پەڕەی فەیسبووکی ماڵپەڕی ژیانت
Facebook.com/ZhingaParezan

پیسبوونی ژینگه‌ به‌ تیشكی ئه‌تۆمی

چەندین هۆکار لە گەردووندا هەیە کە دەبنە هۆی پیسبوونی ژینگە، هەندێک لەو هۆکارانە سرووشتین وەکو تیشکی گەردوونی و بوونی چەند توخمێکی تیشکدەر لە توێکڵی زەوی و گڵی کشتوکاڵیدا کە بەشێکیان بۆ زیندەوەر دەگوێزرێنەوە. هەروەها هەندێ‌ هۆکاری تر هەن دەستکردی مرۆڤن و، لەبەرەنجامی کار و چالاکییە جیاوازەکانی مرۆڤەوە پیسبوونی ژینگەی لێدەکەوێتەوە، وەکو تەقینەوە ناوکییەکان بە هەموو جۆرەکانیەوە و کارەساتی کوورە ئەتۆمییەکان و خاشاکە تیشکدەرەکان، جگە لەو کارەساتانەی کە لە ئەنجامی کەوتنەخوارەوەی مانگە دەستکردەکان و کەشتیە ئاسمانیەکان پەیدا دەبن کە بە وزەی ناوکیی کار دەکەن. لەلایەکی ترەوە بەکارهێنانی سەرچاوە تیشکدەرەکان لە بوارە پیشەسازی و پزیشکییەکاندا لەوانەیە لە کاتی گواستنەوەیاندا یاخود دزین یان دزەکردنیاندا ببنە هۆی پیسبوونی ژینگە و ڕوودانی کارەساتی گەورە و مەترسیدار بۆ سەر ژیانی مرۆڤ و زیندەوەران.

سەرچاوە تیشکدەرەکان لە گەردووندا
یەکەم: سەرچاوە تیشکدەرە سرووشتییەکان
    ١. تیشکی گەردوونیی نەزانراو (x-ray)
    ٢. تیشکی دەرچوو لە توێکڵی زەوی
    ٣. توخمە تیشکدەرەکانی لەشی مرۆڤ
دووەم: سەرچاوە تیشکدەرە دەستکردەکان
    ١. تەقینەوە ناوکییەکان (ئەتۆمییەکان)
    ٢. کوورە ئەتۆمییەکان
    ٢-١. ئاوی ساردکردنەوە
    ٢-٢. خاشاک و پاشماوەی ماددە تیشکدەرەکان
    ٢-٣. ڕوودانی دزەکردنی توخمە تیشکدەرەکان لە کوورە ئەتۆمییەکان
    ٣. تاقیکردنەوە ئەتۆمییەکان
    ٤. ژێر دەریایە ئەتۆمیەکان
    ٥. کەشتیە ئاسمانی و مانگە دەستکردەکان
    ٦. دزرانی ماددە تیشکدەرەکان
    ٦-١. ڕووداوی دزینی ماددە تیشکدەەکان لە بەرازیل
    ٦-٢. ڕووداوی دزینی ماددە تیشکدەرەکان لە یەکێتی سۆڤیەتی پێشوو
    ٧. گواستنەوەی ماددە تیشکدەرەکان
سەرچاوە تیشکدەرە بەکارهێنراوەکان لەبواری پیشەسازی و پزیشکی

