پەڕەی فەیسبووکی ماڵپەڕی ژیانت
Facebook.com/ZhingaParezan

پیل و پاتری و مەترسییەکانی

پاتری سەرەڕای زۆری ئەو سوودانەی کە لە تەکنەلۆژیا و پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا دەبینرێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هۆکارێکی گەورەی مەترسییە بۆ سەر ژیان و ناکرێت پشتگوێ بخرێت، بە تایبەتی بارە نەرێنییەکانی کە سەرچاوەیەکی سەرەکی مەترسی و هەڕەشەیە لەسەر جۆرەکانی سەرچاوە سروشتییەکان، جگە لەوەش ژیان دەخاتە مەترسییەوە ئەگەر کاری ڕاست و دروست و پلانی شیاوی بۆ ئەنجام نەدرێت، یەکێک لەو داهێنراوانە تەکنەلۆژیایانەش پاتری (وشک و شل)ە.
پاتری، ئامێرێکە یاخود سیستەمێکە کە وزەی کیمیای ئەگۆرێ بۆ وزەی کارەبا. پاتری دەکرێت بە دوو بەشەوە بەشێکیان ئەوانەن کە بۆ یەک جار بەکاردێن و بارگاوی ناکرێنەوە و ماوە کورتن وەک پیل (دیارە ئێستا هەندێ جۆری پیلیش هەیە کە توانای بارگاوی کردنەوەیان هەیە بەڵام زۆربەی پیلەکان بۆیەک جار بەکار دێت و بارگاوی ناکرێنەوە) جۆری دووەمیان ئەوانەن کە بارگاوی دەکرێنەوەو بۆ چەند جارێک بەکار دێن و ماوە درێژن وەک شەحنی مۆبایل و کۆمپیوتەر و... هیتر ، پاتررییەکان لە قەبارە و شێوەدا جیاوازن و هەریەکەیان بۆ مەبەستێکی دیاریکراو بەکاردێن.

کێ دۆزەرەوەی بیرۆکەکەیەتی؟

زانای ئیتاڵی ئەلیساندرۆ ڤۆلتا (Alessandro Volta) بۆ یەکەم جار لە سەدەی نۆزدەهەم ئەوەی دەرخست کە لە توانادا هەیە تەزووی کارەبا بەدەست بهێنرێت بە هۆی دوو جەمسەری کانزایی جیا جیا پاش ئەوەی کە نوقم دەکرێن لە نێوەندێکی ترشدا.

ئەو بوارانەی کە پیل و پاتری تێدا بەکار دەهێنرێت

ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بوارەکانی بەکارهێنانی پیل و پاتری ڕوو لە زیادبوونە و زۆر ئامێر و دەزگای جۆراوجۆر لەخۆ دەگرێت وەک: ڕادیۆ، تۆمارکەر، کاتژمێر، کۆمپیوتەر، حاسیبە، تەلەفۆن، مۆبایل، کامێرا، ئامێری کۆنتڕۆڵ، زەنگ، گڵۆپ، لایت، یاری منداڵان و سەدان ئامێر و دەزگای پزیشکی و ئەلیکترۆنی جیاجیای تر.

