پەڕەی فەیسبووکی ماڵپەڕی ژیانت
Facebook.com/ZhingaParezan

پیسبوونی هەوا

مرۆڤ هەر لەو کاتەوە کە ئاگری بەکار هێناوە دەستی بە پیسکردنی هەوا کردووە شۆڕشی پیشەسازی بە دووکەڵە خۆڵەمێشییەکەی ئەم پیسبوونەی زیاد کرد، کاتێک پیسبوونی هەوا ڕوو دەات ئەگەر گۆڕانکاری لە پێکهاتەی سەرەکی هەوادا ڕوو بدات ئەگەر پیکهاتەی تر تێکەڵ بوو ئەوا زیان بە زیندەواران دەگەیەنیت.
ئەنجومەنی کۆنگرێسی ئەوروپا پێناسەی ئەم جۆرە پیسبوونەی بەم جۆرە شێوازە کردووە: "هەوا پیس دەبێت کاتێک هەر ماددەیەکی تێدا بێت کە گۆڕانکاری گرنگ لە ڕێژەی ماددە سەرەکییەکاندا بکات کە دەبێتە هۆی کاردانەوە و زەرەرمەند و شپرزەبوونی و جەنجاڵی".
جۆرەکانی پیسبوونی هەوا زۆرن و ئەو پێکهاتە زیانبەخشانەی تێکەڵ بە هەوا دەبن، دەچنە لەشی مرۆڤەوە لە ڕێگەی هەناسەدان و خواردن و پێستەوە، خوێنیش ئەوپێکهاتە بە لەشی مرۆڤدا بڵاو دەکاتەوە دەبێتە هۆی تووشبوون بە نەخۆشی، زۆربەی ئەو پیکهاتانەی کە لە هەوادا هەن لە ئەنجامی چالاکییەکانی مرۆڤ خۆیەتی.
کێشەی پیسبوونی هەوا لە هەموو جیهاندا بووەتە کێشەیەکی سەرەکی و ئاشکرا کە ئێستا ڕووبەڕووی مرۆڤ و بوونەوەران بووەتەوە، لەبەر ئەوەی هەوا سەرچاوەی ژیانی مرۆڤە بۆیە پێویستە هەوا پاکژ و خاوێن بێت، ئاشکرایە کە پیسبوونی هەوا زۆر زیاترە لە پیسبوونی خاک و ئاو، شایانی باسە ساڵانە بە هۆی پیسبوونی هەواوە لە جیاندا سێ ملیۆن کەس دەمرێ، سییەکانی مرۆڤی ئاسایی لە ڕۆژێکدا ٢٢٠٠٠ جار هەناسە وەردەگریت، بەمەش لایەنی کەم پێویستی بە ١٥٠٠٠ لیتر هەوا هەیە کە بە کێش دەگاتە ١٦ کگم ئەم وزەیە زۆر زیاترە لە سەرجەمی نان خواردن و ئاو خواردنەوەی مرۆڤی ئاسایی، ئەمە لە کاتێکدا لەشی مرۆڤ تەنیا پێویستی بە بڕی ٢,٥ کگم لە ئاو و ١,٥ کگم خواردن هەیە لە ڕۆژێکدا.

گرنگترین ئەو توخمانەی کە بەرگە هەوایان پیک هێناوە بە ڕێژە بریتین لە


توخم ڕێژەی لە سەدا (٪)
نایترۆجین ٧٨,٠٧
ئۆکسجین ٢٠,٩٥
ئارگۆن ٠,٩٣
دوانۆکسیدی کاربۆن ٠,٠٣٤
نیۆن ٠,٠٠١٨
هیلیۆم ٠,٠٠٠٥٢
ئۆزۆن ٠,٠٠٠٠٦
هایدرۆجین ٠,٠٠٠٠٥
میسان ٠,٠٠١٥
کریتۆن گازێکی دەگمەنە
زینۆن گازێکی دەگمەنە

سەرچاوەکانی پیسبوونی هەوا و کاریگەرییەکانی


ا- پیسبوونی سروشتی
ب- پیسبوونی ناسروشتی (دەستکرد)

