پەڕەی فەیسبووکی ماڵپەڕی ژیانت
Facebook.com/ZhingaParezan

زیادبوونی دانیشتوان

زیادبوونی دانیشتوان هۆکارێکی سەرەکی تری پیسبوونی ژینگەیە چونکە هەموو تاکێک لە هەر کۆمەڵگەیەکدا بژی بەدڵنیاییەوە پێویستی بە کۆمەڵێک پێداویستی هەیە بۆ ئەوەی ژیانی بەڕێوە بڕوات، جا سەرجەم ئەو پێداویستییانە پاشماوەی خۆیان هەیە و کاریگەری خراپیان لەسەر ژینگە هەیە، وە بە پێی پێشکەوتنی سەردەم هەر مرۆڤێک پێداویستی و داواکارییەکانی زیاد دەکات و دەگۆڕێت جا زیادبوونی پێداویستی و پاشماوەکەشی زیاتر پەیوەندی هەیە بە لایەنی ئابووری و ڕۆشنبیری کەسەکە یاخود ئەو خێزانەی تێیدا دەژی ئەو خێزانانەی کە لایەنی ئابوورییان بەرزە پاشماوەیان زیاترە لەو خێزانانەی کە لایەنی ئابوورییان نزمە ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ زۆری و کەمی ئەو پێداویستییانەی کە تاکەکانی ئەو دوو خێزانە بەکاری دەهێنن و سوودی لێ وەردەگرن.
هەربۆیە دەبینین وڵاتە پێشکەوتووەکان وەک ئەمریکا بڕی پاشەڕۆی هەرکەسێک ۲ کگم دەبێت لە ڕۆژێکدا ئەم ڕێژەیە دەگۆڕێت لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر بۆ نموونە ١،٨٩ کگم و لە کەنەدا ١،٧٣ و لە سویسرا ١،٦٤، زیادبوونی ژمارەی دانیشتوان ڕێژەیەکی زۆری تۆمار کردووە وەک لە لەم خشتەیە ڕوون کراوەتەوە:

ساڵژمارەی دانیشتوان
١٨٥٠١ ملیار كەس
١٩٣٠٢ ملیار كەس
١٩٦٠٣ ملیار كەس
١٩٧٥٤ ملیار كەس
١٩٨٧٥ ملیار كەس
١٩٩٩٦ ملیار كەس
٢٠١١٧ ملیار كەس

وا پێشبینی دەکرێت تا ساڵی ۲۰۲٥ ڕێژەکە بەرز بێتەوە بۆ ٨ ملیار و سەد ملیۆن کەس.

١٠ وڵاتی جیهان كە زۆرترین ژمارەی دانیشتوانی تێدا دەژی

ژمارەوڵاتدانیشتوان لە ٢٠١٠دانیشتوان لە ١٩٩٠ گەشەكردن بە ڕێژەی (%)
جیهان6,895,889,0005,306,425,00030.0%
١چین1,341,335,0001,145,195,00017.1%
٢هیندستان1,224,614,000873,785,00040.2%
٣وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا310,384,000253,339,00022.5%
٤ئیندۆنیزیا239,871,000184,346,00030.1%
٥بەڕازیل194,946,000149,650,00030.3%
٦پاكستان173,593,000111,845,00055.3%
٧نایجێریا158,423,00097,552,00062.4%
٨بەنگلادش148,692,000105,256,00041.3%
٩ڕوسیا142,958,000148,244,0003.6%-
١٠یابان128,057,000122,251,0004.7%

دیارە زیادبوونی دانیشتوان هەموو جیهانی گرتووەتەوە کە ئێمەش بەشێکین لەم جیهانە، بەردەوام دانیشتوانی کوردستان لە زیدبوونە و لەگەڵ ئەم زیادبوونەش ئاستی پیسبوونی ئاو و هەوا و خاکەکەی زیاد دەکات و هاوڵاتیان لەگەڵ پێشکەوتنی سەردەم داواکاریان زیاد دەکات و دەگۆڕێت، بۆیە دەبێت حکومەت پلانێکی گونجاو بگرێتە بەر بۆ کەمکردنەوەی مەترسییەکان.

