پەڕەی فەیسبووکی ماڵپەڕی ژیانت
Facebook.com/ZhingaParezan

پیسبوونی بینبن

بریتییە لە دیاردەیەکی هاوچەرخی پیسبوون کە مرۆڤ زۆر بە ئاسانی هەستی پێ دەکات و ناتوانێت خۆی لێ بپارێزێت، ئەم جۆرەی پیسبوونەش وەک سەرجەم جۆرەکانی تری پیسبوون چەندین سەرچاوەی هەیە گرنگترینیان زیادبوونی دانیشتوان و بوونی ناوچە پیشەسازییەکان و کەمی ڕووبەری سەوزایی و کارەساتە سروشتییەکان و کەمی هۆشیاری هاوڵاتیان و کەمی خزمتگوزاری و ماستەر پلان، ئەم دیاردەیە دیاردەیەکی جیهانییە و لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر دەگۆڕێت کەم تا زۆر لە زۆربەی وڵاتاندا گرنگی پێدراوە و بودجەی تایبەتی بۆ دابین کراوە، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرسوڕمانە ئەم جۆرە پیسبوونە لە کوردستاندا گرنگی پێنەدراوە و یان باسی لێوە نەکراوە یاخود زۆر زۆر بە کەمی باسی لێوە کراوە، بە کورتی ئەم جۆرە پیسبوونە خۆی لە ناڕێکوپێکی شار دەبینێتەوە لە ناڕێکی بینا و نەبوونی شوێنی تایبەت بە وەستانی ئوتومبێل و ناڕێکی بازاڕ و فرۆشگەکان و زۆری تریش.

گاریگەری

پیسبوونی بینین زۆر بە ئاسانی درکی پێدەکرێت لەبەر ئەوەی مرۆڤ بە ئاسانی دەیانبینێت و زۆر ئەستەمە مرۆڤ خۆی لێ بپارێزێت ئەمە لەگەڵ ئەوەشدا کاریگەرییەکی زۆریشی هەیە لەسەر تێکدانی باری دەروونی مرۆڤ چونکە مرۆڤ بە بینینی دیمەنی ناهەموار و قێزەون و ناجۆر وەکو داڕوخاو و ڕەنگە نەویستراوەکان و شوێنە پیسەکان هەست بە بێزاری و ناهاوسەنگی دەروونی دەکات، هەروەها دەبێتە هۆی بارگرژی دەروونی و ڕەنگە مرۆڤ بۆ دەربازبوون لەو شوێنانە بەجێی بهێڵێت، بەمەش کۆچکردن بە دوای خۆیدا دەهێنێت بە تایبەتی لە چینی گەنجاندا بەمەش گەنج لەو ناوچانەدا کەم دەبێتەوە.

چارەسەر

چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە لە ڕێگەی حکومەت و هاوڵاتیان و سیستەمی بەڕێوەبردنی وڵات و باری ئابووری و ئاوەدانکردنەوە و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری و بەدواداچوونی بەردەوام لەسەر پلان و دیزاینی باڵەخانەکان، بۆ کەمکردنەوەی ئەم جۆرە پیسبوونە پێویستە گرنگی بە خاوێنی و جۆری ڕەنگ و ئەندازەی پڕۆژەکان و پلانەکانی حکومەت و کۆمپانیاکان بدرێت، هەورەها کار لەسەر ڕۆشنبیرکردنی هاوڵاتیان بکرێت لە مەڕ سایکۆلۆژیای ژینگە و گرنگیدان بە جوانناسی شار و شەقام و خانوو باڵەخانەکان بە شێوەیەک بێت کاتێک مرۆڤ چاویان پێ ئەکەوێت دڵیان بکرێتەوە نەوەک بە پێچەوانەوە دیمەنێکی ناشرین بێت و ببێتە هۆی دڵتوندکردن و تێکدانی باری دەروونی مرۆڤ.