پەڕەی فەیسبووکی ماڵپەڕی ژیانت
Facebook.com/ZhingaParezan

بەبیابانبوون

بەبیابانبوون لە جیهاندا

ئەم کێشەیە بە یەکێک لە کێشە سەرەکییەکان دادەنرێت کە ژیانی ملیۆنەها دانیشتوانی جیهانی خستووەتە مەترسییەوە، دەستەواژەی بەبیابانبوون لە سەرەتادا بۆ بیابانی گەورە بەکار هێنرا کاتێک بەرەو سەرووی ئەفریقا هەڵکشا لە نیوەی دووەمی سەدەی بیستەمدا، لە دوای ئەو وشکەساڵییەی لە ساڵانی ۱۹٦۸ - ۱۹۷۳ بەسەر ناوچەیەکی فراوانی لێواری ئەفیقی هات مانای ئەم دەستەواژەیە فراوانی بەخۆیەوە بینیوە کە زەوییە بەرهەمدارەکان ئەبن بە زەوی وشک کە بۆ ژیانی مرۆڤ و ئاژەڵ و ڕووەک نەشێن بە هۆی دابەزینی ئاستی بەرهەمهێنان تیایدا.
پێناسەیەکی تری بەبیابانبوون ئەوەیە کە بریتییە لە دابەزینی ئاستی بەرهەمهێنانی زەوی بە هۆی تێکچوونی هاوسەنگی سروشتی نێوان ئاو و هەوا و خاک و ڕووەک و لەدەستدانی خاکی بەپیتی زەوی بە هۆی گۆڕانی تایبەتی سروشتی و بارودۆخی ئاو و هەوا.
ڕێککەوتننامەی بەرەنگاربوونەوەی بەبیابانبوون لە ساڵی ۱۹۹٤ بەم شێوەیە پێناسەی بەبیابانبوون دەکات: تێکچوونی زەوییە، لە ناوچە وشک و نیمچە وشکەکاندا بە هۆی چەند هۆکارێکەوە دروست دەبن لەوانە گۆڕاکاری ئاو و هەوا چالاکییەکانی مرۆڤ.
ئەو ناوچانەی نزیک بیابانن زیاتر تووشی ئەم دیاردەیە دەبن، هەڵکشانی بیابان بە شێوەیەکی ستوونی و ئاسۆیی و وردە وردە دەست پێ دەکات لە سەرەتادا کار لەسەر توێژاڵێکی ڕووەکی و درەختی و پاشان خاک تێک دەچێت و گۆڕانکاری لە کەش و هەوادا ڕوو دەدات و پاشان قۆناغی ڕووتبوونەوەی دەست پێ دەکات تا دەگاتە قۆناغی بەبیابانبوون بە دەرکەوتنی ناوچەی لماوی و گرد و تەپۆڵکەی لماوی.

بەبیابانبوون لە ئێستادا

ناوچە وشک و نیمچە وشکەکان نزیکەی سێ یەکی ڕووبەری گۆی زەوی پێک دەهێنن، دەتوانین ناوچە وشکەکان بۆ سێ پلە دابەش بکەین (زۆر وشک، وشک، نیمچە وشک) کاتێک کە لە دیاردەی بەبیابوون دەدوێین پلەی چوارەمی بۆ زیاد دەکەین ئەویش شێداری نیمچە وشکە.
هەر سێ پلەکە ۳۷،۷ ٪ پێک دەهێنن، نزیکەی ۱٥ ٪ی دانیشتوانی جیهان لە ناوچە وشک و نیمچە وشکەکان نیشتەجێن ئەگەر لە پاڵ ئەمانەدا دانیشتوانی ناوچە نیمچە شێدارە وشکەکانیش چوار یەکی دانیشتوانی جیهانن.
لە ساڵانی ۱۹۷۷، ۱۹۸٤، ۱۹۹۲ لە لایەن ڕێکخراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە تایبەت بە کێشەکانی زەوییە وشکەکان و بەبیابانبوون، سێ هەوڵ بۆ دیاردەی بەبیابانبوون دراوە:

سێ هەوڵ بۆ هەڵسەنگاندنی بەبیابانبوون لە جیهاندا

هەڵسەنگاندنی یەکەم/ لە ساڵی ۱۹۷۷ گەیشتە ئەو ئەنجامەی کە ئەو زەوییانەی بە ڕێژەیەکی مامناوەند تووشی دیاردەی بەبیابانبوون بوون نزیکەی ۷٥ ٪ی گۆی زەوی پێک دێنن، ژمارەی دانیشتوانی ئەو شوێنانە بەر ئەم جۆر دیاردەیە کەوتوون بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ ۷۸،٥ ملیۆنە، زیانی ساڵانەی ئەم دیاردەیە دەگاتە ۲٦ ملیار دۆلار، بۆ چارەسەرکردنی ئەم دیاردەیە لە جیهاندا پێویستە بە دانانی بەرنامەیەکی نێودەوڵەتی دەکاتە بڕی ٤،٥ ملیار دۆلار لە ساڵێکدابۆ ماوەی ۲۰ ساڵ کە دەگاتە نزیکەی ۹۰ ملیار دۆلار.
هەڵسەنگاندنی دووەم/ لە ساڵی ۱۹۸٤ بۆ وەڵامدانەوەی ئەنجومەنی بەڕێوەبەرایەتی پڕۆگرامەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ژینگە کە تێیدا باس لە زەوییە زەرەرمەندەکان کرا بە پلەی مامناوەندی کە بەلایەنی کەمەوە نزیکەی ۳۱۰۰ ملیۆن هێکتار بە بیابان بوون.
هەڵسەنگاندنی سێیەم/ لە ساڵی ۱۹۹۲ لە چوارچێوەی خۆئامادەکردنی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ژینگە و گەشەکردن کە تیایدا باس لە زەوییە زەرەرمەندەکان دەکات بە هۆی بەبیابانبوونەوە لە هەموو جیهاندا کە گەیشتە ۳٥٦۲ ملیۆن هێکتار کە یەکسانە بە ٦۹ ٪ی گۆی زەوی ناوچە وشک و نیمچە وشکەکان کە بەرهەمی کشتوکاڵیان هەیە.

دابەشکردنی حاڵەتەکانی بەبیابانبوون

دەتوانین بەبیابانبوون بکەین بە چوار جۆرەوە:

۱- بەبیابانبوونی زۆر کەم: ئەو ناوچانە دەگرێتەوە کە مرۆڤ کاری تێکردووە توێژاڵی ڕووەکی چینی سەرەوەی زەوی بە شێوەیەکی زۆر کەم بەر کاریگەری چالاکییەکانی مرۆڤ کەوتووە و ئەو ناوچانەش لە بنەڕەتدا خۆیان بە بیابان بوون بە هۆی کەشی سروشتییەوە.
۲- بەبیابانبوونی مامناوەند: ئەم جۆرە لەبەر کەم و کووڕی توێژاڵە ڕووەکییەکان بە پلەیەکی پەسەند لەگەڵ بوونی داماڵینی خاک بە هۆی با و ئاوەوە کە بووەتە هۆی دەرکەوتنی گردی لمین و زیادبوونی سوێری.
۳- بەبیابانبوونی بەتین (زۆر): ئەم حاڵەتە گۆڕانکاری بەسەر جۆری ڕووەکەکاندا دێت کە جۆرەها ڕووەکی زەرەرمەندی لەگەڵدا دەڕوێت وە بۆ ئاژەڵ زەرەرمەندە و ڕاماڵین و داڕمانی خاک بە هۆی گێژەڵووکەوە و گەردەلوولەوە دەبنە هۆی کەم و کووڕی لە چینی ڕووەکی بە بڕی ٥۰ ٪ وە سوێرێتی خاک زیاد دەکات.
٤- بەبیابانبوونی زۆر بەتین: لەم حاڵەتانەدا دەگۆڕێت بۆ تەپۆڵکە لمین و توێژاڵی خوێیاوی پێک دێنێت و خاک دەپەسێورێت و هەوای تێدا نامێنێت و ئەم ناوچەیە بە هیچ جۆرێ چارەسەر ناکرێت مەگەر ڕووبەرێکی سنووردار و تەکلیفێکی ئابووری زۆر.