یەکەم: سەرچاوە تیشکدەرە سرووشتییەکان
ئەم جۆرە تیشکدەرە لە گەردووندا بۆ سێ‌ جۆر پۆلێن دەکرێن:
١. تیشکی گەردوونیی نەزانراو (x-ray):
ئەم جۆرە تیشکە لە ساڵی 1910 دا دۆزرایەوە کە لە هەسارە و کاکێشانەکانەوە بۆ سەر ڕووی زەوی دێن. لەمبارەیەوە زانایان باوەڕیان وایە سەرچاوەی ئەم تیشکەخۆڵ و پاشماوەی هەسارە تەقیوەکانە کە به) سۆبر نوفا) ناسراون. فۆتۆنی تیشکی گەردونی (x-ray) پێکهاتووە لە 87% پرۆتۆن، 11% تەنۆلکەی ئەلفا،1% ناوکە قورسەکان، جگە لە ئەلەکترۆنە وزەبەرزەکان. تیشکی گەردوونی لەگەڵ ناوکی گەردیلەکانی بەرگە هەوای گۆی زەویدا ئۆزۆن (O3) کارلێک دەکات لەئەنجامدا ئەلەکترۆن، فۆتۆن، نیوترۆن و میزۆنەکان درووستدەبن. تیشکی گەردوونی لەکاتی تێپەڕبوونی بە بەرگە هەوای گۆی زەویدا دەبێتە هۆی بەرهەمهێنانی چەند توخمێکی تیشکدەر، بەشێوەیەک کە نیوترۆنەکانی لە هەوادا لەگەڵ ناوکی گەردیلەکانی توخمی (نایترۆجین 14) ی تیشکدەردا کارلێکدەکەن، لەئەنجامدا توخمی (کاربۆن 14) ی تیشکدەر بەرهەمدەهێنن کە نیوەتەمەنەکەی (5568 ساڵ)ە و، بەشداریدەکات لە پێکهێنانی گازی دووەم ئۆکسیدی کاربۆندا کە ڕووەک هەڵیدەمژێت، دواتر ئەم گازە بەهۆی خواردنی ڕووەکەوە لەلایەن ئاژەڵ یاخود مرۆڤەوە بۆیان دەگوێزرێتەوە.

٢. تیشکی دەرچوو لە توێکڵی زەوی:
جگە لە تیشکی گەردوونی، سەرچاوەیەکیتری سرووشتیی تیشکدەر هەیە کە بریتیە لەو توخمە تیشکدەرانەی کە لە توێکڵی زەویەوە دەردەچن. ئەم جۆرە توخمە تیشکدەرانە بە زنجیرەیەک کارلێکی تیشکیدا دەڕۆن کە لە کۆتایدا توخمێکی ناتیشکدەر بەرهەم دەهێنن.
لە سرووشتدا سێ‌ زنجیرەی تیشکیی هەیە کە ئەمانەن:
١. زنجیرەی یۆرانیۆمی (238)ی تیشکدەر کە بە توخمی قورقۆشم (206) کۆتای دێت.
٢. زنجیرەی ئەکتینیۆم کە بە یۆرانیۆمی (235) دەستپێدەکات و، بە قورقۆشمی (207) کۆتایی دێت.
٣. زنجیرەی سوریۆم کە بە توخمی سوریۆم (238) دەستپێدەکات و، بە توخمی قورقۆشم (208) کۆتایی دێت. هەروەک گازی (ڕادۆن 222) ی تیشکدەر کە لە زنجیرەی (یۆرانیۆم 238) لەئەنجامی شیبوونەوەی هەردوو توخمی تیشکدەری (ڕادیۆم 226) و (ڕادۆن 222) پەیدادەبێت و، گازی (سۆرۆن 220)ی تیشکدەر لە زنجیرەی (سوریۆم 232) بەرهەم دێت.

