پەڕەی فەیسبووکی ماڵپەڕی ژیانت
Facebook.com/ZhingaParezan

پیسبونی دەنگ یان بیستن (ژاوەژاو)

رۆبەرت کۆخ دەڵێت: "ڕۆژێک دادێت مرۆڤ تیایدا خەبات دەکات لە دژی ژەوەژاو، هەروەک رۆژانێک کە خەباتی دەکرد لە دژی کۆلێرا و تاعوون".

ژاوەژاو چییە؟
ژاوەژاو: ئەو دەنگە ناشازانەیە کە مرۆڤ بێزار دەکات و کۆئەندامی بیستن توانای وەرگرتنی نییە و هەر جۆرە دەنگێک کە لە لای بیسەر ناسراو نەبێ. یاخود، بریتیە لە دەنگێک یان چەند دەنگێکی تێکەڵ بەیەک بوو، کە مانایەکی ئاشکرا و دیاریکراویان لێ بەدەست ناهێنرێت زۆر جار. ژاوەژاو بە یەکەی (دیسیبڵ) دەپێورێت، کە لە ڕاستیدا یەکە نییە بەڵکو رێژەیەکە بۆ پێوانی ژاوەژاو.
ئەو ژاوەژاو و دەنگەدەنگانەی کە لە ناو ماڵدا هەن وەک دەنگی جلشۆر و وشککەرەوە و گسکی کارەبایی و زۆر ئامێری تر کە مرۆڤ بێزارە لە دەنگی ئەم جۆرە و وە بووە بە بەشتێکی پێویستی زۆربەمان لە ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا، لە چوونە دەرەوەشدا هەر لە کۆڵانەکەتەوە دەست پێ دەکات وەک هەموو جۆرەکانی گواستنەوە بە هۆرنەکانیانەوە بە تایبەتی ئوتومبێلی ئاگرکوژێنەوە و فریاکەوتنی خێرا و ئامێرەکانی هەڵکەندن و دەنگی بڵندگۆکانی دوکانەکانی فرۆشتنی سیدی و کاسێت و بڵندگۆی فرۆشیارە دەستگێڕەکان کە ئێستا بووەتە شتێکی دیار و دەنگی مۆلیدە ئەهلییەکان بە شێوەیەک کە لەناو گەڕەکەکان و تەنیشت ماڵەکانەوە دانراوە و زۆر جۆری تر کە پیسکەری ژینگەن و ڕەوشت و سروشتی مرۆڤ دەگۆڕن بۆ بێزاری.
زانایانی بواری ژینگە مەزەندەیان کردووە کە مرۆڤ دەبێت لە ژینگەیەکدا بژی کە ڕێژەی ژاوەژاوەکەی لە (۳۰ - ٥۰) دیسیبڵ زیاتر نەبێت، بەداخەوە ئێستا لای ئێمە بە هۆی چڕی دانیشتوان و زیادبوونی پڕۆژەکان هۆکارەکانی گواستنەوە بە هەموو جۆرەکانییەوە لە زۆر شوێن (٨٥ - ۹۰) دیسیبڵ هەیە و لە زۆر کارگەدا خۆماڵی یان حکومی ئەو ژاوەژاوە لە (۹۰ - ۹٥) دیسیبڵ زیاترە، بۆیە ئەگەر سەرنج بدەین لە دەرەوەی شارە جەنجاڵەکان و گوندەکاندا کەمتر نەخۆشییەکانی پەیوەست بە ژینگە بەدی دەکرێت وە مرۆڤ تەندروست باشترە، لە هەمانکاتدا هەندێک ژاوە دەنگ هەیە مرۆڤ ئارەزوو دەکات گوێبیستی بێت و وەکو ژەمە خۆراک وایە بۆ جەستەی مرۆڤ و ئارامی پێ دەبەخشێت وەک دەنگی خوڕەی ئاو و لەرەی گەڵای دارەکان و دەنگی شنەبا و دەنگی سەرجەم باڵندەکان جگە لە قەلەڕەش چونکە دەنگی ناشازە...

جۆرەکانی ژاوەژاو ئەمانەن:

۱- ژاوەژاوی کارگەکان.
۲- ژاوەژاوی هۆکارەکانی گواستنەوە بە هەموو جۆرەکانییەوە.
۳- ژاوەژاوە کۆمەڵایەتییەکان وەک ئاهەنگگێڕان و کۆڕ و سیمینارەکان و بەکارهێنانی بڵندگۆ.
٤- سروشتییەکان وەک هەورەگرمە و هەژەی بای ڕەشەبا و خوڕەی لافاو.

