پەڕەی فەیسبووکی ماڵپەڕی ژیانت
Facebook.com/ZhingaParezan

بەكەرستەكردنەوە (Recycling)

بەکەرەستەکردنەوە (یاخود دووبارە دروستکردنەوەی ماددە بەکارهاتووەکان) خۆی لەخۆیدا شۆڕشێکی گەورە بوو بۆ کەمکردنەوەی بڕی ماددە فڕێدراوەکان و پاشماوەکان، چونکە چەمکێکی نوێی داهێنراوبوو بۆ بەڕێوەبردنێکی تەواوکار لە بواری مامەڵەکردن لەگەڵ پاشماوەکاندا، کە جاران تەنها بەڕێگەی سووتان لەناو دەبردرا، کە چەندین گرفتی تری ژینگەیی بە دوای خۆیدا دەهێنا یان بە شێوازی لەچاڵنان بە شێوەیەکی زۆر سادە و سەرەتایی کە ئەمیشیان گرفتی ژینگەیی تری بەدواوە بوو.
بەداخەوە لە ئێستادا لە وڵات و هەرێمی ئێمەدا هێشتا کار بە یەکێک یان هەردوو ئەو شێوازە سەرەتاییانە دەکرێت، ئێمە ئەگەر بڕوانینە ئەو وڵاتانەی کە هەندێکیان نزیکن لە خۆمانەوە زۆریش لە ڕیزی وڵاتانی پێشکەوتوودا نین، بەڵام لە بواری بەکەرەستەکردنەوەدا هەنگاوی گەورەیان ناوە و ساڵانە بڕێکی زۆری ئەو پاشماوانە بەکەرەستە دەکەنەوە.

بەکەرەستەکردنەوە بە چەند هەنگاوێک دەبێت لەوانە

کۆکردنەوەی، پاشان جیاکردنەوە، ئينجا مامەڵەکردنی بە ماددەی جۆراوجۆر، دواجار دووبارە دروستکردنەوە و بەكەرەستە كردنەوەی.

بڕی ماددەی پاشماوەکان ئەگەر بەپێی ئەو هاوکێشەیە لێی بڕوانین کە هەر تاکێک رۆژانە نزیکەی(١،٥ کگم)  لە ماددەی پاشماوە بەجێ دەهێڵێت ئەوا دەتوانین بزانین ساڵانە لەسەر ئاستی شارێک، هەرێمێک، وڵاتێک چەند ملیۆن تەن لەو ماددانە بەجێ دەمێنن.
ئەگەر بە شێوەی ڕێژەی سەدی لە بڕی ئەو ماددانە بڕوانین، ئەوا دەبینین رێژەیان بەم شێوەیە:
٤٠ ٪ ماددە ئۆرگانیەکان، ٢٠ ٪ کاغەز و کارتۆن، ١٥ ٪ پلاستیک، ٧ ٪ ماددە کانزاییەکان، ٥ ٪ شووشە، ٤ ٪ قوماش و چنراوەکان، ٩ ٪ ماددەی تر.
بۆیە پێویستە لە هەرێم و وڵاتی خۆماندا کارگەی جۆراوجۆر بۆ بەکەرەستەکردنەوەی ئەم ماددانە دابمەزرێنن بەتایبەت کە ئێستا لە سایەی زۆربوونی دانیشتووان و زۆرتر بەکاربردنی شتومەکی ئامادەکراودا، ساڵانە بڕێکی زۆری ئەو پاشماوانە بەجێ دەمێنن بۆ نموونە ئێستا لە وڵاتێکی کەنداودا نزیکەی ٢٥٠٠ کارگە هەیە بۆ بەکەرەستەکردنەوە، یەکێک لەو کارگانە کارگەی بەکەرەستەکردنەوەی کاغەز و پەڕاو و پەرتووک و کارتۆنی فڕێدراو، کە بەداخەوە لای خۆمان کارگەی لەم جۆرەمان نییە، بۆیە لە مانگی ڕابردوودا ٧٠٠ تەن لە کتێب و پەرتووکی بەکارهاتوو لە سلێمانیەوە درا بە وڵاتێکی دراوسێ بە نرخێکی هەرزان بە بڕی ١٨ ملیۆن دیناری چاپ لە کاتێکدا لە شاری (عەمارە)ی باشووری عێراقدا دەیان ساڵ لەمەوبەر کارگەی بەرهەمهێنانی کاغەز و بەکەرەستەکردنەوەی هەبووە.
هەروەها لەو کارگانەی کە پێویستە بنیات بنرێن کارگەی بەکەرەستەکردنەوەی ماددە پلاستیکییەکانە بۆ سوود وەرگرتن لە هەزاران تەن لەو ماددانە کە ساڵانە فڕێ دەدرێن و گرفتی ژینگەیی بۆ ئاو و خاک و هەوا دروست دەکەن.
لەبەر ئەمانە و زۆر هۆی تر، پێویستە کارگەی لەو جۆرە بوونیان هەبێت و هاوڵاتیانیش فێر بکرێن بۆ جیاکردنەوەی پاشماوەکان لە ماڵەوە ، شارەوانیش ماددە پاشماوەکان بە جیاجیا کۆی بکاتەوە، کاغەز و کارتۆن بە جیا، پلاستیک بە جیا شوشە بە جیا، کانزاکان بە جیا... هتد.
بەرهەمی ئەو کارگانەش بەجۆرێک دەبێت کە بتوانرێت لە بواری جیاجیا سوودیان لێ وەربگیرێت و بەمەش ژینگە لە ملیۆنەها تەن لەو ماددانە رزگار دەکەین و سروشتیش پارێزراو دەبێت، چونکە دووبارە بەکارهێنانەوەی یەک تەن لە کاغەزی بەکارهاتوو یەکسانە بە ڕزگارکردنی ١٧ درەخت لە بڕین!

Recycling: بەکەرەستەکردنەوە، دووبارە دروستکردنەوە، دروستکردنەوە...