پیسبوونی سروشتی هەوا


ئەو سەرچاوانە دەگرێتەوە کە سروشتین و مرۆڤ دەسەڵاتی بەسەریاندا نییە لەوانە:
١- گڕکان: تەقینەوەی کانە بورکانییەکان بڕێکی یەکجار زۆر لە گازەکان و خۆڵەمێشی بورکانەکان فڕێ دەدات و کیلۆمەترێک بەرز دەبێتەوە بە جۆرێک دەگاتە ئاستی چینی دووەم و کاریگەرییەکی خراپی دەبیت لەسەر کەش و هەوا و ژینگەی بەرگە هەوا، جێی باسە لە هەر تەقینەوەیەکی بورکانیدا ئەم گازانە دەردەپەڕن وەک لەم نەخشەیەدا ڕوون کراوەتەوە.
پێکهاتە گازییەکان ڕێژە (٪)
هەڵمی ئاو ٧٠,٧٥
دووەم ئۆکسیدی کاربۆن ١٤,٠٧
هایدرۆجین ٠,٣٣
ئارگۆن ٠,١٨
نایترۆجین ٥,٤٥
دوانۆکسیدی گۆگرد ٦,٤٠
سێیەم ئۆکسیدی گۆگرد ٠,٠٥

٢- تۆز و خۆڵ: بە هۆی ڕەشەبا و گێژەڵۆکە دەگوازرێتەوە، دەبێتە هۆی گواستنەوەی تەنە ڕەقەکان لە خاک و خۆڵ و لمی ورد کە لە بنەڕەتدا تەنی کانزایی و خوێیی و میکرۆب و سپۆری ڕووەک و بەکتریایە، ئەم ماددە و زیندەوارانە کە لە هەوادا هەن دەبنە هۆی لێڵبوون و کزبوونی بینین، بە باشی نەگەیشتنی تیشکی خۆر بۆ سەر زەوی کە زیان بە ڕووەکەکان دەگەیەنێت، هەروەها هەڵمژینی ئەو ماددە و میکرۆبانەی کە لە هەوادا هەن زیانێکی زۆری هەیە بۆ تەندروستی مرۆڤ و دەبێتە هۆی تووشبوونی مرۆڤ بە چەندەها نەخۆشی ترسناک بە تایبەتی نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەناسە وەکو تەنگە نەفەسی و هەڵئاوسانی سییەکان و شێرپەنجەی سییەکان و حەساسییەت و سووتانەوەی بۆرییەکانی هەوا.

٣- ئاگرکەوتنەوە: ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکان و لەوەڕگاکاندا کە بە هۆی بروسکە و بەرزبوونەوەی پلەی گەرمای زۆر بەتین لە مانگە گەرم و وشکەکاندا ڕوو دەدات، وەکو ئەو ئاگرەی کە ساڵی ٢٠٠٠ ویلایەتە یەکگرتووەکانی گرتەوە بە هۆی وشکەساڵییەوە کە چەندان هێکتار زەوی و دارستانی سووتاند، گرنگترین ئەو پێکاتە و گازانەی لە ئەنجامی سووتانەوە دەردەچن و تێکەڵ بە هەوا دەبن بریتین لە هەڵمی ئاو، دووەم ئۆکسیدی کاربۆن، ئۆکسیدی ئۆزۆنەکان، دیارترین ئاگرکەوتنەوەی ساڵی ٢٠١٠ لە ڕووسیا بوو کە هۆکارەکەی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما بوو زەرەر و زیانێکی زۆری لە دارستان و زەوییە کشتوکاڵییەکانی ئەو وڵاتە گەیاندا، شایانی باسە بە هۆی ئەو ئاگرەی کە ڕووسیای گرتەوە هەناردەکردنی دانەوێڵی ئەو وڵاتە وەستا.

٤- میکرۆب: بەکتریا و میکرۆب لە هەوادا زیاتر دەبێت بە تایبەتی لە شارە چڕەکاندا و لە شوێنە شێدارەکان و جەنجاڵەکاندا، ئەمەش کاریگەری خراپی لەسەر تەندروستی مرۆڤ بە گشتی هەیە بە هۆی ئەو نەخۆشییە گواستراوانەی کە لە ڕێگەی هەواوە بڵاو دەبێتەوە بە تایبەتی ئەنفلۆزا و چەند نەخۆشییەکی تری بەکتریایی.