٣. توخمە تیشکدەرەکانی لەشی مرۆڤ:
لەشی مرۆڤ بڕێکی کەم لە توخمە تیشکدەرەکان لە پێکهاتەیدا هەیە، لەوانە توخمە تیشکدەرەکانی (کاربۆن 14) و (پۆتاسیۆم 40)، جگە لە گازە تیشکدەرەکانی وەک: ڕادۆن و سۆرۆن کە لە ڕێگەی کرداری هەناسە وەرگرتنەوە بۆ مرۆڤ دەگوێزرێتەوە کە بەهۆی شیبوونەوەی هەردوو توخمی یۆرانیۆم و سۆریۆم کە لە خاکدا هەن، پەیدادەبن.
هەروەها مرۆڤ لە ڕێگەی خواردنی هەندێک لە جۆرەکانی خۆراکەوە بڕێک لە ماددە تیشکدەرەکانی بۆ دەگوێزرێتەوە کە لە پێکهاتەی ئەو خۆراک و میوە و سەوزانەدا هەن، کاتێک بە مەبەستی گەشەکردنیان بڕێک لە ماددەی فۆسفات کە توخمی یۆرانیۆمی تیشکدەر لە پێکهاتەیدایە دەکرێتە خاک یاخود کێڵگە کشتوکاڵیەکانەوە.

دووەم: سەرچاوە تیشکدەرە دەستکردەکان
چەندان سەرچاوەی تیشکدەری دەستکرد لە گەردووندا هەیە، لەوانە:
١. تەقینەوە ناوکییەکان (ئەتۆمییەکان):
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە میانەی جەنگی دووەمی جیهاندا سێ‌ بۆمبی ئەتۆمیی تەقاندەوە. بۆمبی یەکەمی وەکو کاری ئەزموونگەری لە 16 ی یۆلیۆی 1945 دا لە بیابانی نیومەکسیکۆ تەقاند.هەروەها بۆمبی دووەم و سێیەمی لەو جەنگەدا بەسەریاباندا تەقاند کە لە ڕۆژی 6 ی ئەغسوتسی1945 یەکەم بۆمبی ئەتۆمیی بەسەر شاری هێرۆشیمادا بەکارهێنا و، ئەوی تریشیانی لە 9 ی ئەغسوتسی 1945 دووەم بۆمبی ئەتۆمیی بەسەر شاری ناکازاکیدا تاقیکردەوە.

٢. کوورە ئەتۆمییەکان:
هەرچەندە کوورە ئەتۆمیەکانی وڵاتانی جیهان لە چەندان بواری جۆراوجۆری گرنگدا بەکاردەهێنرێن لەوانە: بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا و لابردنی سوێری ئاوەکان، بەڵام هەندێ‌ جاریش دەبنە هۆی پیسبوونی ژینگە و ڕوودانی کارەسات لە جیهاندا، لەچەندین ڕووەوە:
٢-١. ئاوی ساردکردنەوە:
لە هەندێ‌ وێستگە ئەتۆمیەکاندا ئاوی ڕووبارەکان بۆ ساردکردنەوەی ناوجەرگەی کوورەکان بەکار دەهێنرێن کە پاش دەرچوونیان دەبنە هۆی پیسبوونی ژینگە بەهۆی تێکەڵبوونیان بە توخمە تیشکدەرەکان. پیسبوونی ئاوی ڕووبارەکان بە توخمە تیشکدەرەکان و بەرزبوونەوەی پلەی گەرمیان، دەبنە هۆی کوشتنی ژمارەیەکی زۆری ماسیەکان و کۆچپێکردنی ژمارەیەکی زۆری تریان کە سەرەنجام دەبێتە هۆی زیانێکی بەرچاو بە سامانی ماسی. لە بەرامبەردا هەندێ‌ وڵاتی وەکو فەرەنسا و ئەڵمانیا بەمەبەستی بەرگرتن لەم جۆرە کارەسات و ڕووداوانە هەڵدەستن بە درووستکردنی دەریاچەی دەستکردی داخراو کە بەکاری دەهێنن لە خولی ساردکردنەوەدا.
٢-٢. خاشاک و پاشماوەی ماددە تیشکدەرەکان:
سووتەمەنی بەکارهێنراو لە کوورە و وێستگە ئەتۆمیەکاندا دوای جیاکردنەوەیان وەکو هەردوو توخمی (یۆرانیۆم و پلۆتۆنیۆم) لە وێستگەکانی چارەسەری سووتەمەنی، بڕێکی زۆر لە پاشماوەی خاشاکی توخمە تیشکدەرەکان دەمێنێتەوە کە بەسەدان تەن دەخەمڵێنرێت و بەپێی تێپەڕبوونی کات وبەردەوامی کار کەڵەکە دەبێت.
٢-٣. ڕوودانی دزەکردنی توخمە تیشکدەرەکان لە کوورە ئەتۆمییەکان:
لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا بە هۆی دزە کردنی ماددە تیشکدەرەکانەوە لە ژمارەیەک کوورەی ئەتۆمی وڵاتانی جیهانەوە چەند کارەساتێکی پیسبوونی ژینگە ڕووی دا. لەوانە دزەکردنی تیشکی ئەتۆمی لەکوورەی ئەتۆمی (تری مایلزئیلاند)ی ئەمریکا لەساڵی ١٩٧٩ و، کارەساتی دزەکردنی تیشکی ئەتۆمی لە کوورەی ئەتۆمی (چرنۆبیل) کە لەساڵی ١٩٨٦ لە هەرێمی ئۆکرانیای سەر بە یەکێتیی سۆڤیەتی جاران ڕووی دا.