پێکهاتەی پیل و پاتری

پاتری کۆمەڵێک ماددەی قورسی تێدایە کە کاریگەری نەرێنی هەیە بۆ سەر ژینگەو تەندوستی مرۆڤ کە بێگومان هەریەک لەم ماددانە کاریگەری ترسناکی هەیە ئەگەر بچێتە لەشی مرۆڤەوە بە ڕێژەیەکی دیاریکراو، بەداخەوە کاتێک پاترییەک لەکار دەکەوێت لە دەوروبەرمان فڕێی ئەدەین کە بە ئاسانی بەردەست بێت یاخود هەندێ جار ئەکەوێتە بەردەستی منداڵان و یاری پێدەکەن و بۆ دەمیان دەبەن کەبەراستی چەند زیانی بۆ گەورە هەبێت بۆ مناڵ زۆر زیاترە. بۆیە زۆر پێویست و گرنگە بۆ مرۆڤ کە پێکهاتەی پیل و ئەو ماددانەی کە دەچنە ناو پێکهاتەی دروستکردنی بزانێت و لێی ئاگادار بێت تا بۆی ڕوون ببێتەوە و لەبەر چاوی بێت، کە چی ڕوو دەدات لە کاتی فڕێدانی پاترییەکی بەسەرچوو بۆ ناو زبڵدان و سەبەتەی زبڵی ماڵەکان.
ئەم توخمانەی خوارەوە بەشدارن لە پێکهاتەی دروستکردنی پاتری (ئاسایی و ئەوانەی دووبارە بارگاوی دەکرێنەوە).
١- قوڕقوشم/ قورقوشم مادەیەکی قورسە، کاتێک بچێتە لەشەوە ئەتوانین بڵێین ئەو مرۆڤە ژەهراوی بووە بە قورقەشم، قورقوشم بە چەند ڕێگایەک ئەچێتە لەشەوە: لە رێگەی هەواوە بە هەناسەدان ئەمەش کاتێک ئەبێت کە هەوای ناوچەیەک پیس بووبێت بە تۆزی ئەم ماددەیە بۆ نموونە سووتانی ئەو پاشەڕۆیانەی کە پیل و پاتری تێدایە و ئەم مادانەی لێ دەردەچێت، یاخود خواردنەوەی ئاوێک پیس بووبێت بەم ماددەیە، یاخود دەستمان پیس بووبێت بە قورقوشم (بەهۆی دەستلێدانمانەوە لە پاتری) و پاشان دەست بۆ دەم بردن، مرۆڤی گەورە هەستیارە بەرامبەر قورقوشم و منداڵ و کۆرپەلەی ژنی دووگیان زۆر زیاتر هەستیارترن و لەوانەیە بەرگەی نەگرن، بەشێوەیەکی سەرەکی ئەم مادانە کار دەکەنە سەر کۆئەندامی دەمار و دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی گەشە و دواکەوتنی تێگەیشتن و کەمبوونەوەی زیرەکی هەروەها کاریگەری هەیە لەسەر گورچیلە و کۆئەندامی زاوزێ، ئەگەر رێژەکە زۆر بێت رەنگە ببێتە هۆی مردنیش.
٢- جیوە/ توخمێکی ژەهراوییە، کاریگەری لەسەر کۆئەندامی دەمار هەیە و دەبێتە هۆی ئیفلیجی و هەڵمەکەی کاریگەری لەسەر سییەکان و کۆئەندامی هەناسە، وەک پیلە تایبەتەکان بە دەزگای سەربازی و پزیشکی و ئامێرەکانی گوێ لێبوون و ڕێکخستنی دڵ.
٣- کادمیۆم/ هۆکارە بۆ توشبوون بە شێرپەنجە و زیان بە گورچیلەکان دەگەیەنێت، وەک پیلە تایبەتەکان بە ئامێرەکانی وێنە گرتن و تەلەفۆن و مۆبایل.
٤- مەنگەنیز/ وەک پیلە تایبەتەکان بە کارپێکردنی ڕادیۆ و تۆمارکەر و گڵۆپ.
٥- نیکڵ/ زیان بە دەزگای هەناسە دەگەیەنێت، ئەو پیلانەی کە تایبەتن بە ئامێرەکانی گواستنەوە و وێنەگرتن و کارەباییەکان.
٦- لیپیۆم/ زیان بە دەزگای هەناسە دەگەیەنێت، ئەو جۆرە پیلانە لە کارپێکردنی کۆمپیوتەر و ئامێری ژماردن و ئامێرەکانی وێنەگرتن بەکار دێت.
۷- توتیا/ ئەو پیلانەی کە لە کارپێکردنی ڕادیۆ و تۆمارکەر و گڵۆپ بەکار دێت.
٨- زیو/ زیان بە پێست دەگەیەنێت، ئەو پیلانەی کە لە کارپێکردنی ئامێری گوێگرتن و وێنەگرتن و کاتژمێر و کۆمپیوتەر بکار دێت.
۹- هەندێک توخمی تریش...