سەرچاوە ناسروشتییەکانی پیسبوونی هەوا


پیسبوونی هەوا لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر دەگۆڕێت بە پێی خێرایی با و جیاوازی پلەی گەرما و ڕێژەی باران بارین، لێرەدا هەندێک لە گرنگترین جۆرەکانی پیسبوون لەگەڵ کاریگەرییەکانی ئەو پیسبوونە لەسەر تەندروستی مرۆڤ دەخەینە ڕوو:
یەکەم: پیسبوون بە یەکەم ئۆکسیدی کاربۆن (CO)
یەکەم ئۆکسیدی کاربۆن گازێکی ژەهراوییە، نە ڕەنگی هەیە نە بۆن، لە ئەنجامی سووتانی ناتەواوەوە دروست دەبێت کە زیاتر لە سووتانی بەنزینی ئۆتۆمبێلەوە دروست دەبێت ڕێژەکەشی لە شوێنی نیشتەجێوە بۆ شوێنێکی تر دەگۆڕێت، لە شوێنە سەوزەکاندا کەمترین ڕێژەیە، دروستبوونی ئەم گازە زیاتر لە وەستانی ئوتومبێلەکانەوە دەبێت لە ترافیکەکاندا سەرەڕای زیادبوونی ژمارەی ئامێرەکان لە شاردا، ئەم گازە لە ڕۆژدا زیاترە بە بەراورد بە شەو.
ئەم گازە ڕاستەوخۆ لە ڕێگەی هەناسەدانەوە تێکەڵ بە خوێنی مرۆڤ دەبێت بە شێوەیەکی زۆر خێرا لەگەڵ هیمۆگڵۆبینی خوێندا یەک دەگرێت بەمەش هەناسەدانی خانەکانی سست دەکات و دەبێتە هۆی ژەهراوییبوون ئەگەر ڕێژەی (٠،٠١ ٪) لەم گازە ڕاستەوخۆ هەڵمژین دەبێتە هۆی:
١- هەستکردن بە ماندووبوون
٢- هەناسە تەنگی
٣- گوێ زرنگانەوە
ئەگەر ڕێژەگە لەوە زیاتر بێت دەبێتە هۆی:
١- بێ هێزی و سستی ماسولکەکان و نەمانی توانای جوڵە
٢- لاوازی بینین
٣-کزبوونی چاو
٤- تێکچوونی گەدە و ڕشانەوە
٥- دابەزینی پلەی گەرمی لەش
٦- دابەزینی پەستانی خوێن
٧- زیادبوونی لێدانی دڵ
٨- بوورانەوە و مردن لە پاش چەندکاتژمێرێک

دووەم: گازی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن (CO2)
ئەم گازە لە ئەنجامی هەموو سووتانێکەوە دروست دەبێت لە سووتانی جۆرەکانی نەوت و دار و هەر توخمێکی تر کە بۆ سووتان بشێت، ئەم گازە لە گرنگترین توخمە سروشتییەکانە بۆ پیسبوونی ژینگە، مرۆڤ خۆی خاوەنی بەرهەمهێنانیەتی کە ڕێژەکەی بەم ساڵانەی دوایی زۆر زیادی کردووە، بە چەند ڕێگەیەک لەناو دەچێت و نامێنێت لەوانە لە زەریاکاندا دەتوێتەوە یان بەشێکی زۆری لە لایەن ڕووەک و درەختەکانەوە هەڵدەمژرێت لەگەڵ ئەمانەشدا ڕێژەیەکی زۆری لە هەوادا دەمێنێتەوە کە هۆکاری سەرەکی دیاردەی (قەتیسبوونی گەرما)یە، زیادبوونی ئەم گازە لە هەوادا کار دەکاتە سەر:
١- چالاکی مێشک و پێکهاتەی خانەکانی
٢- کۆئەندامی هەناسە
٣- چاوی مرۆڤ

سێیەم: پیسبوون بە گازی دووەم ئۆکسیدی گۆگرد (SO2)
گازێکی ترشەڵۆکە بۆنێکی ناخۆشی هەیە ساڵانە ١٠٠ ملیۆن تەن لەم گازە دروست دەبێت کە ٩٠ ٪ی ئەم گازە لە نیوە گۆی باکووردا هەیە بە هۆی بارانی ترشەڵەکەوە (ترشە باران) دروست دەبێت و کاریگەری خراپی هەیە بۆ سەر تەندروستی زیندەوەران، هەروەها نەوتی دەرهاتوو لە زەوی و خەڵووزی کانەکان و گازی سروشتی ڕێژەیەک لە گۆگرد لەخۆ دەگرێت و لە کاتی سووتانیدا بە شێوەیەکی گاز دەردەچێت بۆ هەوا، ئەم گازە ڕەنگی نییە و بۆنێکی ناخۆشی هەیە کاتێک زیانبەخش دەبێت ئەگەر ڕێژەکەی ٣ بۆ یەک ملیۆن بەش بێت لە هەوادا، مانەوەی لە هەوادا کارلێک دەکات و دەبێتە ترشی کبریت و دیسانەوە ئۆکسانی بەسەردا دێت دەبێت بە سێیەم ئۆکسیدی کبریت کە زیانی ڕاستوخۆ بە مرۆڤ و گیانداران دەگەیەنێت و کار دەکاتە سەر:
١- کۆئەندامی هەناسەدان و ئازاردانی سنگ
٢- بۆری هەناسە و گرتنی قورگ و خنکاندنی
٣- هەستەوەری تامکردن و بۆنکردن
٤- چاوەکان و کزبوونی
٥- دەنگەژێکان و گرتنی و قوڕگ و خنکانی