٣. تاقیکردنەوە ئەتۆمییەکان:
تاقیکردنەوەی مووشەک و چەکە ئەتۆمییەکانی تر لە ژێر زەویدا بێت یان لە قوڵایی دەریاکاندا زیانی زۆری بۆسەر ژینگە و دەوروبەری و، ژینگەی ئاوی و ماسی و زیندەوەران و تەنانەت مرۆڤیش هەیە بۆ نموونه: دەرکەوتووە یەکێک لە هۆکارەکانی زۆربوونی زەمین لەرزە و ڕوودانی زریا لە زەریا و دەریاکاندا دەرەنجامی تاقیکارە ئەتۆمییەکانە کە تێیاندا ئەنجامدەدرێت ،هەروەک بەهۆی تەقاندنەوەی بۆمبێکی هایدرۆجینی لەلایەن ئەمریکاوە لە دورگەی (بکینی)بووە هۆی ژەهراویبوون و لەناوچوونی زیاتر لە (100) تەن لەماسی و زیندەوەری ژینگەی ئاوییلە زەریای هێمن. هەروەها ژمارەیەک مناڵی ئەمریکی بەهۆی تەقاندنەوەی بۆمبێکی تاقیکاری ئەتۆمی لەلایەن وڵاتەکەیانەوە لە بیابانی (نیفادا)، بووە هۆی دووچاربوونیان بە نەخۆشی شێرپەنجەی خوێن. .. و دەیان ڕووداوی دیکەی هاوشێوە.

٤. ژێر دەریایە ئەتۆمیەکان:
هەندێ‌ لە ژێردەریایەکان بە وزەی ئەتۆمیی کاردەکەن کەهاوکات لە توانایاندایە موشەکی هەڵگری کڵاوەی ئەتۆمیی هەڵبگرن لە حاڵەتی پێکران یاخود تەقاندنەوەی ئەم جۆرە ژێر دەریاییانەدا کارەساتی پیسبوونی ژینگەیی بەتایبەتی لە بواری ئاویدا ڕوودەدات، بۆنموونە: لەساڵی 1968 ژێردەریایی (زانتی) سۆڤێتی لەنزیک کەنارە ئاویەکانی ئەمریکا تەقیەوە، لەئەنجامدا نزیکەی100 دەریاوانی جەنگیی سەرنشینی گیانیان لە دەستدا، بەڵام دواتر بەمەبەستی ئاشکراکردنی نهێنیە سەربازیەکان و چۆنێتی درووستکردنی، تیمە تایبەتیەکانی سەر بە دەزگای موخابەراتی ئەمریکا (CIA) هەستان بەکۆکردنەوەی پارچەکانی ژێر دەریایەکە کە بودجەی ملیۆنان دۆلاری تێچوو.

