پەڕەی فەیسبووکی ماڵپەڕی ژیانت
Facebook.com/ZhingaParezan

ترشە باران

ترشەباران یاخود بارانی ترشەڵۆک ئەگەڕێتەوە بۆ دەرکەوتنی شۆڕشی پیشەسازی چونکە بارانی ترشەڵۆک لە هۆکاری کارلێکی کیمیایی گازی دوانۆکسیدی گۆگرد SO2 و ئۆکسیدی نایترۆجینەکان NOX لەگەڵ ئاودا لە هەوادا دروست دەبێت، دەبێتە هۆی نزمبوونەوەی (PH)ی ئاوەکە بۆ کەمتر لە ٥،٦ و لە کاتی بارینیدا زیانێکی زۆر بە ڕووەک و زیندەوەری ئەو ناوچەیە دەگەیەنێت کە لێی دەبارێت.
دەوڵەتەکانی ئەمریکای باکوور و ئەوروپای ڕۆژئاوا و هەندێک دەوڵەتی ئەوروپایی ڕۆژهەڵات بە دەست ئەم دیاردەیەوە دەناڵێنن و هەروەها لەم دواییەدا دەرکەوتووە کە هەندێک لە وڵاتانی ئاسیا و ئەفریقا و یابان و چین و هیندستان دووچاری ئەم دیاردەیە بوون، مەرج نییە بارانی ترشەڵۆک بەسەر ئەو ناوچانەدا ببارێت کە ناوچەی پیشەسازی و کارلێکی کیمیایی تیادا ڕوو دەدات لەوانەیە ناوچەکانی دراوسێ و نزیکەکانیان ئەم دیاردەیان تیادا ڕوو بدات.

کاریگەرییەکانی

بارانی ترشەڵۆک کاریگەری زۆر خراپی هەیە بۆ سەر تەندروستی مرۆڤ کە دەبێتە هۆی (ڕووشاندنی پەردەی توێی لووت، تەنگەنەفەسی، حەساسییەت، هەناسەی توند، چاو تووزانەوە، پێست ڕووشان و هەربەشێکی پێست کە بە دەرەوە بێت کاری تێ دەکات)، کار دەکاتە سەر ئاوی خواردنەوە و خاک و ناوچە کشتوکاڵییەکان، هەروەها کار دەکاتە سەر ئاوی دەریا و دەریاچەکان، وە کاریگەری دەبێت لەسەر ڕووەکەکان چونکە دەبێتە هۆی زیادبوونی ترشێتی خاک و کەمبوونەوەی خۆراک لە خاک و دەرکەوتنی خاڵی قاوەیی لەسەر گەڵای ڕووەکەکان و کەمبوونەوەی کرداری ڕۆشتنەپێکهاتن، هەروەها کاریگەری دەبێت لەسەر بیناکان و شوێنە دێرینەکان و تەلارە جوانەکان چونکە کارلێک دەکات لەگەڵ پێکهاتەی بیناکان بە تایبەتی بەردی حەلان و مەڕمەڕ کە دەبێتە هۆی ڕووشاندن و گۆڕینی ڕەنگی وە کاریگەری هەیە لەسەر ژینگەی ئاوی یاخود ژیانی ترشە ئاوی چونکە ئەم بارانە (PH)ی نزمە و ماددەی زیانبەخش تێدایە دبێتە هۆی کوشتنی ماسی و ڕووەکی ئاوی چونکە ئەوانیش لە (PH)ی دیاریکراودا دەژین.
وەک زانراوە لە جیهاندا دەیان هەزار لە دەریاچەکان ترشەڵۆک بوون بە هۆی ئەم بارانەوە بە شێوەیەکی جیاواز کە ماسی و ئاژەڵە ئاوییەکان ناتوانن تیایاندا بژین، دارستانەکان زۆر زەرەرمەند بوون بە هۆی ئەم بارانەوە نزیکەی پانزە دەوڵەتی ئەوروپی و کەنەدی و وڵاتە یەکگرتووەکان بە شێوەیەکی زۆر زەرەرمەند بوون، پێشبینی کراوە کە باران ترشەڵۆک بووە بە ڕێژەی سەد جار لەو بارانەی کە پێش سەد ساڵ لەمەوبەر لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا و ئەمریکای سەروودا باریوە، بۆ کەمکردنەوەی بارانی ترشەڵۆک دەبێت چارەسەری کەمکردنەوەی ئەو گازانە بکرێت کە دەچنە هەواوە وە دەبنە هۆی دروستبوونی بارانی ترشەڵۆک.

جا ئێمەش وەک کوردستان ڕەنگە هۆکاری کاریگەر نەبێت بۆ ئەم ڕووداوە ئەمەش بە هۆی نەبوونی ناوچەی پیشەسازی زۆر، زۆرنەبوونی ژمارەیەکی زۆر کارگە بەڵام بە دڵنیاییەوە باجی ئەم کارەساتە وەردەگرین ئەمەش بە هۆی سەرهەڵدانی ناوچەی پیشەسازی و وە پێشکەوتنی وڵاتە دراوسێکانمان کە ئەمەش بە دڵنیاییەوە کاریگەری خراپی دەبێت لەسەر تەندروستی مرۆڤ و ژیانی ئاوی و ڕووەک و بیناکانی وڵاتەکەمان.