چوارەم: پیسبوون بە ئۆکسیدەکانی نایترۆجین
ئۆکسیدەکانی نایترۆجین لە بڵاوترین گازەکانە کە بە هۆی سووتانەوە دروست دەبێت ئەمەش کاتێک پلەی گەرما بەرز دەبێتەوە بە تایبەتی لە ئامێری گەورە و بنکەکانی دروستکردنی کارەبا و کارگە گەورەکان و زیان بە بۆری هەناسە و پێڵووی چاو دەگەیەنێت.

پێنجەم: پیسبوون بە قورقوشم
لە کانزا قورس و ژەهراوییەکانە و زۆر بڵاوە لە هەوادا، لە سەرچاوە سروشتی و ناسروشتییەکانەوە دروست دەبێت کە ٢٠ ٪ی ئەو قوڕقوشمەی لە هەوادا هەیە ئەگەڕێتەوە بۆ هۆکارە مرۆییەکان، ئەم توخمە دەکرێتە بەنزینی ئامێرەکانەوە بۆ باشترکردنی سووتان و باشترکردنی بەرگریکردنی مەکینەی ئوتومبێلەکان، ئەم توخمە لە ئەنجامی سووتانەوە دێتە دەرەوە و دەبێتە هۆی پیسبوون بە تایبەتی لە شارە گەورە و جەنجاڵەکاندا کە کاریگەری لەسەر مرۆڤ و گیانداران هەیە و دەبێتە هۆی:
١- دروستبوونی بەردی گورچیلە
٢- کەمی هیمۆگڵۆبین لە خوێندا
٣- دڵەڕاوکێ
٤- کەم هۆشی لە منداڵدا
٥- سەرئێشە و بوورانەوە
٦- تێکدانی شێوەی کۆرپەلە لە کاتی دووگیانییدا

شەشەم: پیسبوون بە ئاوێتەی کلۆرۆفلۆرۆکاربۆن
ئەم ئاوێتەیە زیاتر لە ناو ماڵەکانماندا هەیە وەکو جۆرەکانی کاربۆن و بۆنبڕەکان یا پاشکۆی فرێزەری فرێزەری سەلاجە و سپلێتەکان، ئەم گازە زۆر سووکە بەرز دەبێتەوە بۆ دوا چینەکانی هەوا، لە ڕاستیدا زیانی ڕاستەوخۆی بۆ مرۆڤ زۆر کەمە بەڵام کاریگەری ڕاستەوخۆی هەیە لەسەر چینی ئۆزۆن کە زیانی گشتی هەیە بۆ سەرجەم مرۆڤایەتی، زۆربەی کۆمپانیا گەورەکان لە هەوڵی ئەوەدان ئاوێتەیەکی نوێ دروست بکەن کە زیان بە ژینگە نەگەیەنێت.

حەوتەم: پیسبوون بە ئاوێتە ژەهراوییەکان
ئەمانەش چەند جۆرە ئاوێتەیەکن وەکو زرنیخ، سلینیۆم، جیوە، کادمیۆم و... هتد کە ڕێژەیان زۆر کەمە و دووکەڵی کارگە گەورەکان دروستی دەکەن و تێکەڵی هەوا دەبن پاشان بە هۆی بارانەوە دەچنەوە ناو زەوی و ئەگەر ڕێژەیان زۆر بوو زیان بە گیانداران دەگەیەنێت.