٥. کەشتیە ئاسمانی و مانگە دەستکردەکان:
هەندێ‌ لەکەشتیە ئاسمانیەکان، بزوێنەرەکانیان بە وزەی ناوکیی کاردەکەن، بۆیە لەکاتی کەوتنە خوارەوەیاندا هەروەک لەساڵانی ڕابروودا ژمارەیەک ڕووداوی هاوشێوە ڕوویانداوە، کارەساتی پیسبوونی ژینگەیی درووستدەکەن. لەساڵی 1978 مانگێکی دەستکردنی سۆڤێتی بە ناوی (کوزموسی 1954) لەناوچە بەستەڵەکەکانی باکوری کەنەدا کەوتە خوارەوە کەهەڵگری49 کیلۆگرام لە توخمی یۆرانێۆمی تیشکدەری جۆری (235) بوو. هەروەها لەساڵی 1979 مەکۆی ئاسمانیی ئەمریکیی(سکای لاب) لەکەنارەکانی ڕۆژئاوای ئوسترالیا لەناوچەیەکی چۆڵ کەوتەخوارەوە.

٦. دزرانی ماددە تیشکدەرەکان:
لەساڵانی ڕابردوودا ولەژمارەیەک لە وڵاتانی جیهان، چەند ڕووداوێکی دزرانی ماددە تیشکدەرە گرانبەهاکان ڕوویداوە کە لەلایەن هەندێ‌ لەدەزگاکانی موخابەراتی وڵاتان و، باندە چەکدارییەکانی وەک (مافیا) وە ئەنجامدراون لەوانە:
٦-١. ڕووداوی دزینی ماددە تیشکدەەکان لە بەرازیل:
لەمانگی ئەیلوولی ساڵی 1987 لە پەیمانگایەکی چارەسەرکدنی لووە شێرپەنجەییەکان لە بەرازیل، دوو دز هەستان بە دزینی ماددەی تیشکدەری جۆری (سیزیۆم 137) و سەرجەم کەلوپەلەکانی خۆپارێزی تیشکەوەری لە و پەیمانگەیە، بەم هۆیەوە تیشکی سیزیۆمی ڕەنگ شین لە ئامێرەکەوە بۆ ناوچەی دەوروبەری پەیمانگاکە دزەی کرد، لە ئەنجامدا هەردوو دزەکە و هاووڵاتییەکی تر گیانیان لەدەستدا و (40) هاووڵاتی تر بەم تیشکە ژەهراوی بوون.
٦-٢. ڕووداوی دزینی ماددە تیشکدەرەکان لە یەکێتی سۆڤیەتی پێشوو:
لەدوای هەڵوەشانەوەی وڵاتی یەکێتی سۆڤیەت و، داڕووخانی باری ئابووری ئەو وڵاتە و بڵاوبوونەوەی دیاردەی بێکاری و گەندەڵی جۆراوجۆر لە دامودەزگاکانی لە سۆڤێتدا، هەندێک باند و گروپ بە هاوکاری و هاوبەشی دەزگای موخابەراتی یەکێتی سۆڤیەت ناسراو بە (KGB) و دەزگای موخابەراتی ئەڵمانیا(BND) بە ڕێککەوتن لەگەڵ ژمارەیەک لە زانایان و پسپۆڕانی دەزگای ئەتۆمی سۆڤیەت و چیکۆسلۆڤاکیا هەستان بە دزینی بڕێکی زۆر لە توخمی ئەتۆمی لە جۆرەکانی (یۆرانیۆم ، پلۆتۆنیۆم و لیسیۆم) ودواتر فرۆشتنی لە بازاڕی ڕەشدا لەدەرەوەی ئەو وڵاتە و دەستاودەست پێکردنی لە وڵاتانی تری جیهانی وەک: ئەڵمانیا، ئیتالیا، تورکیا و ئێران و. ..هتد. ئەم دیاردەیە بەشێوەیەکی بەربڵاو و ترسناک لە ناوخۆی سۆڤیەتی هەڵوەشاوە پەرەی سەند هەروەکو بە پێی ئامارێک تەنیا لەنێوان ساڵانی (1991-1994) زیاتر لە (700) ڕووداوی دزینی ماددەی تیشکدەر لەو وڵاتە ڕوویداوە.