کاریگەری خراپی زیادبوونی دانیشتوان لەسەر جۆری ژیان:

۱- تێکدان و لەناوبردنی سەرچاوە سروشتییەکان وەک (ئاو، داستانەکان، خاک و...) کە بنچیەکانی وڵاتە تازە پێشکەوتووەکان بە خێراییەک سەرچاوە سروشتییەکان بەکار دەبەن کە زیاتر لە خێرای تازەبوونەوەیانە، لە کاتێکدا کە لە بنچینەدا پێویستیان بە باشکردی باری گوزەرانی دانیشتوانەکەیان هەیە پێش زیادبوونێک تێیدا.
ا- ئاو: داخوازییەکی زۆری لەسەر دەبینرێت هەتا لەسەر ئاستی تاکە کەس، وە چاوەڕوان دەکرێت لە ساڵی ۲۰۲٥دا دانیشتوانی ٤٨ وڵات تووشی کەم ئاوییەکی توند ببن (دانیشتوانی ئەم وڵاتانە بە ۳ ملیۆن کەس دەژمێردرێت).
ب- کەنارە ئاوییەکان: نیوەی ئەم جێگەیانە ڕووبەڕووی زۆری دانیشتوان دەبنەوە، کە لە ئەنجامدا پیسبوونی ئاوی دەریاکان و ڕاوە ماسییەکی بێ شووماری لێ دەکرێت، کە چەند ساڵێکی زۆری لە بەرپێگرتنی ڕاوە ماسی پێویستە تا هاوسەنگی سروشتی بۆ هەندێک جۆر بگەڕێتەوە.
ج- دارستانەکان: زیادبوونی دانیشتوان زۆرێک لە وڵاتەکانی پاڵ ناوە بۆ گۆڕینی دارستانەکانیان بۆ زەوی کشتوکاڵی بۆ دابینکردنی خۆراک و زیادبوونی داهاتی تاکە کەس یاخود بڕینەوەیان بۆ شوێنی نیشتەجێبوون.
۲- کارکردنی ڕاستەوخۆ لەسەر تەندروستی گشتی و گەشەپێدان:
ا- ئاوی ناتەندروست: دابیننەکردنی ئاوی تەندروست بۆ ملیۆنەها مرۆڤ دەبێتە هۆی مردنی ۱۲ ملیۆن مرۆڤ ساڵانە.
ب- هەوای پیس: ساڵانە نزیکەی ۳ ملیۆن مرۆڤ لەناو دەبات جگە لەو کێشە تەندروستییانە کە لە زیادبوونی پەیتی کانزا قورسەکان دەکەونەوە.
۳- کەمکردنەوەی سەرچاوەی جۆرایەتی زیندەوەران کە جوڵەی ژیای لەسەر بەندە،  بۆ نموونە نیوەی دەرمانی پزیشکەکان لە ڕووەکی سروشتی دروست دەکرێت، گێڕانەوەی دۆخی ئاسایی ئەو لەناوچوونە دەیان ساڵی دەوێت.
٤- زیادبوونی دانیشتوان: کە دیاردەیەکی بێ چارەسەرە تا ئێستا، دەبێتە هۆی زیادبوونی چڕی گازەکان  و دیاردەی قەتیسبوونی گەرمی، هەر بۆیە شوێنەوارە خراپەکانی گۆڕانکارییە مەناخییەکان لەسەر ژینگە و کەرتە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان بەردەوام دەبێت، لەو کاتەی کە ڕووبەری زەوییەکان جێگیرن، زۆربوونی دانیشتوان دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی ڕێژەی ڕووبەری کشتوکاڵی بۆ هەر کەسێک، لە ساڵی ۱۹٥۰ تا ۲۰۰۰ پشکی هەر کەسێک لە زەوی بەرهەمهێن بەرەو دواوە چووە بۆ نیوە!! وە ئەم کردارە بەردەوامە تا ساڵی ۲۰٥۰ کە لەو ماوەیەدا ۳ بلیۆن کەس زیاد دەبێت، بۆ ژمارەی ئێستای دانیشتوان، وە زۆرینەی لەدایکبووەکانیش لەو وڵاتانەن کە لە بنچینەدا بەدەست کەمی سەرچاوە وشکانییەکانەوە دەناڵێن.
هەروەها بابەتێکی تریش هەیە کە ئەویش دابەشبوونی ناڕێکوپێکی دانیشتوانە بۆ نموونە زۆرترین ژمارەی دانیشتوان جیهان لە (چین)ە کەچی زۆرترین ڕووبەری جیهان (ڕووسیا)یە ئەمە لە کاتێکدا زۆرترین ژمارەی لەدایکبوون لە جیهاندا لە (هیندستان)ە.

دەرئەنجامە ترسناکەکانی زیادبوونی دانیشتوان:

۱- زیادبوونی پێویستی بە خۆراکی زیاتر.
۲- زیادبوونی فشار لەسەر سەرچاوە سروشتییەکان بۆ دابینکردنی زیادبوونی پێویستی مرۆیی لە سووتەمەنی و بەرد و مەڕمەڕ و تەختە و کانزاکان و بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی نیشتەجێبوون و ناو ماڵ و خۆراک و پێداویستییە جۆربەجۆرەکاجی تر.
۳- بەرزبوونەوەی بەردەوامی پلەی گەرمی ئاو و هەوا کە دەبێتە هۆی زیادبوونی خێرایی توانەوەی چین و بارستە بەفرییەکان لە هەردوو جەمسەری زەوی، زیادبوونی ڕێژەی گەرمکەرەکان بە تایبەتی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمای هەوای دەوری زەوی لە سەدەی ڕابردوودا بە ڕێژەی ٤ پلەی سەدی وە ئەم بڕە بووە هۆی گۆڕانی گەورە لە ئاو و هەوادا، ڕوودانی گۆڕانکاری ئاماژەی مەترسییە وەک:
ا- زیادبوونی شەپۆلی گەرما لە جیهاندا.
ب- بەرزبوونەوەی ئاستی ڕووی دەریاکان.
ج- دابەزینی چینە سەهۆڵییەکانی هەردوو جەمسەر.
د- زیادبوونی حاڵەتەکانی گەردەلوول و با و بۆران بە شێوەیەکی چاوەڕوان نەکراو.
٤- خراپ بەکارهێنانی زەوی، بە گۆڕینی دارستانەکان بۆ زەوی کشتوکاڵی و بەرفراوانبوونی ئاوەدانی.
٥- زیادبوونی پیشەسازی بۆ دابینکردنی پێویستییە لەبن نەهاتووەکانی مرۆڤ و پیسبوونی هەوا لە ئەنجامدا.
٦- زیادبوونی داواکاری لە سەر ئاو و خواردنەوە و ئاودێری.
۷- نەتوانینی دابینکردنی چاودێری تەندروستی و کۆمەڵایەتی و پەروەردە لە لایەن وڵاتانی جیهانی سێیەمەوە، بۆ ئەو زیادبوونە زۆرەی کە لە دانیشتوانەکەیدا ڕوو دەدات و دەبێتە هۆی زیادبوونی ڕێژەی بێکاری و نەخۆشی و نەخوێندەواری و ئەمەش کێشە کۆمەڵایەتییەکان زیاتر دەکات، وەک دابەزینی تێکڕای داهاتی تاکەکەس و زیادبوونی تاوانەکان.
۸- زیادبوونی زۆری پاشماوەی پێداویستییە بەکارهاتووەکانی تاکەکەس لەسەر ئاستی جیهان.
۹- پڕبوونی ئەو شوێنانەی کە تەرخانکراوە بۆ پاشەڕۆ وە زۆرێک لە وڵاتان شوێنی تازەیان نییە بۆی.
۱۰- زیادبوونی جیاوازی نێوان دەوڵەمەند و هەژار لەسەر ئاستی گەل و وڵاتان وە نەتوانینی وڵاتانی سێیەم بە دابینکردنی چاودێری تەندروستی و کۆمەڵایەتی و فێرکردن بۆ ئەو ژمارە زۆرەی دانیشتوانەکەیان.
۱۱- زیادبوونی هۆکارەکانی گواستنەوە پیسبوونی زیاتری هەوا.
۱۲- بڕینی دارستانەکان و بەبیابانبوون.
۱۳- کێشەی سوێرەی خاک و شەپۆلەکانی هەڵکشانی دەریایی.
۱٤- کێشەی ترشبوونی خاک و ترشەباران.
۱٥- نەتوانینی حکومەت بۆ بەڕێوەبردن و ڕێکخستن و بەڕێکردنی کاری هاوڵاتیان.
۱٦- کەمبوونەوەی شوێنی نیشتەجێبوون.

چارەسەرکردنی کێشەکانی زیادبوونی دانیشتوان:

۱- دانانی پلان و دیاریکردنی ژمارەی خێزان واتە کەمکردنەوەی لەدایکبوون (ئەمە بۆ وڵاتێك كە ژمارەی دانیشتوانی لە ڕادەبەدەر تێپەڕی كردبێت بەڵام گەر وڵاتێك ژمارەی دانیشتوانی كەم بێت پێویستە نەك ڕێگری بكرێ بەڵكو دەبێت هانیش بدرێن بۆ پاراستنی جۆرایەتی!).
۲- کۆچکردن لەو شوێنانەی ژمارەی دانیشتوانی زۆرە بۆ شوێنێکی شیاوتر.
۳- دروستکردنی بینای خزمەتگوزاری وەک (ماڵ، قوتابخانە و نەخۆشخانە).
٤- بینای شارەکان بە باشترین پلان دروست بکرێت.
٥- ڕێگەی باش بگیرێتەبەر بۆ گەڕانەوەی سەرچاوە سروشتییەکان.
٦- بەرزکردنەوەی ئاستی ڕۆشنبیری و پەروەردەیی.
۷- بەرزکردنەوەی ئاستی تەکنەلۆژیا لە بواری پیشەسازیدا.
۸- پاراستنی ژینگەی سروشت.
۹- زیادکردنی لایەنی ئابووری.
۱۰- زیادکردنی و دابینکردنی خۆراک.
- بەڵام ئەوەی جێگەی داخە سەرجەم ئەو چارەسەرانە سنووردارە چونکە توانای ئاو و هەوا و خاکمان سنووردارە.