هەشتەم: پیسبوون بە هۆی زیندەوەری وردەوە: (ئەوانەی بە چاو نابینرێن)
لە هەوادا ملیۆنەها جۆری زیندەوەری ورد هەیە لە بەکتریا و ڤایرۆس و کەڕوو... کە بە ڕێژەیەکی سورشتی هەیە ئەگەر ئەم ڕێژەیە زیادی کرد بە هۆی مرۆڤەوە ئەوا پیسبوون دروست دەبێت، ژینگە پیس دەکات ئەمەش لە کاتی جەنگدا زیاتر ڕوو دەدات بە تایبەتی بەکارهێنانی چەکی بایەلۆجی، لە ناسراوترین ئەو پیسبوونانەی کە ئێستا بڵاوە بەکتریای گەڕییە.

نۆیەم: هایدرۆکاربۆنات
سادەترین پێکهاتەی ئەندامییە لە ئەنجامی ئاگرکەوتنەوەی ناتەواوی سووتەمەنییەکان لە هۆکاری هاتوچۆدا دروست دەبێت بە هۆی پەیدابوونی ٥٠ ٪ی ئەو هایدرۆکاربۆنانەی دێنە هەواوە هەروەها بە هۆی سووتانی ناتەواوی سووتەمەنییەکانی پیشەسازییەکانەوە دروست دەبێت ئەم گازە هاوبەشی دەکات لە پێکهاتنی تەم و دووکەڵی کیمۆڕووناکی هەروەها پێی دەوترێت نیترۆبیرین بە گرنگترین پێکهێنەری نەخۆشی شێرپەنجە دادەنرێت.

کاریگەری پیسبوونی هەوا لەسەر ژینگە


١- کاریگەری لەسەر مرۆڤ
ڕێخراوی تەندروستی جیهانی لە ئەوروپا دووپاتی کردەوە کە لەو شوێنانەی کە ژمارەی دانیشتوانی زۆرە دەرکەوتووە کە تووشی جۆرەها نەخۆشی بوونەتەوە و کاریگەری هەبووە لەسەر کۆئەندامی هەناسە و دڵ و توشبوون بە شێرپەنجە، لە شاری مەکسیکۆ بە شێوەیەکی هەڕەمەکی وا دانراوە کە مرۆڤێک کە ڕۆژانە بە ڕێژەی دوو پاکەت جگەرە هەوای پیس هەڵئەمژێت کە خۆیشی جگەرە کێش نەبێ، لە ساڵی ٢٠٠٠دا لە شاری تارانی پایتەختی ئێران بە نزیکەیی ٤٠ هەزار مرۆڤ بە هۆی پیسبوونی هەواوە مردوون، هەروەها لە چین بڕیاری داخستنی ٢٠٠٠ کارگە دراوە بە هۆی کاریگەری خراپی لەسەر ژینگە، وەزارەتی ژینگەی عێراق ڕایگەیاند تەنها لە ماوەی ساڵی ٢٠١٠دا نزیکەی ٧ هەزار کەس بە هۆی توشبوونیانەوە بە نەخۆشی شێرپەنجە مردوون، هەروەک کاریگەری لەسەر ڕێژەی کورتی و درێژی تەمەنی مرۆڤەکان هەیە بۆ نموونە تێکڕای تمەنی تاکی عێراقیی ٥٨ ساڵە لە کاتێکدا ئەو تێکڕایە لە ئەوروپادا ٨٢ ساڵە.
٢- کاریگەری پیسبوونی هەوا لەسەر ئاژەڵەکان
کاریگەری پیسبوونی هەوا لەسەر ئاژەڵ بە هۆی خواردنی ئەو ڕووەکانەوە دەبێت کە پیسبوونی هەوا کاریگەری لێکردوون، بۆ نموونە مەڕ و مانگا کاتێک ئەو ڕووەکانە دەخۆن کە کلۆر لەسەر گەڵاکانی نیشتوون دەبێتە هۆی کەمبوونی بڕی شیر بە تایبەتی لەو ناوچانەی کە پیشەسازی ئەلەمنیۆمی لێیە یان کاریگەری پەیینی کیمیایی و ئاسن و سیرامیکی لێیە.
٣- کاریگەری پیسبوونی هەوا لەسەر ڕووەکەکان
ئەو پیسکەرانەی زیان بە ڕووەک دەگەیەنن وەک ئۆزۆن و ئۆکسیدەکانی گۆگرد و ئۆکسیدەکانی نایترۆجین و گازە ئۆکسیدەکان و کلۆرەکان کە هۆکارن بۆ کەمکردنەوەی بەروبوومی کشتوکاڵی و لەناوچوونی دارستانەکان و لە ڕێگەی نزمکردنەوەی کرداری ڕۆشتنەپێکهاتن، دروستبوونی نیشتووە ترشە ڵۆکەکان کە ئەبێتە هۆی شتنەوە خوێ کانزاییەکان لە خاکدا و گۆڕینی ترش و تفتی خاک و کوشتنی زیندەوەرە سوودبەخشەکان، زەرەر و زیانەکانی پیسبوونی هەوا لە ئەوروپا و ئەمریکادا بە دەیان ملیار دۆلار مەزەندە کراوە لە ناوچە دارستانییە فراوانەکاندا.
٤- کاریگەری پیسبوونی هەوا لەسەر کەش و هەوا
زیادبوونی گازەکان و خۆڵ و تۆز لە هەوادا کاریگەری لەسەر کەش و هەوا هەیە. وەک بەرزبوونەوەی پلەی گەرما و تواندنەوەی سەهۆڵبەندەکان و ژێرئاوکەوتنی کەناراوە نزمەکان، پیسبوونی هەوا کاریگەری زۆری هەیە لەسەر ڕێژەی بارانبارین، زانراوە ڕێژەی بارانبارین لە شارە جەنجاڵەکان بە ڕێژەی (٥ ٪ – ١٠ ٪) لە ناوچە گوندنشینەکان زیاترە، ئەمەش بە هۆی چڕی دانیشتووان و ئاسەواری کارگەکان کە دەبنە هۆی دەرهاویشتنی گەردیلە ڕەقەکان.
٥- کاریگەری پیسبوونی هەوا لەسەر کانزاکان (باڵەخانەکان)
پیسبوونی هەوا دەبێتە هۆی داخورانی بینا و کانزاکان و پیسبوونیان و گۆڕانی ڕەنگەکانیان کە پاککردنەوەیان زۆری تێدەچێت، هەروەها زیانی زۆری هەیە بۆ سەر بەروبوومە پێستییەکان و کاغەز و بۆیاغ و جلوبەرگ، وەک مەزەندە کراوە لە وڵاتە یەکگرتووەکاندا زیانی پیسبوونی هەوا ساڵانە نزیکەی ١١ ملیار دۆلارە.

