پەڕەی فەیسبووکی ماڵپەڕی ژیانت
Facebook.com/ZhingaParezan

پیسبوونی ژینگە Environment Pollution

ئەو پێناسە سادەیەی کە بە مێشکی هەریەکێک لە ئێمەی مرۆڤدا دێت کە دەلێن: "شتێک خاوێن نییە"، ئەوەیە کە دەبێتە هۆی زیانگەیاندن و دروستکردنی کێشەی تەندروستی بۆ مرۆڤ و گیانداران و هەموو جیهان، بەڵام ئەگەر سەیری چەمکی پیسبوون بکەین بەشێوەیەکی زانستییانەتر و ووردتر ئەوا پیسبوونی ژینگە چەندین پێناسەی جۆراوجۆری هەیە کە لە سەردەمی ئێستادا زۆربەیان ناسراون لەوانە پیسبوونی ژینگە:
* بریتییە لە هەموو گۆڕانکارییەکی فیزیایی و بایۆلۆجی و کیمیایی، کە سروشتی ئاو و هەوا و خاک بگۆڕێت و ببێتە هۆی زیانگەیاندن بە مرۆڤ و بونەوەرەکانی تر.
* گۆڕانی چۆنایەتی و چەندایەتییە لە پێکهاتەی ژینگەدا بە زیندوو و نازیندووەوە کە سیستمی ژینگە ناتوانێ‌ زاڵ بێت بە سەریاندا و شیان بکاتەوە.
* زیادبوونی هەر تەنێکی زیادە بە هۆی پێشکەوتنی پیشەسازییەوە بۆ سروشت کە گۆڕنکاری لە پێکهاتەی سروشتدا بکات.
* هەر گۆڕانکاریەکە لە ژینگەدا ببێتە هۆی زیان پێگەیاندی راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆی بوونەوەران.
* زیادبوون یان کەمبوونی هەریەک لە پێکهاتە سروشتییەکانە کە ببێتە هۆی زیان گەیاندن بە زیندەوەران و چواردەوریان و گۆڕانکاری لە سروشت و کاری رۆژانە بکات.
* پیس بوونی ژینگە بریتییە لە ڕوودانی گۆڕانکاری لە ژینگەی گیانداران بەهۆی سروشت و چالاکی ڕۆژانەی مرۆڤەوە کەدەبێتە هۆی دەرکەوتنی چەند مادەیەک کە ناگونجێ لەگەڵ ئەو شوێنەی کە گیاندارەکەی تێدا دەژی و لاسەنگی دەکات.

مانای پیسبوون :

بە پێی یاسای نێودەوڵەتی نەتەوە یەکگرتوەکانی ساڵی 1972 کە پێناسەی پیسبوونی ژینگە دەکات بەوەی کە بریتییە لەو چالاکییەی مرۆڤ کە دەبێتە هۆی پێویستی زیادبوونی وزەی نوێی بۆ ژینگە، ئەم زیادبوونی وزەیەش ژیانی مرۆڤ و تەندروستی و خۆشگوزەرانی و سەرچاوەکانی سروشت توشی مەترسی دەکاتەوە جا ئەگەر بە شێوەیەکی راستەوخۆ یا ناڕاستەوخۆ بێت.

جۆرەکانی پیسبوونی ژینگە

- پیسبوونی هەوا
- پیسبوونی ئاو
- پیسبوونی خاک
- پیسبوون بە گەرمی
- پیسبوون بە تیشک
- پیسبوون بە کانزاکان
- پیسبوون بە نەوت
- پیسبوون بە ماددەی کیمیایی
- پیسبوونی بینبن
- بیسبوونی دەنگ
- ژەهراویبوونی خۆراک
- پیسبوونی ڕووناکی

سەرچاوەکانی پیسبوون:

یەکەم/ پیسبوونی سروشتی: بریتییە لەو گۆڕانکارییەی کە لە سروشتی ژینگەدا ڕوو دەدات بەهۆی چەند هۆکارێک وەک (باران، سووتان، بورکان، لافاو، بومەلەرزە، تۆزوخۆڵ و...).
ئەو گۆڕانکارییە سروشتییانە دەبنە هۆی دروستبوونی چەند کێشەیەک لەوانە:
١- دەرکەوتنی ڕێژەیەکی زۆر گەردە زیانبەخشەکان لە هەوادا، وەکو وردیلەکانی تۆز وخۆڵ، دەنکە هەڵاڵە، ستووی سوتاوی لە ئەنجامی سوتانی دارستانەکان و تەقینەوە بورکانیەکان.
٢- ماددە هەڵواسراوەکانی ناو ئاو، وردیلەی تۆز و خۆڵ و چەندین هۆکاری تر کە زیان بە سەرچاوەی ماسی دەگەیەنێت.
٣- گۆرانکارییەکان لە ئاوی سازگاردا و گۆڕینیان بۆ ئاوی سوێر.
٤- ڕاماڵینی چینی سەرەوەی زەوی.
٥- دروستبوونی چەندین گازی ژەهراوی بەهۆی تەقینەوەی بورکانەکان وەکو گازی میسان بە هۆی کانە کانزاییەکانەوە.
٦- دەرکەوتنی هایدرۆکاربۆنەکان (نەوت) لەگەڵ ماددە خاوەکان لە ئەنجامی زەمین لەرزە.
٧- سوتانی دارستانەکان بەهۆی هەورەبروسکەوە.

دووەم/ پیسبوونی ناسروشتیی: بریتییە لە هەر گۆڕانکارییەک لە ژینگەدا کە لە ئەنجامی چالاکییەکانی مرۆڤەوە ڕوو دەدات بەهۆی (کشتوکاڵ، دروستکردنی بینا، پیشەسازی زۆری تر وەکو
١- پاشەڕۆکانی ئاو
٢- قڕکەرەکان لە کشتوکاڵدا
٣- پێویستی وزە وەکو لە گواستنەوە و بەرهەمهێناندا
٤- پاککەرەوەکان وەکو (توێنەرەوەکان، ترشەکان، لاستیک، پلاستیک، کانزا قورسەکان) کە ئەمانە شی نابنەوە تەنها مەگەر بە کرداری دووبارە گەڕانەوە نەبێت.
٥- پاشەڕۆ پیشەسازییەکان
٦- پاشەڕۆی بیناسازی
٧- پاشەڕۆی ماڵان

پیسکەرەکانی ژینگە:

پیسکەرەکان: بریتییە لە پێکهاتە کیمیایی و فیزیایی و بایۆلۆجییەکان کە کاریگەری خراپیان هەیە لەسەر ژینگە بە هۆی گۆڕانکاری لە گەشەی جۆرەکان و لێکدانەوەی لەگەڵ زنجیرەی خۆراک و تەندروستی بە شێوەیەکی گشتی پیسکەرەکان ئەمانەن:
١- ماددە بڵاوبووەوەکان: هیس، دووکەڵ، تۆزوخۆڵ و...
٢- گازەکان
٣- پێکهاتە کیمیاییەکان: ئەڵدیهاید، ئاسنیک، پاککەرەوەکان و...
٤- کانزا ژەهراوییەکان: قورقۆشم، کادمیۆم، زینگ
٥- قڕکەرە کشتوکاڵییەکان: مێروو کوژ، گیا کوژ و...
٦- پەیینەکان: یۆریا، ئەمۆنیۆم، سەلفەین، ئەمۆنیۆم فۆسفەیت و...
٧- ماددە تیشکاوەرەکان : یۆرانیۆم و...
٨- دەنگەدەنگ (ژاوەژاو)
٩- گەرمی
١٠- ئاوی زێرب (ئاوەڕۆکان)

ئاستەکانی پیسبوون

١- پیسبوونی نامەترسیدار: ئەوە بڵاوە لەسەر گۆی زەوی وە هیچ جێگایەک نییە لەسەر گۆی زەوی کە بەدەربێت لەم جۆرە پیسیە، و مرۆڤ توانیتی بەرگری لەگەڵ ئەم جۆرەیان بکات بەبێ ئەوەی زیانێکی پێبگات، وە کاریگەری نییە لەسەر هاوسەنگی ژینگە.
٢- پیسبوونی ترسناک: ئەم جۆرەیان کاریگەری خراپ بەجێدێلێ لەسەر مرۆڤ وژینگە.
٣- پیسبوونی لەناوبەر: ئەم جۆرەیان دەبێتە هۆی لەناوبردنی مرۆڤ و هەموو زیندەوەرێکی تر و تێکدانی ژینگە و تێکچوونی هاوسەنگی ژینگە بەهەموو هۆکارەکانیەوە، وە بەبێ بوونی یەک دەرفەت بۆ مرۆڤ تەنانەت بیرکردنەوەش بۆ چارەسەرکردنی هۆکارەکە و بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای جیاجیا و لابەرەی داهاتوو.