کەی پیل و پاتری زیان بە مرۆڤ و ژینگە دەگەیەنێت؟

بەداخەوە ئەم پاترییانە تێکەڵی پاشماوەکانی تر دەکرێن کە ئەمەش دەبێتە هۆی پیسبوونی ژینگە کە دواتریش دەبنە هۆی دروستبوونی مەترسیەکی گەورە بۆ سەر تەندروستی مرۆڤ، چونکە ئەگەر بسوتێنرێت ئەوا دەبێتە هۆی پیسبونی هەوا و ئەگەر بکرێتە ژێر خاک ئەوا پێکهاتەکانی لەگەڵ خاکدا تێکەڵ دەبێت، ئەو کاتەش لە ڕێگەی ڕەگی ڕووەکەکانەوە بۆ قەد و لق و پۆپ و بەروبوومەکەی دەگوازرێتەوە، یان لە ڕێگەی هێزی کێشکردنی زەوی و ئاودێری و بارانەوە ئەچۆڕێتە خوارەوە و تێکەڵی ئاوی ژێر زەوی ئەبێت. ئەگەریش بکرێتە ئاوەوە ئاوەکە پیس دەبێت و بۆ خواردنەوە ناشێت. بە پێی پێوانەی جیهانی بۆ ئاوی خواردنەوە ڕێگە نادرێت بە بوونی توخمی جیوە لە ناو ئاودا بە ڕێژەی کەمێکی زۆر کەم لە ملیۆن بەش، بە گەیشتنی تەنیا یەک گرام لەو توخمە بۆ ناو ئاوی ژێر زەوی دەبێتە هۆی پیسبوونی ملیۆنەها لیتر لەو ئاوە و نەشیانی بۆ خواردنەوە، کەواتە بوونی چەندین تەن لە پیلی فڕێدراو دەبێت ساڵانە چ کاریگەرییەکی هەبێت لەسەر پیسبوونی ئاو و ژینگە؟! ئەوەی کە لەسەر زیانەکانی جیوە باس دەکرێت هەمان زیانن کە پێکهاتەکانی تری پیلی وشک دەیگەیەنن.
ئایا بوونی توخمی جیوە و توخمە قورسەکانی تری لە پەیینی ئەندامی زیانبەخشن؟ بێگومان بەڵێ، چونکە دەچێتە ناو پێکهاتەی ئەو ڕووەکانەی کە هەڵی دەمژن و لە ڕێگەی ڕووەکیشەوە بۆ هەموو ئەوانەی ئەو ڕووەکانە بەکار دهێنن، ئینجا چ وەک خواردن یان پێداویستی تر و چ لە لایەن مرۆڤەوە بێت یان ئاژەڵ و گیانلەبەرانی تر.

چارەسەر

باشترین چارەسەر بۆ دوورکەوتنەوە لە مەترسییەکانی ئەم ئامێرە بەکەرەستەکردنەوەیەتی (Recycling)، یاخود ژێرخاککردنی بە شێوەیەکی زانستی، کە لە زۆربەی وڵاتانی پێشکەوتوو شوێنی تایبەت بۆ بەکەرەستەکردنەوە و ژێرخاککردنی خاشاک و زبڵ و پاشماوە ترسناکەکان هەیە، کە هەر لە سەرەتاوە جۆری خاشاک و پاشماوە و زبڵ جیا دەکرێتەوە و، چ لە (کارگە و کارخانە و ماڵ و بازاڕ و فەرمانگە و... هتد) بێت و ڕێگە نادرێت تێکەڵ بە پاشماوە و خاشاکی شارەوانی و ماڵەکان بکرێتەوە، بۆ ئەو مەبەستەش یاسا و ڕێسا و ڕێنمایی توند و تایبەتی بۆ داڕێشراوە و سەرپێچیکەران سزا دەدرێت. وە ئەگەریش ئەمە دەستی نەدا ئەوا پێویستە ڕێگری بگیرێت لە فرێدانی پاتری بەشێوەیەکی هەڕەمەکی و نابەرپرسیارانە و شارەوانییەکانی شار و شارۆچکەکان شوێنی کاتی بۆ کۆکردنەوەی ئەو پاشماوانە دابین بکەن بەشێوەیەکی سەرەتایی و زانستی، تا کاتی دامەزراندنی شوێنی تایبەت بۆ ئەو پاشماوانە، چونکە ناگونجێ ژینگەکەمان دووچاری ژەهراویبوون بکەینەوە بە چاوەڕوانی ساڵانی دوور و درێژ تا داڕشتن و دەرکردنی یاسای تایبەت بە دروستکردن و دامەزراندنی شوێنی تایبەت بە بەکەرەستەکردنەوە و ژێرخاککردنی ماددە ترسناکەکان و سزادانی سەرپێچیکەران، لە کاتێک دەکرێت بگوترێت کە ڕەنگە هەر دەرنەچێت، تا ئەو کاتەش بێگومان شوێنی فڕێدانی زبڵ و خاشاکی شارەوانییەکان پڕ دەبێتەوە (ئەگەر پڕ نەبووبێتەوە!) بە پاشماوە و خاشاک و زبڵ و ماددەی ترسناک کە هەرگیز ناتوانرێت لە دواییدا جیا بکرێتەوە. هەروەها پێویستە هاوڵاتیانیش لەمەڕ مەترسی پاتری وشیار بکرێنەوە کە چەند زیانێکی گەورەی بۆ سەر ژینگە و تەندروستی مرۆڤ هەیە.