کاریگەری دووکەڵی ئوتومبێل لەسەر هەوا


تەنیا لە ئەمریکا ساڵانە ٣٠ هەزار کەس بە هۆی دووکەڵی ئوتومبێلەوە گیان لە دەست دەدەن، هەروەها مەزەندە دەگرێت کە دووکەڵی ئەگزۆزی ئوتومبێل بە ڕێژەی (٢٠ ٪ - ٣٠ ٪) بەشدار بێت لە گەرمبوونی هەوادا، بە سووتاندنی ٧٠ لیتر بەنزین ١٤٠ – ١٨٠ کگم دوانۆکسیدی کاربۆن دەکاتە هەواوە، چونکە لە یەک کاتژمێردا ئوتومبێلێکی بەنزین ٢٠ مەتر سێجا لە هەوا پیس دەکات کە بەشی ٢٠ مرۆڤ بۆ کاتژمێرێک دەکات، کە هەر مرۆڤێک لە کاتژمێرێکدا پێویستی بە ٠،٩ مەتر سێجا ئۆکسجین هەیە. تەکنەلۆژیا دەورێکی گەورەی هەبوو لە کەمکردنەوەی پیسکەرەکانی ئوتومبێل، بەڵام زۆری ژمارەی ئوتومبێل ئەو سوودەی کەم کردەوە بەڵکو تەنیا لە ساڵی ٢٠٠٠دا پیسبوونی هەوا بە ئوتومبێل ٦٣ ٪ زیادی کرد لە چاو ساڵی ١٩٧١دا، پسپۆڕان ئاماژە بە چڕی گازی دوانۆکسیدی کاربۆن دەکەن کە خەستیەکەی زیادی کردووە لە ٠،٠٢٦ بۆ ٠،٠٣٤٥ لە ساڵی ١٩٧٤دا، لەسەر ئاستی جیهان زانایان پەیدابوونی گازی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن بە دەستی مرۆڤ بە ٥٠ ٪ دەخەمڵێنن ئەوی تری بە هۆی سووتانی کەرەستەی ئەندامییەوە دەبێت، ڕێژەی ئوتومبێل لە ساڵی ٢٠٠٨دا گەیشتە ٨٣٠ ملیۆن لە سەرانسەری جیهاندا، وە ئوتومبێل بە سەرچاوەی یەکەم دێت لە تەنکبوونی چینی ئۆزۆن بۆ نموونە ئەگەر وامان دانا ساڵانە هەر ئوتومبێلێک ٥ تەن لە دووەم ئۆکسیدی کاربۆن فڕێ دەدات، ئەی ئەگەر ٨٣٠ ملیۆن ئوتومبێل لە چیهاندا هەبن چی؟ ئایا ڕووبەرە سەوزەکان دەتوانن هاوسەنگی ڕابگرن؟

