پەڕەی فەیسبووکی ماڵپەڕی ژیانت
Facebook.com/ZhingaParezan

پاشماوەی نەخۆشخانەكان و مەترسییەكی گەورە

وەك پێویستییەكی هەمیشەیی مرۆڤ، بوونی نەخۆشخانەی گەورە لەشارو شارۆچكەكاندا مەسەلەیەكی گرنگ و بایەخدارە، بەڵام لە هەمان كاتیشدا دیارە كە نەخۆشخانەكانیش وەك هەر دامەزراوەیەكی دی پاشماوەی ڕۆژانەی جۆراو جۆر فڕێدەدەن، بۆیە پاشماوەی نەخۆشخانەكان لەوانەیە لەچاو پاشماوەی گشتی شاردا لە بڕدا كەم بێت بەڵام لە جۆردا زۆر ترسناكە، بۆ ڕوونكردنەوەیەكی ساكار، دەكرێت ئاماژە بەوە بدەین كەپاشماوەی نەخۆشخانەكان دەشێت بەم جۆرە پۆلێن بكرێن:
١/ پاشماوە ئاساییەكان: وەك خواردەمەنی و كاغەز و كارتۆن.
٢/ پاشماوەی ئامێرە بەكارهاتووەكان: كە دوو جۆرن:
ا- قوتوی دەرمان و چپس و پلاستەر و لۆكە..
ب- شووشە، دەرزی، سرنج، چەقۆ....
٣/ پاشماوەی نەشتەرگەری: وەك پارچەی بڕاو لە لەش، پێست، خوێن، قژ، ئێسقان و ماددەكانی دوای نەشتەرگەری وەك كیسەی پلاستیكی و ماددەی تاقیگەكان.. هتد.
٤/ ئامێرەكانی پشكنین و دەرخستن: ماددەی وێنەگرتن و تیشكی ئێكس..
٥/ دەرمانی بەسەرچوو، یان گەڕاوە، گیراوەی بەسەرچوو.
ئەوەی لێرەدا گرنگە ئەوەیە ئێستا لەگەڵ دامەزراندنی خەستەخانەی تایبەتدا پێویستە چاودێری گشت نەخۆشخانە حكومی و تایبەتەكان بە توندی بكرێت لە بارەی ئەوەی چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو پێنج جۆرە پاشماوەیە دەكەن بەتایبەت جۆری سێیەم. چونكە تێكەڵكردنی جۆری سێیەم لەگەڵ ئەوانی تردا كارەساتی تەندروستی و ژینگەیی گەورە دروست دەكات و چارەسەری نییە.
بۆیە پێویستە بۆ هەر جۆرێك لەو پێنج پاشماوانە چارەسەری گونجاو هەبێت نەك تەنها پەنا ببرێتە بەر سووتاندن كە دەركەوتووە سووتاندن دەبێتە هۆی بەرهەمهێنانی دیۆكسین كەناوێكە نزیكەی 75 ماددەی كیمیاوی لەخۆ دەگرێت و دەبێتە هۆی شێرپەنجە و كاریگەری نەرێنی هەیە لەسەر سیستمی بەرگری لەش و گەشەكردنی، چونكە دیۆكسین لەئەنجامی سووتاندنی ئەو ماددە پلاستیكیانەوە (PVC) پەیدا دەبێت كە لە بنەڕەتدا ماددەی (كلۆر)یان تێدایە، ئەمە جگە لەوەی كە ماددەی )جیوە(ش لەسووتاندنی ئەو پاشماوانە پەیدا دەبێت و كاریگەری خراپیان هەیە لەسەر مێشك و گورچیلە و جگەر بۆیە چارەسەری نوێ ئێستا سووتاندن نییە بەڵكو بریتییە لە خاوێنكردنەوەی هەڵمی (AUTO CLAVE) كە بە گەرمی و پاڵەپەستۆی هەڵم ئەو پاشماوانە چارەسەر دەكرێن و ماددەی دیۆكسینی مەترسیداریش نایەتە بەرهەم.
بۆیە پێویستە نەخۆشخانەكان هەر جۆرێك بێت پاشماوە لەوانی تر جیا بكەنەوە و پاشماوەكان تێكەڵ نەكەن، چونكە بە شێوەیەكی گشتی هەر جۆرە و چارەسەرێكی هەیە، هەروەها دەبێت واز لە شێوازی سووتاندن بهێنین چونكە سووتاندن ئێستا لە ئەمەریكا و ژاپۆن و زۆر وڵاتانی تر بەرەو كۆتایی دەچێت، لەبەر ئەوەی سووتاندن دەبێتە هۆی پیسبوونی هەوا، هەروەها هێشتنەوەی پاشماوەكانیش لە زەویدا بێ چارەسەر هۆكارێكی تری نەخۆشی كوشندەیە.
بۆیە بە حاڵەتی سووتاندنی ئەو پاشماوانە دەڵێن (زبڵخانەی ئاسمانی) چونكە هەوا پیس دەكات. بەهێشتنەوەی بێ چارەسەریش لە زەویدا پێی دەڵێن(بۆمبی چێنراو!!) جا بۆیە جێی خۆیەتی كە دەوترێت پاشماوەی نەخۆشخانەكان ترسناكترین جۆری پاشماوەكانە، لەگەڵ زیادبوونی دانیشتوان و زیادبوونی نەخۆشخانەكانیشدا بڕ و جۆری ئەو پاشماوانە زیاتر دەبن.