پەڕەی فەیسبووکی ماڵپەڕی ژیانت
Facebook.com/ZhingaParezan

دارستانەكان

لە ٥۰ ساڵەی دواییدا بەرکەتنی تاکەکەس لە ڕووبەری ناوچەیی سەوزاییەکان لەسەر ئاستی جیهاندا دابەزیوە بۆ کەمتر لە ٥۰ ٪، لە ئەنجامی زۆربوونی دانیشتوان و بڕینەوە و سووتان و بەرفراوانکردنی زەوییە کشتوکاڵییەکان و دەرهێنانی وزە و بەکارهێنانی دارەکان بۆ بازرگانی و دروستکردنی کەل و پەل و شەڕ و شۆڕ و نەبوونی ئارامی سیاسی و جگە لە دووبارەبوونەوەی کارەساتە سروشتییەکانی وەک وشکەساڵی و ئاگرکەوتنەوە و...
بە شێوەیەکی گشتی دارستانەکان سوود و قازانجی بەرچاوی هەیە لە پاراستن و ڕاگرتنی ژینگە و پەرەسەندن و سەرهەڵدانی گەشت و گوزار لەسەر ئاستی جیهاندا، دەتوانین گرنگترین کاریگەرییەکانی بەم شێوەیە بخەینە ڕوو:
۱- دارستانەکان سنوورێک بۆ ئەو گەرما زۆرەی هاوین و سەرما سەختەی زستان دادەنێت و ئاو و هەوایەکی مامناوەند و تەندروست بۆ هاوڵاتیان دەرەخسێنێت، هەروەها دارستانەکان هۆکارێکی هاوسەنگی سروشتین کە دەبنە هۆیڕێکخستن و هاوسەنگی ڕاگرتنی ئاو و هەوا و ژیان لەسەر ڕووی زەوی.
۲- دارستانەکان ڕۆڵێکی گرنگ دەبینن لە هاوسەنگ ڕاگرتنی خولی هایدرۆجینیدا، لە ڕێگەی کەمکردنەوەی دیاردەی (ئەلبیدۆ) و زیادکردنی ڕێژەی شێ لە هەوا و کەمکردنەوەی گازی دوان ئۆکسیدی کاربۆن لە هەوادا و دواتر کەمکردنەوەی گەرمبوون و قەتیسبوونی گەرما لەسەر ڕوویزەویدا.
۳- پاککردنەوەی ژینگە لە پیسبوونی هەوا و ئاو و ژاوەژاو و ماددە تیشکدەرەکان، درەختەکان هەڵدەستن بە پارێزگاریکردنی ئاوی ژێر زەوی و سەر ڕووی زەوی لە هۆکارەکانی پیسبوونی وەک نیترات و فۆسفات، هەروەها دارستانەکان شەپۆلە دەنگییەکان هەڵدەمژن بۆ کەمکردنەوەی پیسبوونی ژینگە بە ژاوەژاو.
٤- دارستانەکان بە ناوەندێکی سروشتی و زیندوو بۆ زۆربەی ئاژەڵ و باڵندە کێوییەکان پێک دەهێنێت کە یەکێکە لە پاڵنەرە گەشت و گوزارییە سروشتییەکان و هاوسەنگی ژینگەش لە هەمان کاتدا.
٥- دارستانەکان درەنگخستنی توانەوەی بەفر، کە یارمەتی درێژکردنەوەی ماوەی ڕێکردنی ئاو دەدات بە شێوەیەکی بەردەوام، جگە لەوەی دارستانەکان یارمەتی زیادبوونی دزەکردنی ئاو دەدەن بۆ ناو زەوی، کە دواتر دەبێتە هۆی زیادبوونی ئاوی ژێر زەوی و دەریاچە و ڕووبارەکان، ئەوانیش بە یەکێک لە ڕەگەزەکانی ڕاکێشانی گەشتوگوزاری پێک دەهێنن.
٦- ڕووپۆشی ڕووەکی بە گشتی و دارستانەکان بە تایبەتی بایەخێکی گەورەی هەیە لە چاککردنی خاک و ڕێکخستنی هاوسەنگی ئاوی خاک و کەمکردنەوەی داڕوتان و ڕاماڵین و داڕووخانە بەڕدییەکان، بەوەش دەبێت بە ڕووتبوونەوە دەیپارێزێت، واتە لە ڕاماڵین و داماڵین کە دواتر کار دەکات بۆ پاراستنی ژینگە و جوانکردنی ناوچە گەشتوگوزارییەکان.
۷- دارستانەکان ڕێگری بۆ (بایەکان) دروست دەکەن یاخود پەرژینێکی سەوزایی لە دەوروپشتی ناوچە گەشتوگوزارییەکان و شارەکان دروست دەکەن کە پارێزگاری تەواویان دەکات لە کاریگەری خراپی ڕەشەبا و گەردەلوولە خۆڵاوییەکان و تەپوتۆز.
۸- دارستانەکان بە سەرچاوەیەکی گرنگی کەرەستە خاوەکان زۆربەی پیشەسازییە دەستی و فۆلکلۆرییەکان و خانووبەرە دروستکردنی کەلوپەلی ناوماڵ بەکار دەهێنرێت، بەڵام زۆر جار ئەم سامانە گرنگە بەر شاڵاوی بڕینەوە و سووتاندنی بەرنامە دەبێت و لە ماوەیەکی کەمدا بە هەزارەها دۆنمی لێ دەفەوتێنرێت هەروەک لای خۆمان، لە کاتێکدا ئەم دارستانانە دەبێتە شوێنی ڕاکێشانی گەشتیاران و بەخشینی جوانی و ژینگەیی تەندروست بۆ هاوڵاتیان و پاراستنی ژیانی ئاژەڵان لەو ناوچانەدا.
کەواتە دەتوانین بڵێین دارستانەکان بە یەکێک لە ڕەگەزە سروشتییەکان دادەنرێت کە پەیوەندییەکی پتەوی بە پاراستن و ڕاگرتنی هاوسەنگی ژینگەیی هەیە لە جیهاندا و بە یەکێک لە فاکتەرە گەشت و گوزارییەکان دادەنرێت لە دامەزراندن و پێشخستنی گەشتوگوزار لە هەر ناوچەیەکدا بێت.