پیسبوونی هەوای ناوخۆیی


پێویستە سەرنجتان بۆ مەسەلەی پیسبوونی هەوای ناو ماڵ و بیناکان ڕاکێشین و جیاکردنەوەی لە پیسبوونی دەرەکی و ڕوونکردنەوەی زیانەکانی بۆ مرۆڤ.
بەکارهێنانی دار و خەڵوز بە مەبەستی گەرمکردنەوە و چێشت لێنان هۆکارێکی سەرەکییە بۆ پیسبوونی هەوای ژوورەوە، پیسبوونی ناوخۆیی لە زیادبووندایە بە هۆی کەرەستەی کیمیایی و جگەرە و بەکتریاوە، لە ئامارێکدا کە ئاژانسی وزەی نێودەوڵەتی ئاماژەی پێدەکات خەستی تەنە هەڵواسراوەکان لە هەندێ دووکەڵی ناوخۆدا دەگاتە ١٠٠ ئەوەندەی خەستییەکی لە هەوای دەرەکیدا؟؟ قوربانییەکانیشی زۆربەیان منداڵ و ئافرەتن.

پیسبوونی هەوای دەرەکی یەکێکە لە گرنگترین هۆکارەکانی مردن لەو ناوچانەی کە سووتەمەنی ڕەق بەکار دەهێنن و قوربانییەکانی بە ملیۆنێک مەزەندە دەکرێت لە ساڵێکدا واتە: قوربانییەک لە هەر چرکەیەکدا، سووتانی دار و خەڵوز هۆکارێکە بۆ تووشبوون بە شێرپەنجەی سییەکان و هەناسەتەنگی بە تایبەتی لە نێوان کەسانی تەمەن ٣٠ ساڵدا، هەروەها هەندێ لێکۆڵینەوە دەیسەلمێنن کە مداڵی کەم کێش لە دایک دەبن لەو شوێنانەدا، شایەنی وتنە کە ڕێخراوی تەندروستی جیهانی بەرپرسە لە بەرزکردنەوەی ڕاپۆرتی ساڵانە سەبارەت بە ژمارەی بەکارهێنانی خەڵوز و پاشەڕۆی ئاژەڵ بۆ گەرمکردنەوەی ماڵان، هەروەها ڕێخراوەکە لە هەوڵی چاککردنی جۆری سۆپا و تەباغی ئەو ناوچانە و هانیان دەدات بەرەو بەکارهێنانی سووتەمەنی گاز یان شل.

سوودی درەخت


ڕووەک و دارستانەکان پاککەرەوەی هەوان لە گازەکان وەک دووەم ئۆکسیدی کاربۆن چونکە ڕووەک بە هۆی کرداری ڕۆشتنەپێکهاتن دووەم ئۆکسیدی کاربۆن دەگۆڕێت بۆ ماددەی کاربۆهیدراتییەکان و هەروەها ئۆکسجین دەردەپەڕێنێت لەو ئاوەی کە بەشدارە لە کردارەکەدا.
* بڕی ئۆکسجینی بەرهەمهاتوو لە هێکتارێک دارستاندا لە یەک ساڵدا هەمان بڕە بۆ پێداویستی ئۆکسجینی ١٨ کەس لە ساڵێکدا.
* یەک هێکتار لە ڕووەک بڕی ٦،٢ تەن گازی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن هەڵدەمژێت.
* کاتێک چڕی گازی ئۆزۆنی زەوی زیاد دەکات بە هۆی کارلێکی هایدرۆکاربۆناتی بە هەوادا چوو لەگەڵ ئۆکسیدەکانی نایترۆجیندا و بە بوونی تیشکی ڕۆژ و گەرمی چالاکی ڕووەک بۆ هەڵمژینی گازی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن کەم دەکاتەوە بە ڕێژەی سێ یەک بە هۆی لەناوچوون و سستبوونی دەمیلەکان.
* سێبەری درەختەکان توانای دابەزاندنی پلەی گەرمی خانووەکانی هەیە بۆ ٢٠ پلەی سەدی، هەروەها دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی ڕاماڵینی زەوی.
* دارستانەکان یارمەتیدەرن بۆ پاشەکەوتکردن و باشکردنی جۆری ئاوی سەر زەوی و ژێر زەوی بە هۆی هێواشکردنەوەی باران و ڕێڕەوی ڕووبارەکان.
* لێرەدا بۆمان دەردەکەوێت کە ڕووەک دەتوانێت ڕۆڵێکی گرنگ و کاریگەری هەبێت لەسەر ئەو ژینگەیەی کە تێیدا دەژین بە تایبەتی لەسەر جۆری ئەو هەوایەی هەڵی دەمژین کە یەکێکە لە پێکهاتە گرنگەکانی ژینگە، ئەمە سەرەڕای ئەوەی کە بوونی ڕووەک و ڕووبەری سەوزیی کار دەکاتە سەر دەروون و بەخشینی ژیانێکی خۆش و تەندروست بە مرۆڤ.