٧. گواستنەوەی ماددە تیشکدەرەکان:
لەمانگی ئەیلوولی ساڵی 1987 لە ویلایەتی میسیسیبی ئەمریکا، لە کاتی گواستنەوەی بڕێک دەرمان کە ماددەی تیشکدەر لە درووستکردنیدا بەکارهاتبوو کە لەناو ئۆتۆمبێلێکی بارهەڵگردا بوو لە ڕێگەدا ئۆتۆمبێلێکی تری بارهەڵگر خۆی پێدا کێشا، بەم هۆیەوە بۆ ماوەی (16) کاتژمێر ڕێگەی هاتووچۆکردن لە نزیک شوێنی ڕووداوەکە قەدەغەکراو ناوچەکە لە هاووڵاتیان چۆڵکرا، پاش ئەوەی بڕێک ماددەی تیشکدەر بەم هۆیەوە لە ناوچەکە بڵاوبوویەوە، تیمەکانی تایبەت هەستان بە هەڵکەندن و لابردن و دواتر گواستنەوەی چینێک لە خۆڵ و خاشاکی شوێنی ڕووداوەکە و فڕێدانی لە شوێنێکی دوورە دەستی تایبەت و داپۆشینی ناوچەکە و خۆڵە لابراوەکە بە خۆڵ و گڵی نوێ‌.

سەرچاوە تیشکدەرە بەکارهێنراوەکان لەبواری پیشەسازی و پزیشکی
هەندێک لەو ئامێرو کەرەستە و سەرچاوە تیشکدەرانەی کە بۆ مەبەستی پیشەسازی و پزیشکی بە تایبەت لەبواری دەستنیشانکردن و چارەسەکردنی نەخۆشییەکاندا بەکاردەهێنرێن لەوانە ئامێری تیشکی نەزانراو(سینی یانx-ray ) کە بۆ دەستنیشانکردنی شوێن و چۆنێتی شکانی ئێسکی مرۆڤ بەکاردەهێنرێت، سەرچاوەیەکی تیشکدەری بەردەوامە و ئەگەر کارمەندی وێنەگری تیشکدەری تەندروستی یاخود نەخۆش زیاد لە پێویست بەتایبەتی ئافرەتی دووگیان خۆی بەر ئەم تیشکە بدات دووچاری زیانی مەترسیداری وەک لەبارچوون یان کەم ئەندامبوونی کۆرپەلەکەی دەکات. هەروەک ئەم جۆرە تیشکە لەبواری پزیشکی دادوەری و ناسینەوەی تەرمەکان و هۆکاری مردنی کەسەکان و دۆزینەوەی شوێنی گوللە و پارچەکانی لە لەشی مرۆڤ و، چارەسەرکردنی هەندێ‌ لە لووە شێرپەنجەییەکاندا بە بڕێکی دیاریکراو و سنووردار لەلایەن پزیشک و پسپۆڕانی بواری نووژدارییەوە بەکاردەهێنرێت. هەروەها لەبواری گرتنەبەری ڕێ‌ و شوێنی ئاسایشی گەشتیاران و پاراستنی فڕۆکە و فڕۆکەخانەکاندا ئەم جۆرە تیشکە لە ئامێرە تەکنەلۆژیە پێشکەوتووەکانی بواری پشکنینی گەشتیار و جانتا و کەلوپەلەکانیاندا دیسان بەکاردێت.