەکانی جیهان لە کەرتی نەوت و گاز دەیکەن لە ساڵێکدا ٥٠٠ بلیۆن دۆلار تێدەپەڕێنن و ئەشێت ئەم پارەیەش ئاراستە بکرێت بۆ بەکارهێنان و دۆزینەوەی سەرچاوەی نوێی وزە.

سەرەنجام
وزە لە کۆنەوە تا ئێستا یەکێک بووە لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی دروستبوونی ژیان و شارستانییەت لەسەر گۆی زەوی، هەر لە سەرتای مرۆڤایەتییەوە مرۆڤ بیری لە بەرهەمهێنانی وزە کردووەتەوە، بە مەبەستی دابینکردن و جێبەجێکردنی پێداویستەکانی ژیانی ڕۆژانەی، وەک (خۆگەرمکردنەوە، چێشت لێنان، بەرگری‌ لەخۆکردن پێی)، هاوکات لەمڕۆشدا وزە هێزێکی گەورەیە بۆ بڕیاردان و دەستگرتن بەسەر بازاڕ و کایە ئابووریەکانی جیهاندا، چونکە بەهۆی وزەوە دەتوانرێت پێشکەوتن لە سەرجەم بوارەکانی وڵاتدا بێتە کایەوە (ئابوری، سیاسی، تەکنەلۆژیا، کۆمەڵایەتی و... هتد)، لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا وڵاتانی جیهان لە ئێستادا بەدەست چەندین قەیران و کێشەی نێودەوڵتییەوە دەناڵێنن بە شێوەیەک کە بۆتە هەرەشە و مەترسییەکی گەورە لەسەر گیانی دەیان ملیۆن مرۆڤ لە دانیشتوانی جیهان، لەوانە (قەیرانی جیهانی ئاو، قەیرانی خۆراک و برسێتی، زۆربوونی ژمارەی دانیشتوانی جیهان، گەرمبوونی گۆی زەوی، گۆڕانکاری لە بارودۆخی ئاو و هەوای جیهان، لە سەرووی هەموو ئەمانەشەوە گرفتی "پیسبوونی ژینگە "یە کە بۆتە مایەی گیان لەدەستدانی سەدان ملیۆن مرۆڤ و ڕێژەکەش لەبەرزبوونەوەدایە. ئەمەش بەهۆی بەکارهێنانی وزەی پیس و دوژمنی ژینگە (نەوت، خەڵوزی بەردین، گاز، ئەتۆم و... هتد). بۆیە زۆربەی وڵاتانی جیهان دوای هەستکردنیان بەم مەترسیە گەورەیە لەسەر ژینگە و تەندروستی دانیشتوانی جیهان. ڕوویان کردە بەکارهێنان و پەرەپێدانی جۆرێکی تر لە وزە کە خزمەت بە مرۆڤ بکات و هاوڕێی ژینگەش بێت، کە ئەویش بەکارهێنانی وزە نوێبووەکانە ئەم وزە نوێبووەکانەش بریتین لە چەند سەرچاوەیەک وەک (خۆر، با، ئاو، شەپۆلەکانی ئاو، زیندە بارستاییەکان، گەرمی ناخی زەوی)، کە ئەم وزانە هیچ کاریگەریەکی خراپ و زیانبەخشیان نییە بۆ سەر پێکهاتە و ڕەگەزەکانی ژینگە و وزەیەکی پاک و تەندروستن و سەرجەمیان لە کوردستاندا هەیە، وڵاتەکەمان فرە جۆرە بۆ سەرچاوەکانی وزە چ سەرچاوەی سووتەمەنی پاشماوە بەبەردبووەکان )نەوت و...( وە چ سەرچاوە نوێبووەکان، ئەمەش جێگەی خۆشحاڵییە هەلی باشتر بۆ وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان دێتە ڕێ، کە بۆ دانانی وێستگەکانی بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا پلانەکانی تەریب بن بە ئاڕاستەیەک کە بە قازانجی سێ خاڵدا تێپەڕ بێت:
یەکەم: سەرچاوەی بەرهەمهێنانی وزەکە سەرچاوەیەک بێت کە لە کوردستاندا بوونی هەبێت وە دڵنیاش بین بۆ داهاتوومان و متمانەی ڕامیاری هەبێت و لە ژێر کاریگەریە دەرەکییەکان نەبێت. دووەم: ویستگەکانی بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا دۆستی ژینگە بن وە کاریگەریان نەبێت لەسەر گەرمکردنی کەش و پیسکردنی خۆراک و خاک و ئاو و هەوای وڵاتەکەمان.
سێیەم: پێویستە ستانداردێکی ئابووری پێوەر بن بۆ بنیاتنانی وێستگەکان لە کوردستاندا. لەم قۆناغەدا ئەو بودجانەی کە دابین کراوە بۆ سێکتەری کارەبا (بودجەی حکومەت، هاوکاری و قەرزی پێدراو، کەرتی تایبەت) گونجاو بکرێت بۆ دانانی باشترین وێستگە.