(کەمکردنەوەی) پاراستنی هەوا لە پیسبوون


باشترین ڕێگە بۆ پاراستنی هەوا لە پیسبوون کەمکردنەوەی دەردانی پیسکەرەکانە لە سەرچاوە پیسەکانەوە و لەگەڵ ڕەچاوکردنی ئەم خاڵانەدا:
١- دانانی یاسا و دەستوور لە ڕێگای زانیاری و تەندروستی بەجێ بۆ سنووردانان بۆ پیسبوونی هەوا بە هەموو جۆرەکانییەوە.
٢- بڵاوکردنەوەی ئاگاداری و ڕێنمایی بۆ کەمکردنەوەی پیسکەرەکان و هەژاندنی هاوڵاتیان بۆ بەکارهێنانی هۆی هاتوچۆی گشتی لە هەندێک ڕۆژدا بۆ کەمکردنەوەی پیسبوونی هەوا زیادکردنی وزە، ئەم ڕێگەیەش بە زۆری لە شارە چڕەکاندا پیادە کراوە و ئەنجامی باشی هەبووە.
٣- بەکارهێنانی سەرچاوەکانی وزەی پاک و وزە نوێبووەکان وەک وزەی خۆر و با و هەڵکشان و داکشانی ئاوی زەریاکان.
٤- داڕشتنی پلانی شارەکان بە شێوەیەکی زانستی ئامادەکراو و هێڵکاری شەقامەکان بە شێوەیەک کە هاتوچۆی ئوتومبێل ئاسان بکات و پیسبوونی هەوا کەم بکاتەوە.
٥- ڕواندنی نەمام و ڕووەک لە شەقام و شوێنە گشتی و شارەکاندا بە تایبەتی ڕووەکە هەمیشە سەوزەکان و ئەو ڕووەکانەی کە سوودبەخشن بۆ ژینگە.
٦- بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای نوێ بۆ کەمکردنەوەی پیسبوونی هەوا لە ڕێگەی کەمکردنەوەی ئەو پیسکەرانە کە دەخرێنە هەواوە بە هۆی کارگە پیشەسازییەکان.
جۆرەکانی تەکنەلۆژیا بۆ کەمکردنەوەی پیسبوونی هەوا
١- فلتەری کارەبایی کە نزیکەی ٩٩ ٪ی دەنکۆڵە وردەکان لا دەبات.
٢- ئامێری جیاکەرەوە لوولەکییەکان کە دەنکۆڵە مامناوەندەکان دەپاڵێوێت بە ڕێژەی (٥٠ ٪ – ٩٠ ٪).
٣- پاڵێوەری کیسەییەکان کە دەتوانرێت نزیکەی ٩٩ ٪ی دەنکۆڵە بچووکە زەرەرمەندەکان بۆ تەندروستی مرۆڤ لەناو بەرن بەڵام لە هۆکاری گواستنەوەدا دەتوانرێت ئامێرێک بەکار بهێنرێت کە ئۆکسیدی کاربۆن و هایدرۆکاربۆنات و یەکەم ئۆکسیدی نایترۆجین بگۆڕێت بۆ گازی دوانۆکسیدی کاربۆن و هەڵمی ئاو بە مەرجێ ئەو سووتەمەنییانەی بەکار دەهێنرێت قوڕقوشمی تێدا نەبێت.
٤- بەکارهێنانی ئامێری فێنککەرەوەی نوێ کە کاریگەری کەمی هەبێت لەسەر پیسبوونی هەوا.