پەڕەی فەیسبووکی ماڵپەڕی ژیانت
Facebook.com/ZhingaParezan

كیسەی نایلۆن

کیسەی نایلۆن . یان نەفرەتی ڕەش!!
مرۆڤ بۆ هەڵگرتن و گواستنەوەی شتومەکی ڕۆژانەی خۆی لە بازاڕەوە بۆ ماڵەوە، ژمارەیەکی یەکجار زۆر لە کیسەی نایلۆن بەکاردەهێنێت کە هەندێک جار جێگەی سەرسووڕمانە، بۆ نموونە بە پێی گۆڤاری (ژینگە و پەرەپێدان)ی لوبنانی لە ژمارە ١١٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٠٧دا، هاتووە کە ساڵانە لە وڵاتە عەرەبیەکاندا نزیکەی ٢٥ ملیار کیسەی نایلۆن بەکار دەهێنرێت.
بۆیە ئێستا وڵاتان کەوتوونەتە گرتنەبەری ڕێوشوێنی گونجاو بۆ کەمکردنەوەی بەکارهێنانی کیسەی نایلۆن، بۆ نموونە فەرەنسا و هەندێک لە ویلایەتەکانی ئەمریکا و وڵاتانی ئەفریقی وەک ئۆگەندا و کینیا، لە ئاسیاش وڵاتی بەنگلادیش، بڕیاری ڕاگرتن و کەمکردنەوەی بەکارهێنانی ئەم نایلۆنانەیان داوە لە ساڵی داهاتوودا، وڵاتی (ئێرلەندا)ش لە ئەوروپا باجی خستۆتە سەر کارگەکانی بەرهەمهێنانی ئەم کیسە نایلۆنانە.

بەکارهێنانی کیسەی نایلۆن بەم ژمارە زۆرانەی ئەم سەردەمە زۆر زیانی گەورەی لێکەوتۆتەوە، لەوانەش:
١- ناشیرین کردنی دیمەنی ئاسمان و زەوی، کە ژمارەیەکی زۆری ئەم کیسانە لە شەقام و کۆڵانەکاندا پەرش و بڵاو بوونەتەوە و لەگەڵ ڕەشەبادا ئاسمان داگیر دەکەن.
٢- لە زستاندا لەگەڵ ڕێڕەوی ئاوی شەقامەکاندا دەچنە نێو مەنهۆڵی زێرابەکانەوە و دەبنە هۆی کۆبوونەوەی ئاو لە شەقام و سەر زەویدا و دروستبوونی لافاو و زیان گەیاندن بەشار و ماڵ و کۆگاکان.
٣- زیان گەیاندن بە ئاژەڵەکان، چونکە زۆرێک لە مەڕ وماڵات و ڕەشەوڵاخ، ئەو نایلۆنانە قووت دەدەن و دەخنکێن ساڵانەش یەک ملیۆن ئاژەڵی دەریایی بەهۆی ئەم کیسە نایلۆنانەوە لە دەریادا دەخنکێن.
٤- دروستکردنی زەمینەیەکی لاواز لە زەویدا لەکاتی کۆبوونەوەی ئەم نایلۆنانە لە چینەکانی زەویدا کە زیان بەخانووبەرە و ڕووەک دەگەیەنێت.
٥- دەبێتە هۆی زیادکردنی ڕەنگی دەستکرد لە سروشتدا.

لەبەر ئەم زیانانە و زۆری دیکەش، ئێستا ژینگە پارێزان بەم کیسە نایلۆنانە دەڵێن: "نەفرەتی ڕەش"، لەبەر ئەمەش پێویستە لای خۆشمان هەندێک ڕێوشوێن بگرینە بەر بۆ ڕێگەگرتن لە زیانەکانی کیسەی نایلۆن لەوانە بۆ نموونە:
١- هۆشیارکردنەوەی خەڵکی لە زیانەکانی نایلۆن و کیسەی نایلۆن.
٢- گەڕانەوە بۆ بەکارهێنانی کیسەی کاغەز لە دوکان و کۆگا وسۆپەرمارکێتەکاندا.
٣- بەکارهێنانی کیسەی گەورەی لە قوماش دروستکراو لە لایەن ماڵەکانەوە بۆ هەڵگرتنی شتومەکەکانیان.
٤- باج خستنە سەر ئەو کارگانەی کە ئەم کیسە نایلۆنانە بەرهەم دەهێنن.
٥- دەرکردنی بڕیارێک بۆ ڕێگەگرتن یان کەمکردنەوەی بەرهەمێنان و هاوردەکردن و بەکارهێنانی کیسەی نایلۆن.
٦- دروستکردنی کارگەی نوێ بۆ دووبارە کۆکردنەوە و دووبارە دروستکردنەوە و بەکەرەستەکردنەوە لەو نایلۆنە بەکارهاتووانەوە.
٧- ئەنجامدانی ئامارێک بۆ زانینی بڕی بەکارهێنانی کیسەی نایلۆن، چونکە بەزانینی ئەو داتا و ژمارەیە دەتوانین زیانەکانی دیار بکەین و چارەسەری گونجاویشی بۆ دەستنیشان بکەین.