کاریگەرییەکانی پیسبوونی دەنگ:

چەند زانایەک لێکۆڵینەوەیان لەو بوارەدا ئەنجامداوە وەک (کۆهین، جلاس، فلیبس) لە ساڵی ۱۹۷۷ دەڵێن: ژاوەژاو کاریگەری بەهێزی هەیە لەسەر دەزوولە خوێنییەکانی نزیک پێست ئەویش دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی تەوژمی خوێن کە ناچاری دەکات چارەسەر بەکار بهێنێت دەبێتە هۆی ڕاهاتن و خوگرتن بە بەکارهێنانی حەپ و ئەو ئارامکەرەوانەی پێی دەوترێت نەخۆشی درێژخایەن، زانایەکی تر بە ناوی (ئەندۆ هاتوری) لە ساڵی ۱۹٦۳ گەیشتە ئەنجامێک کە ژنی دووگیان زوو زوو کاریگەری ژاوەژاویان لەسەر دروست دەبێت تەندروستییان جێگیر نابێت، زانایەکی تر بە ناوی (ویانس) لە ساڵی ۱۹۷۳ باس لە کاریگەرییە خراپەکان دەکات سەبارەت بە تەندروستی مرۆڤ وەک سەرئێشەی توند، قەلەقی، ڕشانەوە، لەرزینی لەناکاو، لەدەستدانی تەرازووی لەش، دروستبوونی زیپکە لە دەموچاو، لاوازبوونی کاری سێکسی و کەمبوونەوەی هەست و سۆز، نابیسبوون، کەمخۆری، هەروەها بە شێوەیەکی گشتی کاریگەری دەبێت لەسەر دەروونی مرۆڤ و فسیۆلۆجی لەش و ڕەفتاری مرۆڤ تێبینی کراوە کە لە ٦۰ دیسیبڵ دەبێتە هۆی قەلەقی وە دەرکەوتووە ئەوانەی لە فڕۆکەخانە کار دەکەن زیانیان زۆر پێگەیشتووە، کاتێک دەنگێکی نەویستراومان گوێ لێ دەبێت کاریگەری لەسەر جیهازی عەسەبی دەبێت، دەرکەوتووە لە وڵاتە پێشکەوتووەکاندا وەک ئەمریکا، بەڕیتانیا، ئەڵمانیا، چین و... مرۆڤ لە تەمەنی ۲٥ ساڵییەوە توشی گوێگرانبوون دەبێت بەڵام بە بەرورد لە وڵاتە هەژارەکاندا وەک وڵاتانی کیشوەری ئەفریقا کە مرۆڤ لە تەمەنی ٦۰ - ٦٥ ساڵیدا توشی گوێگرانبوون دەبن.

ژاوەژاو سێ جۆر کاریگەری هەیە:

۱- ڕاستەوخۆ
۲- لاوەکی
۳- نەبوونی کاریگەری
هەر سێ جۆرەکە پەیوەستن بە ڕێژە و شوێن و ماوە و هەستکردنی مرۆڤ بە ژاوەژاوەکە و گونجانی لەگەڵیدا، کاریگەری لەسەر جەستە دەبێت.

چارەسەری پیسبوونی دەنگ:

لە زۆر وڵاتانی جیهان و زانایانی بواری ژینگە هەوڵ دەدەن بۆ کەمکردنەوەی ئەو ژاوەژاوانە بە سەپاندنی سزای گران و سانسۆر خستنە سەر بەرهەمهێنەری ژاوەژاوەکان بە تایبەتی لە کاتژمێر ۱۰ی شەو بە دواوە کە مرۆڤ مافێکی سروشتی خۆیەتی بۆ حەوانەوە و پشوودان، زۆر ڕێگای نوێ دەگرنە بەر بە پیادەکردنی دروستکردنی دەرگا و پەنجەرە و دیوارەکان بە دژەگەیەنەر و پڕکردنیان بە ماددەی فۆم یان فلین و دەبڵ جام بۆ پەنجەرەکان کە دژی دەنگەدەنگ و ژاوەژاوە لە هەمان کاتدا پاراستنی سەرنشینانی لە سەرما و گەرما، بۆ نموونە لە شاری قاهیرە کە دانیشتوانی زۆرە هۆڵەکانی ئاهەنگی زۆرە و هۆکارەکانی گواستنەوەش زۆرە بۆیە زیاتر لە (۹۰ - ۹٥) هەزار پۆستەر و بڵاوکراوە هەڵواسراوە بۆ هۆشیارکردنەوەی خەڵکی لەو دیاردە ناشرینانەی تێکدەری ژینگە و پاراستنی تەندروستییان بۆیە پێویستە لەسەر بەڕێوبەرایەتییەکانی ژینگە و ڕێخراوە ژینگەییەکان و دۆستان و خەمخۆرانی ژینگە هەڵمەتی هۆشیارکردنەوە و ڕاگەیاندن بخەنەگەڕ و گرنگی بدرێ بەو بوارە و مامۆستایانی ئایینی بەڕێزیش لە بڵندگۆکانەوە هۆشیاری بدەنە هاوڵاتیان و کەسانی شارەزا کۆڕ و سیمینار بگێڕن لەسەری و دروستکردنی نەخۆشخانە و باخچەی ساوایان و خوێندنگە و زانکۆکان دوور لە شوێنە گشتییەکان ڕێگەکانی هاتوچۆی شەمەندەفەر و فڕۆکەخانە نزیک لە باخچە و دارستانەکان.

چۆن چارەسەری ئەم جۆرە پیسبوونە دەکرێت؟

ڕێگە بۆ چارەسەرکردن و قەڵاچۆکردن ئەویش بە ڕاستکردنەوەی ڕەوشی تاکی کۆمەڵگەیە...
۱- دانانی سزای توند لە لایەن بەڕێوبەرایەتییەکانی ژینگە و تەندروستی ژینگە بەسەر سەرپێچیکاراندا.
۲- دروستکردنی خوێندنگە و زانکۆکان دوور لە ناوچە ژاوەژاوەکان.
۳- ڕێگریکردنی فرۆژگاکانی سیدی و کاسێتەکان بە بەکارهێنانی بڵندگۆ لە دەرەوەی دوکانەکانیاندا.
٤- قەدەغەکردنی بڵندگۆی دەستگێڕەکان لە کۆڵان و شەقامەکان.
٥- گۆڕینی میکرۆفۆن و بڵندگۆکان بە سیستەمی نوێ بیسەر.
٦- لابردنی دەنگی نەشازی ئوتومبێلەکانی پولیس و فریاکەوتن و ئاگرکوژێنەوە بە بەکارهێنانی تیشکی سەوز و سوور و شین لەکاتی بەجێهێنانی فەرمانەکانیاندا.
۷- گرنگیدان بە لایەنی ڕاگەیاندن بە مەبەستی هۆشیارکردنەوەی هاوڵاتیان کاری جدی بۆ بکرێ بە نمایشکردنی لەسەر شانۆ، تەلەفیزیۆن، ڕادیۆ و نووسراوەکانەوە.
٨- زیادکردنی ڕووبەری سەوزایی و دارستان بو مژینی ژاوەژاو.
۹- دروستکردنی سەقفی بیناکان بە شێوەیەک دەنگ نەداتەوە و ئاستی دەنگەکە کەم بکاتەوە.
١٠- نەهێشتنی دیاردەی چەکداریی و تەقەی خۆشی، بە پشت بەستن بە یاسا.
١١- رێگەنەدان بەدروستکردنی کارگەی بچوک و دەنگ بەرزەکان لەگەڕەکەکاندا، هەروەها چاککردنەوە و نوێکردنەوەی ساڵانە بۆ ئامێری کارگەکان. وە پاراستنی هەستی بیستنی کرێکاران بەئامێرەکانی پاراستنی گوێ لە کارگەکاندا.
١٢- هۆشیاری و کەمکردنەوەی هەندێک دەنگی نەشاز و قێزەون کە هاتوونەتە شارەکانمان کە ساڵانی ڕابردوو نەبوون. فرۆشیارەکان بڵندگۆ بەکار دێنن بۆ کاڵاکانیان غاز و گاز و نەوت فرۆشەکان پارچە ئاسن بەکار دەهێنن بۆ ئاگادارکردنەوەی هاوڵاتیان، هاوارکردن لە دوکانەکاندا زۆر بە نەشازی، بەکارهێنانی هۆڕینی هەوایی لە لایەن بارهەڵگرەکانەوە کە تەنیا بۆ شەمەندەفەر و بەلەمەوان بەکار دەهێنرێت.

لە کۆتاییدا دەبێت ئەوە بڵێین کە غەڵبەغەڵب و ژاوەژاوی دنیای جەنجاڵ و پڕ دەنگ، هانی (ئەلکیسیس کاریل)ی دا کە بڵێت: "ئێمە قوربانیی دەستی ئەو پێشکەوتنەیین کە زیاتر لە بواری ماددیدا بەدەستمان هێناوە لەسەر حیسابی دواکەوتنمان لە بواری زانستەکانی ژیاندا. (بڕۆم و سیلیزینک)یش دەڵێن: "پێویستە ئێمە ئەو ئامێرانە بەرهەم بهێنین کە مرۆڤ بەڕێوەیان دەبات، نەک ئەو ئامێرانەی کە مرۆڤ بەڕێوەدەبەن و کۆنتڕۆڵی ژیانیش دەکەن".